بۆچی ساڵی 2023 بۆ کورد چارەنووس سازە؟

328
0
هاوبەشی :

تێبینی:

بۆچی ساڵی 2023 بۆ کورد چارەنووس سازە؟
(ئەم نوسینە ڕای نوسەرە ، مەرج نیە رای ئێوە وابێ)
– لە تێلیگرامی نوسەر بەشداربە
https://t.me/kazhalnurimelek
ـــــــــــ
ساڵی 2023 هەر بەراستی ساڵێکی چارەنووس سازە بۆ گەلی کورد لە هەرچوارپارچەکە. چونکە یەکەم، هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیامان لە پێشە. دووەم، تورکیا دەیەوێ هێرش بکاتە سەر کۆبانێ. سێیەم، یادیی سەد ساڵەی پەیمانی لۆزانە. چوارەم، شۆڕشی ژینا ئەنجامەکەی دەرئەکەوێت. پێنجەم، شەڕی ئۆکرانیا و روسیا کاریگەرییەکانی خۆی بۆ سەر سیستمی سیاسیی و ئابوری جیهان وەدەردەخات.
لەوانەیە زۆر کەس بڵێت جا ئەو هۆکارانە بۆ چارەنووس سازن؟
هەڵبژاردنی تورکیا، کۆتا هەڵبژاردنی ئەردۆگان دەبێت. جا ئەگەر سەرکەوتوو بێت، ئەوە راستەوخۆ کاریگەریی بۆدرێژەدان بە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر سێ پارچەی کوردستان بەردەوام دەبێت و، چڕتریش دەبێتەوە. لە ئێستادا سێبەشی کوردستان لە راستییدا، لەژێر مەترسی هەژموونی ئەردۆگاندایە، کە باکور و باشور و رۆژئاوایە. رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری ئەردۆگانی دەکەوێتە سەر. باکور بە شێوەی ( جوگرافیی، کڵتوریی، ئیتنی و دۆزی نەتەوەیی ) لەسەدا سەد لەژێر داگیرکاریی تورکیادایە. باشور بەشێوەیەکی( مەعنەوی، زیهنی، ئابوریی، بەشێک لە خاکەکەی بە شێوەی سەربازیی ، هەژموونی خائین دروستکردن و سیستمی سیاسیی رەیعیی مل کەچ پێکراو. کەڵتوریی) لەسەدا هەشتا لە ژێر داگیرکاری تورکیادایە. رۆژئاوای کوردستان بەشێوەی( سەربازیی و هەڕەشەی داکیرکاریی و دوژمنکارانە، لە ئێستادا دوو لە شارەکانی و، بە قوڵایی دە کیلۆمەتری سنوریی جوگرافییەکەشی ) لەژێر داگیرکاری سەربازیی تورکیایە. رۆژهەڵات ( لە سەدا سەد) لەژێر داگیرکاریی ئێراندایە، بەڵام بەهۆی هەڕەشەی ئەردۆگانەوە لەسەر سێبەشەکەی تر، قوڵایی جوگرافیی لەکیس داوە، بۆ ئەوەی بتوانێت وەکو پاڵپشتێک بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی ژینا بەکاری بهێنێت و سودی لێ وەرگرێ. جگە لەوەش، لە ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕشەکە و دروستبوونی کیانێکی ( سەربەخۆ- نیمچە سەربەخۆدا، جا ئیتر فیدراڵی بێ یان کۆنفیدراڵی یان ریفۆرمی سیاسیی) ئەوە هەمیشە تورکیا ئامادەیە تا هەم وەک هێزێکی شەڕانگێزیی هەرێمیی، لێیان تێکبدات و هاوکاریی دەسەڵاتی ئاخوند بکات. هەم وەک ئەندامێکی ناتۆ لە سەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی لێیان تێک بدات.
