هۆزات: کارەساتی سەدە خودی دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەیە- ١

271
0
هاوبەشی :

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەسێ هۆزات ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەستەواژەی ‘کارەساتی سەدە’ی دەسەڵات لە تورکیا دەربڕی و وتی، “ئەگەر باس لە کارەساتی سەدە بکرێت، ئەو کاتە دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە خۆی کارەساتی سەدەیە”.

بەسێ هۆزات بەشداری لە ‘بەرنامەی تایبەت’ی کەناڵی مێدیا خەبەر کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و سیاسەتی دەسەڵات کرد

هۆزات باسی لەوەکرد کە ئەو باجەی بۆ بومەلەرزە بۆ چەندین ساڵ کۆکرایەوە لە شەڕی پاکتاوکردن لە دژی کوردان، لە جینۆسایدی کۆمەڵایەتی لە تورکیا، شەڕ بەرامبەر ژینگە، لە رانت، تۆڕی مافیا و چەتەکانی ئاکەپە و ئەردۆغان خەرج کران و وتی، “گەل بە شێوەیەکی گەورە لێپێچینەوەی ئەوەدەکات. ئەوە بەسەریانەوە ناچێت”.

بەسێ هۆزات هۆشداری دا کە دەوڵەت، رژێمی ئاکەپە-مەهەپە پلانی ئەوەیان هەیە کە ئەو ناوچەیە لە کورد و لە عەلەوی چۆڵ بکات، بەم جۆرە پلانێکی جینۆسایدی هەیە و وتی، “بۆ پوچەلکردنەوەی ئەوەش بە دڵنیاییەوە نابێت گەل دەستبەرداری خاکی خۆیان ببن و نابێت خاک، زێد و موڵکوماڵی خۆیان بە دەوڵەت بفرۆشن. ئەگەر ئەو پشتیوانی و هاوکارییە بەردەوام بێت دەتوانین کە گوندەکان، شارۆچکەکانمان بە بەهێزی ئاوەدان بکەینەوە. بە پشتیوانی، بە گیانێکی هاوبەش، بە ورەیەکی هاوبەش و بە پشتگیری مادی دەتوانین ئەو شوێنانە بکەینەوە بە ناوچەی ژیان”.

هۆزات گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بومەلەرزە و رووداوەکانی دوای بومەلەرزە و پرسی هەڵبژاردنی بەم جۆرە هەڵسەنگاند:

بەر لە هەموو شتێک بە رێز، خۆشەویستی و تامەزرۆییەوە سڵاو لە رێبەر ئاپۆ دەکەم. بە توڕەییەکی گەورەوە پیلانگێڕان شەرمەزار دەکەم. هەروەها لە مانگی شوباتدا و لە کوردستان، لە ناوەندی بازارجخ و ئەلبیستان بومەلەرزەی گەورە روویدا کە کاریگەری کردەسەر سوریا، تورکیا و شارەکانی تورکیا. گەلانی کوردستان، تورکیا و سوریا بە راستیش ئازارێکی گەورەیان چەشت، ئەوە کاریگەری کردە سەر تەواوی جیهان. داواکارم قوربانیانی بومەلەرزەکە بکەونە بەر بەزەیی و لێبوردەیی خوداوەند و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریدناران دەخوازین. سەری بنەماڵەی قوربانیان، گەلەکەمان و گەلەکانمان ساغ بێت.

