پارتی لە دەروازەی فیشخابور ڕێگری دەكات لە تێپەڕ بوونی هاوكاریەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان
بەڕێوەبەرایەتی دەروازی فیشخابور ڕێگەنادات ئەو هاوكارییانەی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ زیالێكەوتووانی بومەلەرزەكە كۆكراوەتەوە دەربازی ڕۆژئاوای كوردستان ببێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، چەند بوومەلەرزەیەك، كە بەهێزترینیان ٧.٨ پلەی بە پێوەری ڕێختەر بوو، بەشێك لە ناوچەكانی باكووری كوردستان، توركیا، ڕۆژئاوای كوردستان و سووریایان هەژاند و لەئێستادا ژمارەی قوربانییەکان لە باکوری کوردستان و تورکیا بەردەوام لە هەڵشکاندایە لە دوای بومەلەرزەكەوە حەوت هەزار و ٩٣٠ پاشلەرزە ڕوویداوە. بۆ ئەو مەبەستە لە هەرێمی كوردستانەوە چەندین كەمپەین بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ زیان لێكەوتووان ڕاگەیەندرا.
مانگی سوری كوردی لە بلاوکراوەیەکیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە: بەداخەوە بێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانین، ئاستەنگی زۆر گەورەمان بۆ دروستكراوه، بۆ نمونه ڕۆژی ٢١ی مانگ کاروانی هاوكارییه مرۆییەکانی باشوری كوردستان له فیشخابورەوە ڕێگهی هاتنه ناوهوهیان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان پێنهدرا.
باس لەوەشکروە: دەبێت بەزوترین کات كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی لهو ڕێگریانه ئاگاداربكرێنهوه و ههڵوێستیان ههبێت، ئێمە وەک مانگی سوری کورد ئەمجۆرە بڕیارانە قبوڵناکەین و بەهەمانشێوەش بەبێ مانای دەزانین.
مانگی سووری کورد دەشڵێن، سروشتیترین مافی ئێمەیە، کە هاوکاریی ئەو کۆمەڵگەیە بکەین، کە متمانەی خۆیان بەئێمە داوە، بۆیە با هیوامان ئەوەبێت ئەم لایەنانەی بەربەست دروستدەکەن، بەمزوانە دهروازهكانمان بۆ بكهنهوه و ڕێگریی لههاوكاریه مرۆییەکان نهكهن.