ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پەردە لەسەر خراپی دۆخی دانیشتوانی گەڕەكی شێخ مەقسودی حەلەب هەڵدەدات و داوا لە سوریا دەکات، گەمارۆی سەر ئەو گەڕەكە هەڵبگرێت.
لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە، ڕژێمی سوریا گەمارۆی خستووەتە سەر گەڕەکی شێخ مەقسودی حەلەب و ڕێگە بە چوونی سوتەمەنی و پێویستی نادرێت بۆ ئەو ناوچەیە و بەوهۆیەوە، سەرەتای ئەم مانگە، منداڵێک بە ناوی ویسام سیدۆ لە گوندی قرتاب لە ناوچەی شەرای داگیرکراوی کانتۆنی عەفرین گیانی لەدەستدا.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو پرسە هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، بەھۆی ئەو ئابڵوقەیەوە، پێداویستییە پزیشکییەکان بەرەو لەناوچوون دەچن، ھاوڵاتیان لە نەبوونی سوتەمەنیشدا پاشماوەی پلاستیکی و خۆڵ و خاشاک دەسووتێنن تاخۆیان لە سەرما و سۆڵە بپارێزن.
ئەو ڕێكخراوە داوا لە سوریا دەکات، ئابڵوقەی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسودی کورد نشین و ئەشرەفیە لە حەڵەب ھەڵبگرێت، کە دەیان ھەزار ھاوڵاتیان تێدادەژین کە ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی ناوخۆی وڵاتن.