شیرین عیبادی: گیان لە دەستدانی ژینا ئەمینی لەکاتی دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە، پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەی نەگەڕاوەی لێکەوتەوە کە دەبێتە هۆی ڕووخانی ڕژێم
چالاکوانێکی مافی مرۆڤ لە ئێران شیرین عیبادی کە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە لە ساڵی ٢٠٠٣ ئاماژەی بەوەداوە: گیان لە دەستدانی ژینا ئەمینی لەکاتی دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە، پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەی نەگەڕاوەی لێکەوتەوە کە دەبێتە هۆی ڕووخانی ڕژێم.
ئەو چالاکوانە ڕاشیگەیاند: پڕۆسەی شۆڕش وەک شەمەندەفەرێک وایە تا دەگاتە شوێنی کۆتایی خۆی ناوستێت.
عیبادیی ژنە چالاکوانی ئێرانی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بەکارهێنانی توندوتیژی و کوشتار لەلایەن دەوڵەتەوە تووڕەیی ئێرانییە ئاساییەکان لە دژی کەسایەتیە ئاینییەکان قووڵتر دەکاتەوە، چونکە داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراوە.
باسی لەوەشکردووە: ناڕەزایەتییەکان شێوەی جیاوازیان وەرگرت، بەڵام کۆتایی نەهات، پێویستە وڵاتان هەنگاوی کردەیی وەک کشانەوەی باڵیۆزەکانیان لە تاران و کەمکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانیان لەگەڵ ئێراندا بنێن، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیدارەی ئێستا بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیشەوە دووربکەونەوە.