مایكڵ ڕۆبن: مەسعود بارزانی و مەسروری كوڕی ئاگادار بوون داعش هێرش دەكاتە سەر ئێزدیەكان و خۆیان ڕێگایان داوە جینۆساید بکرێن و چەکیشیان فرۆشتووە بە داعش

395
0
هاوبەشی :

بابەتەكە لە تێلێگرامی ستێرك تیڤی وەرگیراوە

گۆڤاری واشنگتۆن ئێگزامنەر (Washington Examiner)ی ئەمریکی تایبەت بە هەواڵ و لێکۆڵینەوەی سیاسی، وتارێکی مایکڵ ڕۆبن، ڕاوێژکاری پێشوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران و توێژەر لە پەیمانگەی (ئینتەرپرایز)ی ئەمریکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لە ئەوە دەکات کە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری هێرشی داعش بوون بۆ سەر ئێزدییەکان و خۆیان ڕێگایان داوە جینۆساید بکرێن و چەکیشیان فرۆشتووە بە داعش.

لە وتارەکەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە 24ی کانونی دووەمی 2023 بڵاوکراوتەوە، نوسراوە: “مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی وەک پارێزەری کەمایەتییە ئاینییەکان نیشان دەدات، ئەو ئەفسانەیە، بریتی نییە لە ئەو واقعەی ئێزدییەکان و کریستیانەکانەکان و کەمایەتییەکانی تری کوردستانی عێراق ئەزمونی دەکەن”.

نوسەر دەڵێت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و مەسعود بارزانی، قەرزداری قەرەبوکردنەوەی ئێزدییەکانن و دەربارەی چۆنیەتیی داگیرکردنی گوند و ناوچەکانیان لەلایەن داعشەوە نوسیویەتی: “دوو ڕویی مەسرور و مەسعودی باوکی بوو کە ڕێگای دا جینۆسایدی ئێزدییەکان ڕوبدات. مەسعود چەکی دەفرۆشت بە دەوڵەتی ئیسلامی تاوەکو بەغدای ڕکابەری لاواز بکات. هەرگیز پێشبینی ئەوەی نەدەکرد هەڵگەڕێتەوە بۆ کوردستان. گەورە بوونی دەوڵەتی ئیسلامی لەوانەیە ڕۆژئاوای سوپرایز کردبێت، بەڵام ئێزدییەکان نا. مەسرور داوای ئێزدییەکانی ڕەتکردەوە بۆ بەهێزکردنی پشتیوانیی گوندەکانیان و دابینکردنی چەک بۆیان تا بەرگری لە خۆیان بکەن. کاتێکیش دەوڵەتی ئیسلامی گوندەکانی ئێزدییەکانی داگیرکرد، هێزەکانی مەسرور هەر ئەوە نەبوو ڕابکەن، بەڵکو زۆرێک لە ئەو چەکانەیان حەواڵەکرد کە لەو کاتەدا بۆ شەڕی دژی دەوەڵەتی ئیسلامی بەخشرابوو. ئەگەر ترسنۆکییەکەی بارزانی نەبوایە، جینۆسایدی ئێزدییەکانیش نەدەبوو. تا ئەمڕۆش مەسرور ڕەتی دەکاتەوە مانفێستی فڕۆکەخانە ئاشکرابکات، بۆ ئەوەی ناوبانگی ئەو خێزان و هاوڕێیانەی بپارێزێت کە هەوڵی هەڵاتنیان دا”.

دەربارەی گەڕانەوەی ئێزدی و کریستیانەکان بۆ زێدی خۆیان نوسیویەتی: “بارزانییەکان پارەیان کۆکردەوە بۆ دروستکردنەوەی گوندەکانی ئێزدییەکان لە شەنگال و کۆمەڵگاکانی کریستیانەکان، بەڵام بەربەستیان بۆ ئازادیی جوڵە دروستکرد تاوەکو ڕێگربن لە ئەوانەی خۆیان ناکەنە ژێردەستەی هەژمونی سیاسەتی بارزانی. ڕێکخراوە نا حکومییەکان ناتوانن سەربەخۆیانە کاربکەن. ئێزدییەکان دەڵێن تەنانەت نادیە موراد؛ کە ساڵی 2018 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بردەوە بەهۆی داکۆکیکردن لە ئێزدییەکانەوە؛ لە ترسی ئەوەی مەسرور و وەیسی برا بچوکە توندوتیژەکەی، تۆڵە لە کۆمەڵگاکەی نەکەنەوە، ناتوانێت بە کراوەیی قسەبکات.