ئەردۆگان کێشەی سەرەکیە بۆ گەلی کورد لە ئێستادا، حکومەتی عیراقیی و حکومەتی سوریا، بچوکترین مەترسیان نیە بۆ سەر کیانی سیاسیی و سەربازیی و ئابوریی گەلی کورد. بە پێچەوانەوە، لە رۆژئاوای کوردستان ئەردۆگان، مەترسییە. وە لە باشوریش دەسەڵاتدارانی باشورن بوونەتە مایەی سەرئێشە و رێکنەکەوتن بۆ دەسەڵاتی مەرکەزیی لە بەغداد. دەسەڵاتی سیاسیی کورد لە باشور، لەسەر نەزمی ( بەشی خۆم بۆ خۆم، بەشی تۆش ئەخۆم ) لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی عیراقدا هەڵسوکەوت دەکات. بە پێچەوانەی هەموو کەسێکەوە من دەسەڵاتدارانی هەرێم و حکومەتی هەرێمی گوردستان بە مایەی سەرئێشە بۆ عیراق دەزانم. هەم لە رووی سیاسییەوە، هەم لە رووی ئابورییەوە، هەم لەرووی سەربازی و سیادەی سنوریی عیراقەوە. لەرووی سیاسییەوە. هەمیشە دەسەڵادارانی کوردی باشور، لەناو خۆیاندا رێک ناکەون. کورد هەموو پرۆسەیەکی سیاسیی عیراق لە دوای هەڵبژاردن و لە کاتی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتدا دووادەخەن و، پرۆسەی سیاسیی عیراقیش ماوەیەک لەسەری ئەوەستێ و ناچێتەپێشەوە. لە رووی ئابورییەوە (راستە پاشەڵی عیراق زۆر پاک نیە) بەڵام دز و تاڵانچیە راستەقینەکە کوردە نەک عەرەب. رێککەوتنی پەنجا ساڵەی نەوت وگرێبەستە ناشەرعیەکانیی و تەسلیم نەکردنی ئەو بەشە پارەیەی لەرووی پرۆتۆکۆلیەوە لەسەری رێک کەوتوون و، هەرزان فرۆشکردن و بەتاڵان دانی سامانی سروشتی هەرێم بە تورکیا، نەپاراستنی سەروەریی سنوریی دەوڵەتی عیراق و هێنانە ناوەوەی هێزی سەربازیی تورک بۆقوڵایی هەرێمی کوردستان (کە بەشێکە لە سنوریی فەرمیی دانپێدانراوی عیراق لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا) و ، بەڕێوەبردنی هەولێر لە ئەنقەرەوە. هەموو ئەمانە کێشەی سەرەکین لە عیراقدا کە کورد خۆی دروستی دەکات نەک حکومەتی ناوەندیی. بۆیە دەمەوێ زۆر چاونەترسانە بڵێم ئەوەی سەرئێشەیە بۆ عیراق لەئێستادا کوردە بۆ عیراق، نەک عیراق بۆ هەرێم.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی تورکیا. ئەگەر ئەردۆگان بدۆڕێ ، مانای ئەوەنیە فاشیرمیی تورکی بەرامبەر دۆزی کورد دەگۆڕێت و کۆتایی پێدێت. چونکە فاشیزمیی تورکیی، بە درێژایی مێژو هەر یەک مۆدێلی هەبووەو هەیە و وە هەر واش دەمێنێت، کە ئەویش داگیرکاریی خاکی کوردستان و دانپێدانەنانی وجودیەتی گەلێکە بەناوی کورد. کۆی دەسەڵاتە سیاسیە یەک لەدوای یەکەکانی پێش ئەردۆگان و، ئەردۆگانیش و دوای ئەردۆگانیش، هەمان زیهنیەتی فاشیزمیان هەیە. کەوایە دۆڕاندنی ئەردۆگان لە هەڵبژاردنەکەدا، بە مانای گۆڕانکاریی ریشەیی بیریی فاشیزمی