کێ لەپشت ژەهراوی كردنی كچانەوەیە؟
ماوەی هەفتەیەكە، ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار لەخوێندنگاكانی رژێمی داگیركەری ئێران بووەتە رۆژەڤی سەرەكی و رای گشتی نێوخۆیی و دەرەوە و گومان و پێشبینیەكانیش لەسەر ئەوە چڕبووەتەوە كە كێ و بۆچی ئەو كچ و ژنانە، ژەهراوی دەكرێن
رایەداران و دەسەڵاتداران و دام و دەزگا پەیوەندیدارەكانی رژێم لەو بارەیەوە خۆیان لەئاست ئاشكرا كردنی راستیەكان دەشارنەوە و هاوشێوەی سێ مەیموونە”كەڕ و لاڵ و كوێر”ەكە بێدەنگیان لەسەر ژەهرخواردكردنی ژنان و كچانی خوێندكار هەڵبژاردوە ولەئێستادا سەرقاڵی داڕشتنی سیناریۆیەكن بۆ ئەوەی رووی راستی رووداوی ژەهراوی كردنی كچان لەرای گشتی نێوخۆ و دەرەوە بشارنەوە. هەر ئەمڕۆش بەشێوەیەكی نابەرپرسیارانە لەهەندێ لەتۆڕە مەجازیەكان و راگەیاندنە بێ سەروپێیەكانی خۆیانەوە، بانگەشەی ئەوەیان بڵاوكردۆتەوە كە گوایە گروپێك بەناوی”هەزارەگەرا”كان كە دژی خوێندنی ژنانن دەستیان لەو بابەتەدا هەیە.