بۆچی “رۆژاڤا” گرنگ و گەورەیە؟!

241
0
هاوبەشی :

نوسینی: ئیدریس مستەفا

رۆژاڤا گرنگە چونکە:
بۆ جاری چەندەمینە رۆژئاڤا دەکەوێتە بەر هیرشە سەربازیە ناتۆییەکەی تورکیا. وەک لۆجیکە سیاسیە نیودەوڵەتیەکەی سەیری بکەین نەک هەر هیچ بروبیانویەکی سیاسی نیە بۆ پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژاڤا بەڵکو پێشێل کردنێکی ئاشکرا و بێ پەردەی ئەو قانون و عورفە سیاسیانەیە کە سیستەمی نێودەوڵەتی ئیستای لەسەر دروست بووە. نەک هیچ یەکێک لەو دەوڵەتانی ئەو سیستەمە سیاسیەیان دروست کردووە بێ دەنگن لەبەرمابەر ئەو هەموو پێشێکلاری و هێرشە نارەوایانەی تورکیا بۆ سەر رۆژاڤا/ سوریا دەیکات بەڵکو پشتیوانیشی لێ دەکەن. ئا لێرەدایە ئەو سیستەمە سیاسیە جیهانیە یەکگرتووەی کە رێکخراوێکی جیهانیشی هەیە بە ناوی نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە چەرت و پەرتی و شڵەژانی جیهانی هیچی تری بە دواوە نیە و چەندان کیانی رەوا و بەرهەقی وەک رۆژاڤای کردە تیکەیەکی چاو برسێتی خۆی و چەندان گەل و نەتەوەیان بێ سەرپەرشت کرد. گرنگی رۆژاڤا لەوەدایە کە توانیویتی لە هەناوی ئەم سیستەمە سیاسیەوە بێتە دەر و بۆ ماوەی دەیەک زیاتریشە بەرگری و داکۆکی لە خۆی دەکات لە بەرامبەر ئەو سیستمە سیاسیە جەنگەڵیەدا.

رۆژاڤا گەورەیە چونکە:
رۆژاڤا، رۆژئاوای کوردستان ئەو بەشەی کەوتۆتە ناو سوریاوە، گرنگیەکەی هەر لەوەدا نیە کە هەر بە تەنها قەوارەیەکی کوردیە و لە مێژووی دروست بوونی دەوڵەتی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە بۆ یەکەم جارە کیانێکی نەتەوەیی کوردی لە دایک دەبێ بەڵکو گەورەییەکەی رۆژاڤا لەوەدایە کە لە دەورەی دوای دنیای دوو قوتبیەوە، دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە، کیانێک بێتە دەر بەو هەموو پێشکەوتنە سیاسی و فەرهەنگی و ئیداریەوە، لە ناوچەیەکیشدا کە کۆنەپەرستی و رەشبگیری فکری و فەرهەنگی لەوپەڕی چڵەپۆپەی خۆیدایە. لە جیهانێکدا کە خودی خۆی بەرهەمی کۆنەپەرستی و نادادی و فەرهەنگی سەقەتی مرۆڤایەتیە. ئەو بەرخودان و بەشداریە رەنگاڵەیی و داکۆکیە جەرگبڕیەی رۆژاڤا پێشکەشی کرد لە مێژووی نوێدا نموونەی نیە یان هەر زۆر کەمە. نەتەوەیەک کە بە درێژایی سەدەیەکە ئینکاری لە بوونی دەکرێ، بە وروژمێک و ناسنامەیەوە هاتە دەر کە هەموو جیهانی سەرسام کرد لەگەڵ خۆیدا پێش هەموویان دوژمنەکانی، دوژمنێکی وەک تورکیا. فرە رەگەزی و فەرهەنگی و کەلتوری و بەخشین بە دەوری ژن وەک پیاو لە هەموو ئاست و بوارەکاندا و بوونی سەرکردەی عاقڵ و سادە و دەستپاک و مەیدانی ئەو مۆرکە گەورەیەی پێ بەخشی کە مێژوو نموونەی ئاوهای لە تۆماری خۆیدا ناونوس نەکردووە. نوسەرێکی فەرەنسی، کە ناوەکەی و کتێبەکەیم لە یاد نیە لە ئیستادا، کتێبێکی نوسیوە لەسەر رۆژاڤا و تییدا دەڵێ هەموو مرۆڤایەتی قەرزاری رۆژاڤایە چونکە خەتەرترین دوژمنی مرۆڤایەتی لە ناودا ئەویش داعش بوو.
ئێستاکەش کە تورکیا دەیەوێ ئەو قەوارەیە لە ناو بدات ئەوەیە کە نایەوێ نمونەیەکی گرنگ و گەورە لە ناوجەکەدا هەبێ. لەوەدەچێ جیهانیش، ئەمریکا و ئەوروپا، ئەو نموونە گرنگ و گەورەیە بکەن بە قوربانی گەمە سیاسیە نێودەوڵەتیەکانی خۆیان و بەمەش لاپەرەیەکی رەشی تر لە مێژووی خۆیاندا دەنوسنەوە. کێشەی یوکراین و تایوان و بازرگانی کردن لەگەڵ چین، دەستگرتن بە تورکیاوە لەوەی بە تەواوی نەچێ بەلای روسیادا، شاردنەوەی شکستی خۆیان لە یوکراین و دەرهاویشتەیەکیش وەک یەکێک لە ئاریشەکانی خۆیان رۆژاڤا بدەنە دەست گورگی برسی تورکیاوە یاخود بە زۆر بیخەنەوە ناو قەفەزی سوریاوە کە هیچ جۆرە ناسنامەیەکی سیاسی و نەتەوەیی و رەگەزی و فەرهەنگی و کەلتوری و تەنانەت مافی ئینسانیشیان پێ رەوا نابینێ.

هاوبەشی :