مرۆڤ بونێکی بەڕێکەوتە؟

134
0
هاوبەشی :

نوسینی: عادل عوسمان

بونی مرۆڤ لە کایەی سوڕی گەردونی ژیاندا بونێکی لەخۆوە و دڵخواز نیە تا ھەر کەس، ھێز و لایەنێک بە دڵی خۆی بە دەستیەوە بگرێت و بەکاری بێنێت. ئەو بونە مانای گەردونی ھەیە. یەکێک لە بونەکانە لە سوڕی ژیاندا و بەشی ھۆشمەندی ئەو بونەیە. خودی گەردون بونێکی گشتی ھۆشمەندی ڕێکخراوی دور لە ئیرادەی بەکارھێنان و سیستەماتیکە. کە ناتوانرێت بە ئاسانی تێی بگەیت و دەستی تێوەردەیت. دەستێوەردان لە گەردون ھێشتا لە ئاستی توانای مرۆڤدا نیە. ھۆشمەندی گەردونی فراوانترە لە ھۆشمەندی مرۆڤ. مرۆڤ ھەمیشە کاری بۆ ئەوە کردوە کە لە ھۆشمەندی گەردون ھەم فێربێت، ھەم تێبگات. بۆیە بەردەوامی ژیان ئەزمونی ھۆشمەندی مرۆڤی زیاتر و کەڵەکە تر کرد. لای مرۆڤ جۆرێک لە ھۆشمەندی پەرەی سەند، کە بوە ھۆشمەندیەکی ھوشیارانە بۆ بەکارھێنانی سروشت و دەوروبەر. ئەگەر لە کۆندا سوڕی پێکەوەبونی کۆمەڵگە – سروشت – گەردون لە پێدان و وەرگرتن، دانەوە و خزمەتدا بەڕێوەچوە. ئەوا لە ھۆشمەندی ھوشیارانەدا دەستێوەردانێک جێگەی باسە کە لایەنی خراپی ھەیە و لە بەردەوامی ئەو ھۆشمەندیەدا لایەنی نەرێنی ئەو ھۆشمەندیە زیاتر دەبێت.
گەشەی لایەنی نەرێنی ئەم ھۆشمەندیە دەبێتە کاولکاری و لادانی شتەکان لە ڕێڕەوی ئاسایی و سروشتی خۆی. بۆیە مرۆڤ بوە ھۆکاری گەشەکردنی ھۆشمەندیەک کە زیانی زۆرتر بوو لە سودی. دیارە بەھۆی بیرکردنەوەی نەرێنی ھەرشت بۆ خۆم! ئەم ھۆشمەندیە ناو پێکھاتەی مرۆڤەکانیشی گۆڕی بۆ دروستبوونی چینەکان. لێرەوە بنەما خراپکاریەکانی ئەو ھۆشمەندیە نەرێنیە دەرکەوتە مەیدان و لەگەڵ ھۆشمەندی سروشتی و گەشەی ئەزمونی مرۆڤی ژیردا کەوتە کێبڕکێ و بەرامبەرکێ. کاتێک ئەم تێکچون و گەشەی ھوشیاری ھۆشمەندی نەرێنی گەشەی کرد و بەرژەوەندی تایبەت لەسەر ئاستی کەڵەکەی پێداویستیەکانی ژیان دروستبوو، بەرھەمی زیاد کەوتە ناوانەوە. دەستبەسەرداگرتنی ئەم بەرھەمە زیادە بوە جێگەی بیرکردنەوەی ھوشیاری نەرێنی. بۆیە تەڵەکە، فێڵ، دزی و دەستبەسەردا گرتن کەوتە ناو شێوازی بیرکردنەوە و لە ھۆشمەندی گشتی لایدا. ئیتر ئەم بیرکردنەوەیە پەیوەندی بە ھۆشمەندی و ھۆشمەندی گشتیەوە نەما. بوە ھێزی بیرکردنەوەی بەفرت و فێڵی دەستبەسەردا گرتن، قازانج و دابڕان لە ھۆشمەندی گشتی و خستنە خزمەتی ئەم ھوشیاریە پاوانخوازەوە.