لە کاتێکدا داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن میلیشیا شیعە پاڵپشتکراوەکانی ئێرانەوە بەربەستە لەبەردەم گەڕانەوەی کریستانەکان بۆ گوندەکانی باوانیان، پێشمەرگە و پارتە سیاسییەکەی بارزانی هەمان شت دەکەن کاتێک بە کڕین و فرۆشی زەوییەکانیان خۆیان دەوڵەمەند دەکەن. کاتێک پاپا فرانسیس بە فڕۆکە چووە هەولێر، وادەردەکەوت ئاگادار نەبێت لە ئەوەی حکومەتەکەی بارزانی بەبێ ئاگادارکردنەوە و قەرەبوکردنەوە، زۆرێک لە زەوییەکانی چواردەوری فڕۆکەخانەی لە کریستیانەکان داگیرکردووە. نزیکەکانی بارزانی زۆر مۆڵ و پرۆژەی نیشتەجێبونیان لەسەر موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی کریستیانەکان دروستکردووە. ئەگەر گازندە بکەیت، ڕوبەڕوی دەستگیرکردن دەبیتەوە. زۆرێک لە کریستانەکان هێشتا تاپۆی ئەو زەوییانەیان هەیە کە لە ناو و لە دەوروبەری لە دهۆک و زاخۆی پێگە بەهێزەکەی بارزانی دەستیان بەسەرداگیراوە. میلیشیاکانی بارزانی گێچەڵدەکەن بۆ چۆڵکردنی ناچاریی. بۆ نمونە بازگەیەکیان گواستەوە تاوەکو وا لە کریستیانەکانی دەوروبەری قوش بکەن، دوو کاتژمێر لێبخوڕن تا بگەنە ئەو کێڵگانەیان کە پێنج خولەک دوورە.

جیاکاریی تر ئاشکرایە. گوندە کریستیانەکان زۆر کات ڕێگاکانیان خراپە و گڵۆپی شەقامیان نییە، لە کاتێکدا کۆمەڵگا کوردییەکانی هاوسێیان ڕێگای قیرتاو و کارەبای زۆریان هەیە. بارزانییەکان ڕەتیدەکەنەوە مۆڵەت بدەنە کریستیانەکان بۆ دروستکردن یان فراوانکردنی ماڵ و بزنسەکانیان، ئەگەر سەرەتا گرێبەستێک لە گەڵ هاوبەشێکی موسوڵمان یان دڵسۆزێکی بارزانیدا نەکەن و زۆرکات داوای حکومەتە خۆجێیەکانیش بۆ دروستکردنی پرۆژەی ئاوی نوێ ڕەتدەکەنەوە.

ئیدارەکەی مەسرور بە ڕەتکردنەوە دابینکردنی پارە بۆ خوێندگا لە گوندە کریستیانەکاندا، منداڵانی ئاشوری ناچاردەکەن بچنە خوێندگا کوردی و موسوڵمانەکان. رەتی دەکاتەوە ڕێگا بە خوێندنگاکانی ئاکیتو نسیبانی ئاشوری بدات لە دهۆک تا لەسەر ئەو زەویەی هی خۆیانە فراوان بکرێن. لەم ماوەیەدا چالاکوانە ئاشورییەکان دەڵێن حکومەتەکەی مەسرور وشەی (ئاشوریی) قەدەغەکردووە بۆ ناوی بزنسی نوێ”.

لە کۆتایی وتارەکەیدا مایکڵ ڕۆبن نوسیویەتی: “ئەوەی بارزانییەکان بە ئازادی ئاینیی وەسفیدەکەن، لەڕاستیدا دیمەنێکە لە دیمەنەکانی هەستێکی قوڵ بە هەژمون. ئەوان ئێزدی و کریستیانەکان وەک ئەهلی زیممە سەیردەکەن، هاوڵاتی پلە دوو کە ئازادیی ئاینییان پشتدەبەستێت بە خواستیان بۆ خۆ ژێردەستەکردنی دیفاکتۆی حوکمی سوڵتان. ئەوانەی لە سیاسەتدا ئۆپۆسزیۆنی بارزانین، مافە ئاینییەکانی زۆر کەمدەبێتەوە.

ئەو فاکتەی کە کۆنگرێس دەرچونێکی ئازادیی داوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشێلکارییەکانی ئازادیی ئاینی، هانی مەسرور دەدات جیاکارییەکانی دوو هێندە بکات. ئیتر بەسە. کاتی ئەوەیە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە، کوردستانی عێراق بخاتە لیستی چاودێریی ئازادیی ئاینی وەزارەتی دەرەوە”.

#قەڵەم_مێدیا

هاوبەشی :