هزری رێبەرایەتی کاریگەری بەهێز لە سەر گۆڕەپانی نێونەتەوەیی دادەنێت

٢٥ەمینی ساڵیادی پیلانگێڕی هاوکات بوو لەگەڵ بومەلەرزە گەورەکە. ئەوەش کاریگەری کردە سەر زۆر چالاکی کە لە دژی پیلانگێڕیی پلانیان بۆ دانرابوو. لە تورکیا، لە باکور چالاکییەکی گەورە بەرەو گەملیک ئەنجام دەدرا. بەناچاری هەڵوەشێندرایەوە. هەروەها کاریگەری کردە سەر پلانی چالکییەکان لە ئەوروپا. بەڵام سەرباری ئەوەش بەتایبەتی لە رۆژئاوا، لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا زۆر چالاکی شکۆمەند ئەنجام دران. بە هەمان شێوە نەک هەر لە مانگی شوبات بەڵکوو چەندین مانگە لە باکوریش چالاکی بەرچاوی شەرمەزارکردن بەڕێوەدەچن. لە دژی پیلانگێڕیی کاری ئایدۆلۆژیک، سیاسی، دیپلۆماسی بوونی هەیە. لە کوردستان و دەرەوەی وڵات قۆناغێکی جدی تێکۆشان و چالاکی لەئارادایە، کاری جدی ئەنجام دەدرێت. لەم کاتەدا لە ئەوروپا، لە باشوریش چالاکی شەرمەزارکردنی جدی بەڕێوەچوون. سڵاو لەو چالاکییانەی گەلەکەمان دەکەین، پیرۆزباییان لێدەکەین. بێگۆمان دۆستانیشمان لەم رووەوە زۆر زەحمەتیان کێشا، هەوڵیان خستەگەڕ. بۆ ئەوەی گۆشەگیری بکەوێت رۆژەڤی رای گشتیی نێونەتەوەیی، بۆ ئەوەی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ ببێتە بابەتی سەرەکی نێوونەتەوەیی، دۆستانمان رەنجی زۆریان کێشا، کارێکی گەورەیان کرد. هزری رێبەرایەتی، پاڕادایمی رێبەرایەتی تادێت بڵاودەبێتەوە و کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر جیهان. بە راستیش ژنان لە ئاستێکی بەرزدا خاوەندارییان لێکرد، گەل خاوەنداری لێکرد، رای گشتی دیموکراتیک، رۆشنبیران، نوسەران، هونەرمەندان خاوەندارییان لێکردن.

ژیانی ئازاد بە پاڕادایمی رێبەرایەتی دەستەبەر دەبێت

لەم قۆناغەدا لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا کۆنسێرتی گرنگ ساز کران، هەربۆیە لە بواری هونەریشدا خاوەنداری گەورە بوو. ئێمە ئەوە بە بەرجستەیی دەبینین: هەرکە پارادایمی رێبەرایەتی بە جیهاندا و بە ناو کۆمەڵگادا بڵاوبێتەوە، ئاستی خاوەنداری بەرزتر دەبێتەوە. هەموان ئایندە و ئازادی خۆیان لەو پاڕادایمەدا دەبیننەوە. ژیانی ئازاد، دیموکراتیک، سیستمی ئازاد و یەکسان بەم پاڕادایمە دەستەبەر دەکەن. هەموان لەوە تێگەیشتن. ئیتر هەموان دەیبینن. هەربۆیە گرنگە.

ئەم قۆناغە، ئەو تێکۆشانەی کە لەم ساڵانەدا ئەنجامدرا، تێکۆشان لە دژی پیلانگێری ئەوەی بە بەرجستەی خستەبەرچاو: ئیتر لە سەدەی ٢١، لە سەدەکانی ئێستا و دوایی پاڕادایمی نەتەوەی دیموکراتیک جێبەجێ دەکرێت، پرۆژەی سیستمی کۆنفیدڕاڵی دیموکراتیک دەستەبەر دەبێت. ئەمە لەمڕۆدا لەلایەن زۆر لایەنەوە مشتومڕ و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. وەک جێگرەوەی چارەسەری بنچینەیی بۆ قەیرانی ئێستا، پڕۆژەی سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک، ئازادیپارێزی ژن، دیموکراتیک ئیکۆلۆژیک، پرۆژەی ئەم ژیانە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. وەک چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەکانی مرۆڤایەتی، گەلان، کۆمەڵگاکان، ژنان، ژینگە، وەک پڕۆژەیەکی چارەسەری بنچینەیی وەک ژیانێکی جێگرەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. ئەقڵیەتیش بە گوێرەی ئەوە دروست دەکرێت. پەیجوری دەکرێت. بەرێکخستنبوون پێکدێت. ئەمە زۆر گرنگە، زۆر بەنرخە. لەم ماوەدا بینیمان کە تیمێک لە راگەیاندن چووبوونە کینیا. رێبەرایەتی لە کینیا لەلایەن موساد و سی ئای ئەیەوە گیرا و رادەستی میت کرایەوە لە باڵیۆزخانەی یۆنان لە کینیا. ئێستا لە کینیا لە سەر بنەمای پاڕادایمی رێبەرایەتی لەسەر ئەو هۆشمەندی و فەلسەفەیە، رێکخستنێکی جدیی کۆمەڵایەتی ساز دەکرێت، بزوتنەوەیەک دروست دەبێت. ئەمە لە راگەیاندنەوە بڵاوکرایەوە. بووە بابەتی گەر و ماوەیەکی زۆرە لە رۆژەڤدایە.

سەدەکانی داهاتوو دەبنە سەدەی فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک

ئەوە زیاتر بڵاودەبێتەوە. لە ئەفریقا، ئاسیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەهەموو شوێنێکی جیهان لە لایەن کۆمەڵگاکانەوە وەک پڕۆژەی بنجینەییی چارەسەری، جێگرەوەیەک بۆ ژیان بڵاودەبێتەوە و بە رێکخستنبوونی لەسەر ساز دەکرێت.