بۆ ئەوە دەبوایەت دامودەزگای بیرکردنەوە ئاوا بکرێت. ھەوڵ و ترسی مرۆڤ لە تێگەیشتن لە دەوروبەری کۆمەڵێک بەرەوپێشچون و دەزگای دروستکردبوو. یۆتۆپیاکان، بیروڕا ئایینیەکان، فەلسەفە و زانست لەم سەردەمەدا ھەوڵەکانی مرۆڤن بۆ گەشەی ھۆشمەندی و تێگەیشتن لە دەوروبەر و گەردون. بەڵام بەھۆی دەستێوەردانە نەرێنیە چینایەتیەکەی مرۆڤە قازانجپەرستەکانەوە، ھەرشت ھەڵگەڕایەوە بۆ ئاستی لە خزمەتدابوونی چینی باڵای مرۆڤ. بەوە لێدانێک لە ھۆشمەندی گشتی دراو سەروەری مرۆڤ بەسەر ھۆشمەندی گەردونی، سروشتی و کۆمەڵایەتیدا زاڵ کراو. پەیوەندی ڕۆتینی و سروشتی ھۆشمەندی گەردونی پارچە کراو، ھەر پارچەیەکی بە زانستێک سپێردرا. ئەو لێدان و پارچە کردنە بوە ھۆی ڕاگرتن و بەلاڕێدابردنی ھۆشمەندی گشتی و دابەشکردنی. بەوە کۆمەڵگە نەک پێشنەکەوت بەڵکو بۆ پاش گەڕێنرایەوە و لە ھۆشمەندی گەردونی دابڕێنرا. ئەم دابڕانە خراپترین لێدان بوو.
بەرھەمی ئەم لێدانە لە کۆمەڵگەشدا، پارچەبوون، دابڕان و چینایەتی دروستکرد. چینی باڵادەست، ھەمیشە لە گۆڕەپاندابوو. تا شەڕی کۆمەڵگە و چینەکان و ھۆشمەندی گەردونی بکات. کەمنین، ئەو مرۆڤانەی کە بەھۆی بیرکردنەوەی ئازادەوە کوژراو و پاکتاوکراون. کەمنین ئەو ژنانەی لەسەر ناوی جادوگەر لێیاندراوە و لەناو براون. مێژوی کۆن پڕە لەو شەڕە ڕەگەزی و چینایەتیانەی کە بۆ دەستبەسەرداگرتن و لێدانی ھۆشمەندی گەردونی کراون. بۆیە ئەگەر بمانەوێت لە مرۆڤ تێبگەین. دەبێت بیخەینەوە سەر جێگەی بنچینەیی خۆی، کە بونێکە وەک ھەرھەبونێکی تر و لەسوڕی گەردونی ژیاندا وەک ئەوانی تر بێت. لەدەرەوەی تێگەیشتنێکی وەک ئەو پێگە گەردونیە. لایەنی نەرێنی و تێکدەرانەی مرۆڤ پێش دەکەوێت. بۆیە بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە، سروشت و ئیکۆلۆژیا پێویستە لایەنە نەرێنیەکەی ھوشیاری دەستێوەردەر (ئانالیتیک) وەرچەرخێنینە سەر ھۆشمەندی گەردونی و مرۆڤیش بگێڕینەوە بۆ ھوشیاریە ئاگامەندەکەی ناو کایەی گەردونی خزمەتگوزار. بەو شێوە دەتوانین مرۆڤ بکەینە مرۆڤێکی سودمەند بۆ دەوروبەر، ژینگە و بەشێک لە ھۆشمەندی گەردونی و لایەنی نەرێنی و خراپکاری مرۆڤ پاک بکەینەوە.
