نازانم چی بەو حکومەتە بڵێم

277
0
هاوبەشی :

نوسینی: ژینا زاگرۆس

ئەوە قسەی یەکێک لەو خوێندکارە خۆپیشاندەرە کچانەبوو کە داوای دەرماڵەی ٦٠٠٠٠ ھەزاردیناری لە حکومەت
دەکرد. گێڕانەوەکەی کارەساتێکی گەورەو غەمناک بوو. کە خوێندکارێک، کە ئەوە ئازاری زۆربەیانە. بەھۆی بێ
پارەییەوە نەتوانێت لە شوێنی خوێندنەکەیەوە بگەڕێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و ناو خێزانەکەی. بۆیە بەو ھۆیەوە
ھۆکارەکانی ھەژاری دەیھێنێتە سەرشەقام و لەگەڵ ھاوڕێکانیدا بزوتنەوەیەکی داخوازی مەزن سەر ڕێ دەخەن.
لایەنی مافداری بزوتنەوەیەکی داخوازی گەورەو گرانی خوێندکاری بۆ موچەیەک، جێگەی قسە لەسەر کردن نەک نیە،
بەڵکو مافێکە کە لە حکومەت، وڵات و نیشتیمانێکی پڕ دەوڵەمەندیدا پێویست بوو پێش ھاتنەشەقام وەک سیستەمی
خۆشگوزەرانی پێشکەش بکرایەت. نەک موچەیەک بدرایەت بەڵکو خوێندن لەھەموو قۆناغەکاندا خۆڕایی بوایەت و
خوێندنەگەو زانکۆ پوڵیەکان (بەپارەکان) ڕێگە پێدراو نەبونایەت. بەڵام کێشە لە تێگەیشتنی کات و شوێنی سەر ڕێ
خستنی بزوتنەوەیەکی ئاوای داخوازی مەزن جێگەی تێڕامان و ھەڵوەستە لەسەر کردنە.
لە چەند ڕوەوە پێویستە ھەڵوەستە لەسەر ئەم خۆپیشاندانانەو وەڵام نەدانەوەو سەرکوت و ھێرش بۆ کردنی بکەین:
١-لەسەردەمێکدا کە تێکۆشانێکی مەزن، دەسکەوت و بەرەوپێشچونێکی مەزن لە بەش و پارچەکانی تر ھەیە، بۆچی
ئەم بزوتنەوانە.
٢-ئەم حکومەتە بۆچی وەڵامی ئەم داخوازیانە ناداتەوە.
٣-تێگەیشتن لە سەرمایەی فینانس و پێویستی دابینکردنی پێداویستیەکانی ئەو شەڕەی کە داگیرکەرانی کوردستان بەسەر
کوردانیاندا سەپاندوە. زۆر پرسیاری تر.
ئەم پرسیارانە بە سۆزداری یان ھەڵچون و داچونەوە، وەڵام نادرێتەوە. تێگەیشتن وەک دەڵێن" لەپڵاو خواردن باشترە"
ئەگەر ھۆکارەکانی تێکشکان و ناکام بوونی ئەو ھەمو بزوتنەوە داخوازیانە تێنەگەین و نەیخوێنینەوە، ئەوا دەکاتە
گەمژەیی و دوبارەبونەوەی شکست و بەوپێیەش بێھیوایی و سەرکەوتنی بەرامبەرە دەسەڵاتەکەمان و لە کۆتاییدا
دوژمنانی گەلەکەمان.
سەرمایەی فینانس لەسەر زۆرترین قازانج و دەسکەوت دەژی. بۆیە بۆ کەڵەکەی پارە پشتی بە دزی، گەندەڵی، باج و
سەرانە، بڕینی موچەو دەستگرتنەوە لە خەرجی گشتی و خزمەتگوزاریەکان و بێ سیستەمی دەبینێت. لێسەندنەوەی
