تەڤگەری ئازادیی لەگەڵ هاوشارییەکانی هەڵەبجەدا یادی کیمیابارانی شارەکەیان کردەوە
بە بۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەوە شاندێکی تەڤگەری ئازادیی، لەگەڵ خەڵکی شارەکەدا بەشداری یادەکەیان کرد و چونە سەر مەزاری شەهیدانی شارەکە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢٣/٣/١٦ لە ٣٥ هەمین ساڵیادی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە دا، شاندیکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە سەرۆکایەتی تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەر بەشداریان لەویادەدا کرد و لەگەڵ خەڵکی شارەکە و کەسوکاری شەهیدان سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدان و مەزاری شەهیدانیانی شارەکەیان کرد.
تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەر ئازادیی سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان کرد و رایگەیاند، ئێمە کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە کە یەک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە، جارێکیتر شەرمەزار دەکەین و ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژییەکەدا ژیانیان لەدەستداوە بە ڕێز و پێزانینەوە بەبیردەهنینەوە، ئەوانەی لە کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا ژیانیان لەدەستداوە شەهیدانی کوردستان و گەلی کوردن.
هەروەها شاندەکەی تەڤگەری ئازادیی هیوای خواست، خزمەتی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و شارەکە بکرێت و چیتر خەڵکی ئەو شارە لەوە زیاتر لە دۆخێکی سەختدا نەژین.