گەردوون بۆخۆی زیندوو ھوشیارە. مرۆڤی بێ ئەقڵ واتێدەگات کە گەردون، سروشت و زیندەوەرانی تر بێ ئاگان و مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی دەستتێوەردانەوە وەریچەرخێنێتە سەر سەرمایە و لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتن و بەبازاڕ کردنەوە بیکاتە سەرمایە و دەسکەوت و لەشێوەی پارە و کەڵەکەی سەرمایەوە ھێزی خۆی بەسەر سروشت – کۆمەڵگەدا بسەپێنێت. ھێشتا کۆمەڵگە ھێزو وزەی بەرەنگاربونەوەی ئەو مرۆڤە باڵادەستە بێ ئەقڵەی ھەیە و دەتوانێت بەرەنگاری بکات. بەڵام تواناکانی لە دوا قۆناغی شەڕێکدایە کە شپرزەی کردوە و ھێزی مرۆڤی چینایەتی باڵادەستی بە ئاستی دڕندەیی و دوا قۆناغی شەڕێک بردوە، کە جگە لە وێرانە ھیچی تری لێ بەرھەم نایەت.
کێشەکانی ناو کۆمەڵگەی مرۆڤی گەردونی ئازاد لە ئاستێکدایە کە بێ سەر، بێ ھۆشمەندی و بێ کارێکی ھوشیارانە کراوەتەوە. ئەم ھۆشمەندیە گەردونیە – سروشتیەی مرۆڤ کە بەشێکە لە کۆمەڵگەبوونی مرۆڤ دوچاری قەیران، پاکتاو و لەناوبردن کراوەتەوە. زانستیش لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا فشارێکی گەورە بەقازانجی مرۆڤی چینایەتی و بێ ئەقڵدا لەسەر ئەم ھوشیاریە دەکات. لە ناو ئەم جەنگەڵی شەڕ و وێرانکاری و دەستێوەردانەدا. مرۆڤی ھوشیاری کۆمەڵایەتی گەردونی، ھەنگاوێکی گرنگی ڕەخنەگرانەی بۆ ئەو دەستێوەردانە وێرانگەرە ھاویشتوە.
کوردستان، زاگرۆس کە لانکەی شارستانیەتی بەکۆمەڵگەبوون و دایک بوە و لە کۆمینە پێکەوەیی و ھەرەوەزیەکاندا خۆی بەڕێخستوە و ھەمیشە بنەما ھۆشمەندیەکانی لە بەڕێوەبردن و ھاوسەنگی ژیاندا بەیانگەر کردوە و پێشەنگی شارستانیەتی سروشتی بوە. بەڵام ئەمڕۆ بەھۆی ھێرشی سەرمایە و سیستەمی چینایەتیەوە تەنگاو وشپرزەکراوە. بۆ جارێکی تر ھەستانەوەی ھۆشمەندانەی سەر ڕێخستوە و ئاگامەندانە دەیەوێت مرۆڤ، دەوروبەر لە سوڕی ژیانی گەردونیدا پێناسە بکاتەوە و دابڕێژێتەوە و ھوشیارانە تیئۆریزەی ئەو ھەستانەوەیەی کردوە و پێشەنگی سەرلەنوێی بەشی ھۆشمەندی گەردونی لە ئەستۆ گرتوە.
بۆیە ئەو فشار و زۆرەی لەسەر ئەم دەڤەر و ناوچەیە ھەیە ھۆکارەکەی بونی بەسەرچاوەی ژیاری سروشتی و ژیری گەردونی و سەرلەنوێ ئاواکردنەوەی ئەو ژیریەیە لەناو ھۆشمەندی گەردونیدا. بۆیە مرۆڤی خستوەتەوە سەر جێگەی خۆی و بونەکەی کردوەتەوە خزمەتکارە ھوشیارانەکەی گەشەی کۆمەڵایەتی – سروشتی – گەردونی و بۆ ئەو تێکۆشانەش لە گۆڕەپاندا دەجەنگێت و پەرەپێدەدات. گەشەکەی لە ئاستێکدایە کە مرۆڤایەتی ئازادی بەخۆدا ھێناوە و گشتی کۆمەڵگەشی بەرەو ئەو ئاسۆیە بانگەواز و ڕاسپاردوە. مرۆڤی ئازاد بەرھەمی تێگەیشتنی ھۆشمەندی گەردونیە. بەو مرۆڤەش کۆمەڵگە، سروشت و گەردون لە ھێرشی ھۆڤانە و دڕندانەی مرۆڤی گەمژەی قازانجپەرست دەپارێزرێت.

هاوبەشی :