خوێندنی خۆڕایی لەخەڵک و کردنەوەی ئەو ھەموو خوێنگانەی کە بەپارەیە ھەر لەدایەنگەوە ھەتا زانکۆکان یەکێک لە
کۆکردنەوەو ئەو دزیانەیە کە بۆ کەڵەکەی سەرمایە پڕ بایەخە. بۆیە ئەم سەرمایەیە دەسەڵاتێک بەرگری لێدەکات کە ھیچ
پێوەرێکی نیەو دادگا، یاسا، پۆلیس و ھێزە جۆراوجۆرە ڕەش و بۆرەکانی بۆ پاراستنی ئەم ھەلومەرجە دروست و
ئامادەکردوە. بۆیە حکومەت حکومەتی بەڕێوەبردنی ئەو باج و سەرانە سەندنەیە. ئیتر چۆن وەڵامی بزوتنەوەی
دەرماڵەی خوێندکاران دەداتەوە.
ئەگەر وەڵامی یەکێک لەو بزوتنەوانە بداتەوە، ئەوا دەبێت دەست بەدەغیلەی پارەکاندا بکات، ئەو کات کەڵەکەی
سەرمایەو باڵای بەرزی پارەکان لەکورتی دەدات. ھەربەوەشەوە ناوەستێت! چونکە دەسکەوتێکی لەو شێوە، بەڕەنج و
تێکۆشان بەدەستھاتوە. لەبەر ئەوە ھێز بە کۆمەڵگە دەداتەوەو بەئیرادەی دەکات. کەواتە بزوتنەوە داخوازیەکان و
خزمەتگوزاریەکان دەکەونە خۆو مافەکان داوادەکەن. کەواتە سیستەمی سەرمایەی فیناس، دزی و گەندەڵی دەکەوێتە
قەیران، پارەکان لەکورتی دەدەن. بەوە خەرجیەکان بەرزدەبنەوە، کۆمەڵێک قەیرانی ناو حکومەت و دەسەڵات قوڵ
دەبنەوەو زیاد دەکەن. ئەم حکومەتە بۆیە وەڵام ناداتەوە لەبەر ئەوەی ئەم حکومەتە "وەک خۆیان دەڵێن" حکومەتی
خزمەتکردنی خەڵک نیە. بەڵکو حکومەتی کۆمەڵێکە کە وەک لەڕاپۆرتەکانی خۆیاندا دەردەکەوێت، کە دەدزن، تەرخان
دەکەن، دەبەخشنەوە، خێردەکەن. بەڵام کۆمەڵگە ھەژار دەکەن، سیستەم تێکدەدەن، ماف دەخۆن و لەسەر داواکردنیشی،
دەم دەشکێنن، کەرامەت دەشکێنن، زیندانی دەکەن و پێویستیش بوو دەشکوژن و لەکۆتاییدا یان خۆیان دەڵێن ڕادیۆیە،
یان تۆ دەبێت بڵێیت ڕادیۆیە!.
لەدۆخی ئەمڕۆی بونی ھێرشی داگیرکاری و ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی و شەڕی گەلی کورد لەدژی داگیرکاری گرنگە ئەم
ڕۆڵەی باشور باش شرۆڤە بکەین و نەکەوینە ھەڵەی سۆزداری و بەرامبەر تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردەوە. تەواوی
دۆخی ھەر شوێنێکی کوردستان و ھەرشوێنێک کوردی لێبێت گرێدراوی تێکۆشان لەدژی داگیرکاریە. ھیچ شوێن و
جێگەیەک نیە مۆری ئەو شەڕو تێکۆشان و داگیرکاریەی لەسەرو پێوەنەبێت.