تورکی نیە، چونکە ئێمە نازانین دوای ئەردۆگان چی گورگێکی تر دێتە سەر حوکم، بەڵام رۆشتنی ئەردۆگان، بە مانای لە کۆڵ بوونەوەی گورگێکە کە داوای بە سوڵتان بوون دەکات. گورگێک کە زیاتر لەوانەی پێش خۆی پێی راکێشاوە لە فاشیەتدا. گورگێک کە دەیەوێ بەشەکانی دیکەش داگیربکات و ولایەتی موسڵ و حەلەب بخاتەوە سەر تورکیا. گورگێک کە دەیەوێ عوسمانیزمی نوێ دروست بکاتەوە. راستە هەموو گورگە تورکیەکانی دیکەش رەنگیان هەر بۆرە وەک ئەردۆگان. بەڵام کەڵبەی کەسییان وەک کەڵبەی ئهردۆگان تیژتر و درێژترنەبووەو نیە. بۆیە کەوتنی ئەردۆگان، گرنگی زۆر قوڵ و فرەرەهەندی بۆ کورد هەیە..
ساڵی دووهەزار بیست سێ، سنڵێکی گرنگە بۆ کوردانی باکور لەتورکیادا، هێزی جەماوەریی، نەخشە و استراتیژیی سیاسیی، گەمەی بردنەوەی ململانێی پەرلەمانی کورد لەم ساڵەدا جارێکی دی تاقی دەبێتەوە. دەردەکەوێ کە کورد هێزی خۆی تا چ ئاستێک، لەدەست خۆیدا لەدەرەوەی زیندانەکاندا هێشتۆتەوە. چۆن گەمە دەکات تا جارێکیتر بەهێزەوە بگەڕێتەوە نێو کایەی سیاسیی و شەڕی پەرلەمانیی….
دووهەزار و بیست و سێ گرنگە بۆ کوردانی دەرەوەی وڵات و هەندەران، چونکە پێکەوەیی و هێزی کورد تاقی دەبێتەوە لە سەر گۆڕەپان و شەقامی سیاسیی وڵاتانی جیهانییدا، بۆمان دەردەکەوێ لە یادی سەد ساڵەی پەیمانی لۆزاندا. کورد چی قورساییەکی لە شەقامی ئەوروپا لەو یادەدا هەیەو، چی ئامادەکارییەکی بۆ کردووە.
دووەهەزار و بیست و سێ ، گرنگە بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا. بۆ ئەوەی بزانین شۆڕشی ژینا، چارەنووسی رژێمی ئاخوند بەرەو کوێ دەبات.
شەڕی ئۆکرانیا و روسیا و ئاژاوەی نێونەتەوەیی و بە گشتی و، کاریگەرییەکانی جەنگەکە بۆ سەر ئارامی ژیانی گەلان بەگشتیی و کوردیش وەک گەلێکی ئەندام لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
من بۆخۆم. دووهەزارو بیست و سێ بە گرنگ دەزانم. چونکە مەترسیدارە زۆر.
کۆدە گرنگەکانی دووهەزار و بیست و سێ ئەمانەن :-
-هەڵبژاردن لە تورکیا
– شۆڕشی ژینا لە رۆژهەڵات
– گێچەڵی نوێی تورکیا لە رۆژئاوا و کۆبانێ
– – لۆزان
– نەمانی دەسەڵاتی ئەردۆگان= چارەنوسی پەدەکە لە باشور و لەشکرکێشی سەربازیی بۆ قوڵایی هەرێم.

کەژاڵ نوری
ئەو سرودەش. یەکەم سرودی حیزبە چەپە هاوپەیمانەکانی تورکیایە کە هاوپەیمانێتییان لە گەڵ کورددا کردووە بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی دووهەزار و بێست و سێ..
پێشکەشە بە هەموو گەلی کورد
ببورن ، کە نوسینەکەم درێژکردەوە لەگەڵ فیدیۆیەکەدا، هیوادارم ماندووتان نەکەم لە خوێندنەوەی

لینكی ڤیدێۆكە لە یوتیوب

 

هاوبەشی :