نوسینی: حەسەن جودی
رێكخستن چییه؟
سروشتی كۆمه‌ڵگه له سروشتی دره‌ختێك ده‌چێت، كۆمه‌ڵگه‌ش وه‌ك دره‌خت ره‌گوڕیشه‌ی خۆی هه‌یه، وه‌ك دره‌خت قه‌د و باڵا و لق و چڵه‌پۆپه و گه‌ڵای هه‌یه، وه‌ك دره‌ختیش هه‌م وزه‌به‌خش و هه‌میش وزه وه‌رگره. هه‌روه‌ها وه‌ك دره‌ختیش له‌هه‌موو رووێكه‌وه رێكخسته‌یه و به‌ڕێكخستنیی ده‌ژیت و نه‌شونما و گه‌شه‌ده‌كات و خۆ نوێده‌كاته‌وه. هه‌ر نه‌خۆشیی و ده‌رده‌دارییه‌كیش رووی تێبكات ئه‌وا مسۆگه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌یه كه له‌نگیی و شێواوییه‌ك له سیسته‌میی رێكخستنییه‌كه‌یدا روویداوه. كاتێك رێبه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان به جه‌ختكردنه‌وه‌وه ده‌ڵێت:” گه‌ڵای دره‌ختێكیش به‌بێ رێكخستن ناجوڵێته‌وه” ده‌رخه‌ری ئه‌و راستینه‌یه‌یه كه سروشتی كۆمه‌ڵگه له سروشتی دره‌خت ده‌چێت، نه‌ك هه‌ر گه‌ڵایه‌ك و دره‌ختێك، ته‌نانه‌ت كۆی گه‌ردوونیش به‌ڕێكخستنی ده‌جوڵێته‌وه و ده‌ژیت. گه‌ڵای دره‌ختێك به چڵ و لق و قه‌د و ره‌گی دره‌خته‌كه‌یه‌وه گه‌ڵایه و ده‌ژیت، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وانیش به گه‌ڵاكه‌وه واتادارن. لێره‌وه ئه‌و راستینه‌یه ده‌بینین كه رێكخستن هه‌ر ته‌نیا میكانیزم یان ئامرازێكی مانه‌وه و گه‌شه‌سه‌ندن یان ئه‌سكه‌له‌یه‌ك (هه‌یكه‌لێك) نییه بۆ به زیندوو مانه‌وه و گه‌شه‌سه‌ندن، به‌ڵكو وه‌ك دینامیكێك به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و رۆحه‌شه كه مسۆگه‌ریی به مانه‌وه و گه‌شه‌سه‌ندن و گۆڕانكاریی ده‌دات.
ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه وه‌ك دره‌ختێك، ره‌گه‌كه‌ی وه‌ك مێژوو، قه‌ده‌كه‌ی وه‌ك چاند و فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی، پێكهاته جیاوازه‌كانیش وه‌ك لق و چڵه‌كان و تاكی كۆمه‌ڵگاش وه‌ك گه‌ڵای دره‌ختێك بچوێنین، ئه‌وا ده‌بینین كه هه‌موو به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگه وه‌ك هه‌موو به‌شه‌كانی دره‌خته‌كه زیندوویی و ژیان و گه‌شه‌سه‌ندنیان به‌یه‌كه‌وه په‌یوه‌سته، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌و پێكهاتانه خاوه‌ن بووونی خۆسه‌ریی و سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌و بوونه خۆسه‌ریی و سه‌ربه‌خۆییه له‌نێو گشت‌دا مسۆگه‌ریی خۆیان ده‌پارێزێن. لێره‌دا تاك وه‌ك بوونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و خودی (خۆسه‌ر و سه‌ربه‌خۆ) له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كرێ خۆی به زیندوویی و گه‌شه‌سه‌ندوویی بهێڵێته‌وه تا ئه‌وكاته‌ی په‌یوه‌سته به سروشتی كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌وه، به‌هه‌مان شێوه‌ی په‌یوه‌ستیی گه‌ڵایه‌ك به‌سروشتی دره‌خته‌یه‌كه‌وه. له‌به‌رامبه‌ر به‌م راستینه‌یه‌دا؛ چه‌مك و تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌ش هه‌یه سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی تاك به كۆمه‌ڵگه‌وه، هه‌ڵه‌كه له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه تاك خۆی دابڕاو له كۆمه‌ڵگه ده‌بینێت، ئه‌مه‌ش به سه‌ربه‌خۆیی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. ئه‌مه له‌كاتێكدا تاك خۆی بوونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی – خودییه، پابه‌ندبوونی به كۆمه‌ڵگه‌وه، به‌ئیراده‌ی خودیی خۆی، له‌ڕێی رێكخستنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه مه‌یسه‌ر ده‌كات. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و جۆره خۆدابڕاندن و خۆسه‌ربه‌خۆ بینینه‌ی تاك له كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا، له‌هه‌ڵوه‌رینی ئه‌و گه‌ڵایه ده‌چێت كه له دره‌خته‌كه‌ی جودا ده‌بێته‌وه، كه هه‌م ئیراده‌ی خۆی نامێنێت و هه‌میش سه‌رچاوه‌ی ژیان و ئازادییه‌كه‌ی. ئیدی ژیانیی په‌یوه‌ست به دره‌خته‌كه‌یه‌وه نامێنێت و له‌هه‌موو وزه و توانست و زیندوویی دره‌خته‌كه بێبه‌ش ده‌بێت.
له‌ڕاستیدا؛ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان تاك و كۆمه‌ڵگه رێكده‌خات رێكخستنه. رێكخستن به‌هه‌موو جۆر و شێوه و ئاست و قه‌باره‌یه‌كییه‌وه ده‌توانێت رێسا بنچینه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگه “هاوسه‌نگی، ئازادی، دادپه‌روه‌ریی، زیندوویی، به‌یه‌كه‌وه‌ژیان، یه‌كسانیی نێوان تاك و كۆمه‌ڵگه، تاك و تاك، تاك و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه” بپارێزێت و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان به گه‌شه‌سه‌ندوویی و گۆڕانكاریی به‌رده‌وام بهێڵێته‌وه. رێكخستن بۆ تاك و كۆمه‌ڵگه وه‌ك چۆن پردی به‌ستنه‌وه‌ی هزر و كردار (په‌روه‌رده و چالاكی)ییه به‌یه‌كه‌وه، له‌هه‌مانكاتیشدا مسۆگه‌ریی به هه‌بوونی واتادارانه‌ی هه‌ردووكیشیان ده‌دات. رێكخستنبوونی تاكه‌كان و پێكهاته‌كان، بوون و ئازادییه‌كانیان و هاوسه‌نگیی و دادپه‌روه‌ریی و یه‌كسانیی و به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی نێوانیان ده‌پارێزێت، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه له‌ناویان ببات. هه‌ڵبه‌ته بێ رێكخستنبوونی تاك و پێكهاته‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه، ده‌یانكات به پاروویه‌كی ئاسانی ده‌ستی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتیی، بێگومان سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆخۆی سیسته‌مێكی دژه تاك و دژه كۆمه‌ڵگه‌ییه و مانه‌وه و به‌هێزیی و گه‌شه‌سه‌ندوویی خۆی له‌ناهوشیاریی و ناڕێكخستنی و ناچالاكبوونی تاك و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه وه‌رده‌گرێت. بۆیه رێكخستنبوون؛ زیندوویی و ژیان به رێسا بنچینه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌بوون و مرۆڤبوون و تاكبوون ده‌به‌خشێت. له‌بنچینه‌دا ترس و هه‌ڵاتن له رێكخستن و رێكخستنبوون ترس و هه‌ڵاتنه له هاوسه‌نگی و ئازادی و دادپه‌روه‌ریی و یه‌كسانیی و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان، ترس و هه‌ڵاتنه له به‌رپرسیارێتی، ترس و هه‌ڵاتنه له سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی تاك و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
تێبینی:
ئەم بابەتە چوار ساڵ لەمەوبەر لە فەیسبوكی هەڤاڵ حەسەن جودی وەرگیراوە