كۆماری پەت و سێدارە بە نیازە سزای سێدارە بەسەر١٠٠ خۆپیشاندەردا بسەپاێنێ و جێبەجێ بكات
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین ئاماریدا بڵاویكردەوە، لەماوەی دەستپێكردنی ناڕەزایەتیەكان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لانیكەم ٤٧٦ كەس گیانیان بەختكردووە و ١٠٠ خۆپیشاندەریش مەترسی سەپاندن و جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
دوێنێ ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، كە بارەگاكەی لە نەرویجە، لە ڕاپۆڕتێكدا نوێترین ئامارەكانی لەبارەی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بڵاوكردەوە، بەپێی ئامارەكەش لەماوەی سەرهەڵدانەكەدا، كە تا ئێستا بەردەوامە لانیكەم ٤٧٦ كەس لە ئەنجامی توندوتیژی و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكان، گیانیان لەدەستداوە.
هەر بە گوێرەی ئامارەكە لە كۆی ئەو كەسانەی گیانیان بەختكردووە، لانیكەم ٦٤ كەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە.
بەپێی ئامارەكە، زۆربەی حاڵەتەكانی كوژرانی خۆپیشاندەران لە پارێزكاگانی سیستان و بەلوچستان، ورمێ، كوردستان، تاران و مازەندەران تۆمار كراون.
لە ڕاپۆڕتەكەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێراندا هاتووە، لانیكەم ١٠٠ خۆپیشاندەر مەترسی سەپاندن و جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.