بەو ھۆیەی کە میللیگەرایی و ڕەوتە پەڕگیرە ئاینیەکان کاریگەریان لەسەر زھنیەتی کۆمەڵگە ھەیەو دەسەڵات و
حکومەتیش لەخزمەتیاندایە. ئەوا ڕۆڵێکی نەرێنی و خراپ دەگێڕن لەسەر ڕوداوو ئاراستە کردنەکان. شۆڕشی ژن لە
ڕۆژھەڵات و ئێران، دەسکەوتەکانی تێکشکاندنی ھێرشی داگیرکاری لە چیاکانی باشور، سەرکەوتنەکانی ڕۆژئاوا،
بزوتنەوە گەورەو فراوانەکانی کوردان لە ئەوروپاو تەواوی ھەندەران بۆئەوەی بە گوێی کوردانی باشور نەگات!
ڕۆژەڤی دروستکراو دەخوڵقێنن و کۆمەڵێک کەسایەتی، ڕێکخستنی پیشەیی گرێدراو بانگخوازو مرۆڤە دڵ ڕەقە شەق
وەشێنەکان دەخەنە گۆڕەپانەوە. بۆ ڕاستی ئەو سەرنجەمان ئەم پرسیارە دەوروژێنین؛ بۆچی ئەگەر کۆمەڵگە لە
قۆناغێکی ئارام و بێدەنگیدایە، کەسایەتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەنگیان لێ نایەت؟ ئاخر کێشەکە ئالێرەوە
دەست پێدەکات. بۆئەوەی بزوتنەوەیەکی ئازادو سەربەخۆ و ڕێ ڕوون دروست نەبێت، ئەوانە دەھێنن و پێیان
دەقیڕێنن!.
لایەکی تر دابینکردنی خەرجی تێچوی ھێرشە داگیرکاریەکانە بەپارەی خەڵکی کوردستان. گەلی کورد لەباشور ئەو
مێژوەی بینیوە کاتێک ڕۆڵەکانی لەسێدارە دەدران، یان گولەباران دەکران پارەی گولەکان لە کەسوکارەکەی
دەسەنرایەوە. لەبەرئەوە داگیرکەران فێرن، کە پارەی قڕکردنمان لەخۆشمان بسەننەوە ( ئەوە ڕاپۆرتی خۆیانە) بۆیە
خەرجی ئەو ھێرشانەش، لە بڕینی موچە، زیادکردنی باج و زۆری جۆراوجۆری ژمارەی باج، گرانی، زیادبونی
گومرک و زۆری پشکەوە دابین دەکرێت.
شەڕی تایبەت بۆ بەلاڕێدابردنی ھوشیاری باشورو تێنەگەیشتنی ڕاستینەی باشورو سیاسەتی قڕکردن ھەمیشە لەھەوڵی
دروستکردنی کێشەو قەیراندایە. لە کۆتاییشدا ھەرخۆی بەشێوەیەکی زۆر توندو تیژ بەسەریدا دێت و بۆ ماوەیەک
دۆخەکە کپ دەکاتەوەو دەست بەسەر ناڕەزایەتیەکەدا دەگرێت و لەولاشەوە خەڵک بێھیوا دەکات و بەکرێگیراوەکانیشی
دەکەونە ھۆنینەوەی ھێرش بۆسەر خەڵک و تاوانبار کردنی بە ترسنۆک و بەرگری نەکەر لە ماف و داخوازیەکانی و
پەرەدان بە بێھیوایی!.
تەواوی پرسی ھەژاری، موچە، باج، نەخۆشی، داخوازی و بێ مافیەکان پەیوەستی ئازادی و تێکۆشان بۆ ئازادیە.
دوژمن لەڕێگەی ھەموو ئەوانەی باسمان کرد دەیەوێت مرۆڤی کورد تێکبشکێنێت و بێ ڕۆح و بێھێزی بکات و بەشتی
دروستکراوو ھێرش بۆکراوەوە خەریکی بکات و بیخاتە ناو قەیرانی قوڵی ژیانەوەو لەگەڵ ڕێگە ھەڵەو ئاراستەکراوو
دەستبەسەردا گیراوەکاندا خەریکی بکات.
تێکۆشانەکان بۆیە بەئامانج ناگەن، لەبەر ئەوەی خۆیان لەو تەڵەو ڕێگە دروستکراوانە ڕزگار ناکەن و نابنە خاوەنی
ھێڵێکی سەربەخۆو ئازادی خۆ بەپێشەنگی خۆیانەوەو لە قوڵایی پرسی ئازادیشەوە ھەڵسەنگاندن ناکەن و خۆیان
بەڕێکخستن ناکەن و داخوازیەکانیان ڕیزبەندی ناکەن. بۆیە ھاتنە دەرەوە لە کابوسی ھێزە ئامادەکراوەکان، مەرجی
یەکەم و ھەنگاوی یەکەمی سەرکەوتنە.

هاوبەشی :