لەناخەوە بڕوام بەوە هەیە. سەدەکان لە ئێستا بەدواوە بە راستیش دەبنە سەدەی رووخانی سیستمی نەتەوە دەوڵەتی فاشیست، دامەزراندنی کۆنفیدڕاڵی دیموکراتیک پشتی بە کۆمینی دیموکراتیکی خۆبەڕێوەبەر دەبەستێت، بەرێکخستنبوونی پاڕادایم، ئایدۆلۆژی و فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆ. مرۆڤایەتی بەوەوە درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات. بەشێوەیەکی ئازاد و دیموکراتیک، بە یەکسانییەوە دەژی. من بڕوام بەوە هەیە و بناغەکەی لە ئێستاوە لە هەموو روویەکەوە دامەزراوە.

بێگومان لە لای تورکیاش بۆ چارەسەری قەیرانی هەنووکەیی لە هەموو روویەکەوە، بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان، چارەسەری پرسی کورد، دیموکراتیکبوونی تورکی، دامەزراندنی کۆماری دیموکراتیک، پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆ پرۆژەی بنچینەیی چارەسەرییە. ئەوانەی ئەمڕۆ دەوڵەتی یاسا دەپارێزنبە بێ ئەوەی کۆتایی بە کردەوەی نایاسایی لە ئیمراڵی بهێنن ناتوانن دەوڵەتێکی یاسا، دەوڵەتکی دیموکراتیک دابمەزرێنن. ئەوانەی لە تورکیا داکۆکی لە دادپەروەری دەکەن بە بێ ئەوەی کۆتایی بە نادادپەروەری لە ئیمراڵی بهێنن، بە بێ ئەوەی بەرامبەر بەوە هەڵوێست نیشان بدەن، ناتوانن لە تورکیا سیستمێکی دادپەروەرانە ساز بکەن، ئەوانەی لە تورکیا دیموکراسی، یەکسانی و ئازادی دەپارێزن، بە بێ ئەوەی بەرامبەر بە کردەوەی نایاسایی، نادادپەروەری، بێ ویژدانی و بێ ئەخلاقی لە ئیمراڵی بوەستنەوە، بێ ئەوەی لەبەرامبەر سیاسەتی سەر ئیمراڵی بوەستنەوە، ناتوانن لە تورکیا ژیانێکی دیموکراتیک، ئازاد و یەکسان دابمەزرێنن. ئەوە راستیەکە. هەربۆیە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە بەرامبەر پیلانگێری تێکۆشانێکی زۆر بەهێز ئەنجامدرا. ساڵانی بەر لەوەش و لە ماوەی ٢٤ ساڵدا تێکۆشانی بەرفراوان و بەشکۆ ئەنجامدرابوو. ئەمساڵیش بە هەمان شێوە بەردەوام بوو. ساڵی داهاتوو، ساڵانی داهاتووش بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ ئەو تێکۆشانە گەورەتر دەبێ و لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئێمە ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین. لەسەر ئەو بنەمایە گوڕ بە تێکۆشان دەدەن.

دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کارەساتی سەدەیە

تورکیا و کوردستان ناوچەی بومەلەرزەن. واتە ئەم راستیەکی زانراوە. بەڵام تائێستا بە گوێرەی ئەو راستیە بیناسازی دروست نەکراوە. بە گەوێرەی ئەوە رێوشوێن نەگیراوەتەبەر. شار، گوند بە پێی ئەوە دروست نەکراون. ئەو باجەی لە ساڵی ١٩٩٩ تا ٢٠٢٣ بۆ بوومەلەرزە کۆکراوەتەوە نە بۆ رێوشوێنەکان دژی بومەلەرزە، نە بۆ بیناسازی بە گوێرەی ئەوە خەرج نەکراون. بە دڵنیاییەوە ئەمە بابەتێکی گرنگە.

ئێستا کە بومەلەرزەیکەی گەورە روویداوە، کارەساتێکی گەورە هاتەئاراوە. دەسەڵاتداری فاشیستیش ئەوە دەڵێت. دەڵێت گەورەترین کارەساتی سەدە. راگەیاندنی دەسەڵاتیش ئەمە وەک کارەساتی سەدە نیشان دەدەن. ئایا ئەوەی بووە هۆی ئەم کارەساتی سەدەیە بومەلەرزەیە، یاخود ئەو مێشک و دەسەڵاتدارییە بووە هۆی بومەلەرزە؟ ئەمە بابەتێکی جدی جێگەی مشتومڕە. بە راشکاوی دەڵێین؛ کارەساتی راستەقینەی سەدە خودی رژێمی ئاکەپە-مەهەپەیە، دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەیە. بومەلەرزە کارەساتی سروشتییە. لە زۆر ناوچەی جیهان بومەلەرزەی لەوە بەهێزتر روودەدەن. بۆ نمونە ژاپۆن. بەردەوام باسی دەکرێت. لە ژاپۆن لەسەروو ٩ پلەوە بومەلەرزە روویداوە، بەڵام لە ژاپۆن زیانەکان بەرچاو نین. بیناکان لە ژاپۆن زۆر لە بیناکانی تورکیا بەرزترن. بەڵام زیانی گیانی تیایدا رونادات. لە زۆر شوێنی جیهان دۆخی بەم جۆرە لە ئارادایە. باشە بۆچی لە تورکیا ئەو هەموو وێرانکارییە روودەدات؟ بەسەدان هەزار کەس ژیانیان لەدەست دەدەن. ئازاری زۆر گەورەی ساڵان و دەیان ساڵ روودەدەن. ئەمانە هەموو بە هۆی ئەو دەسەڵاتدارییە فاشیستیەی تورکیاوەیە. ئەوانەی کارەساتی راستەقینە دەخوڵقێنن، خودی ئەوانن. کارەساتی راستەقینە خۆیانن. ئەگەر باسی کارەساتی سەدە بێت ئەو کاتە کارەساتی سەدە دەسيڵاتداری فاشیستی ئاکەپە- مەهەپەیە، رژێمی فاشیستە. ئەمە راستیەکە.

مرۆڤەکان وەک کۆمەڵێکی نەزان دەبینن

ئەردۆغان دەڵێت، ‘ئەمە قەدەر و چارەنوسە، دەبێت مرۆڤ وەک پلانێکی چارەنوس بیبینێت، هەڵیبسەنگێنێت’. رووداوی کانەبەردەکان روودەدەن، دەڵێ بەشێکە لەقەدەر و چارەنوس، بە سەدان هەزار مرۆڤ ژیانیان لەدەستداوە، دەڵێت قەدەرە. لافاو هەڵدەستێت، زۆر شوێن لە ژێر ئاودا دەمێننەوە، بە هەزاران مرۆڤ ژیانیان لەدەست دەدەن، بە دەیان هەزار بینا دەڕوخێن، دەڵێن ئەمە پلانی قەدەر و چارەنوسە. واتە مرۆڤەکان وەک کۆمەڵگایەکی نەزان دادەنێن، دەڵێت ‘چی بڵێم بڕوام پێدەکەن، بە ئاسانی دەیانخەڵەتێنم’. دەڵێن ‘ئەگەر کارەساتی گەورەی بەم جۆرە کە بەهۆی سیاسەتی بەڕێوەبەری و دەسەڵاتدارییەوە روودەدەن وەک چارەنوس و قەدەری خوداوەند نیشان بدەین، هەموو کەس باوەڕی پێدەکات؛ لەبەر ئەوەی ئەو مرۆڤانە نەزانن. لەهیج شتێک تێناگەن، بێ ئەقڵن، بەم جۆرە دەتوانم هەموو کەس قایل بکەم و بڕوای پێبهێنم’. مرۆڤەکان بە گەمژە و نەزان دادەنێن. بەڵام ئیتر ئەو سەردەمە تەواو بوو. تائێستا زۆرجار بەو شێوەیە مامەڵەیان کردووە. تائاستێکیش گەیشتوونەتە ئەنجام. ئەمەراستیەکە. زۆرکەسیان بەوە قایل کرد. ئەوانەشی بڕوایان نەکرد بە نەتەوەپەرستی، ئایینپەرستی و نەژادپەرستی بەدەوری خۆیانەوە کۆیانکردنەوە، رێگەیان بۆ ئۆپۆزسیۆن دیاریکرد. تائێستا بەم جۆرە هێناویانە. بەڵام ئیتر ئەو سەردەمە تێپەڕی. ئیتر ئەردۆغانی دیکتاتۆری فاشیست  بە وتنی پلانی قەدەر ناتوانێت کۆمەڵگا هەڵخەڵەتێنێت. بە پێچەوانەوە دۆخێکی جیاواز هاتووەتە ئاراوە. ئیتر کۆمەڵگا پلانی چارەنوسی ئەردۆغان یەکلا دەکاتەوە. دۆخەکە بەم جۆرەیە.

 

 

هاوبەشی :