هۆکاری هێڵی سوور بوونی – پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، بۆ لایەنگەلێک وەک ـ شورای مدیریتی گوزار ـ، سەلتەنەتتەڵەبەکان و حیزبە کلاسیکەکانی نێو -ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران- چییە؟
نوسینی: ئەهوەن چیاكۆ
چەند ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ حەسەنی شەرێعەتمەداری پێکەوە میوانی بەرنامەیەکی تەلەوزیونی بووین. کاتێک باسی مافی نەتەوەی کورد و ماباقی نەتەوە ژێر ستەمەکان لە ئێران هاتە ئاراواە، گوتی: ئێمە وەک شورای مودیریەتی گوزار لەم بوارەوە هێڵی سووری خۆمان هەیە.
مەبەستی لە هێڵی سوور پێداگری لەسەر پاراستنی یەک پارچەایی ئێران و تەک وەڵات بوون و تەک نەتەوە زانینی ئێران لە لایەن ئەوانەوە بوو.
منیش راشکاوانە لە وڵامدا گوتم: ئێمەیش وەک ـ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ پژاک، هێڵی سووری خۆمان هەیە. ئەویش مسۆگەربوونی بەتەواوی مافی نەتەوەیی نەتەوەی کورد و ماباقی نەتەوە ژێر ستەمەکانی نێو جوغرافیای ئێرانە.
هاوکات گوتم: ئێران تەک نەتەوە نییە و لەو جوغرافیایەدا نەتەوەی جیاواز هەن و هەریەک لەوانیش سەرزەمینی خۆیانیان هەیە کە لەلایەن دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانیوە داگیر کراون.
ئەم گوتانەی منە هاوسەنگی دەروونی و جەستەیی شەرێعەتمەدارییان تێکدا. تا ئەو جێگایەی کە ئیدی لەدوای ئەوە خودی پژاک بۆیان بوو بە هێڵی سوور.
بە پێ هەندێ هەواڵ لە سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراوەوە لە دانیشتنێکی هاوبەشی شەرێعەتمەداری و رێبەرانی حیزبە کلاسیکەکانی کورد، شەرێعەتمەداری بە ئەوانی گووتوە کە پژاک بۆ ئێمە هێڵی سوورە و نابێت ئێوە بە هیچ شێوەیەک دانی پێدابنن و لەگەڵی بچنە نێو هاوکارییەوە.
سەیر ئەوەیە کە رێبەرانی حزبە کلاسیکەکانی نێو ـ ناوەندی هاوکاری حزبە کلاسیکەکانی کوردستانی ئێران ـ یش بە شێوەیەک پژاک ئینکار دەکەن و دەڵێن: پژاک بۆ ئێمە هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانین لەگەڵ پژاک بچینە ناو بەرەیەک و پێکەوە کار بکەین.
لە راستیدا هەڵوێستی سەلتەنەت تەڵەبەکان لەبەرابەر پژاک بە براورد لەگەڵ هەڵوێستی شەرێعەتمەداری توندترە و لەم بوارەدا وەک یەک دەفکرن.
لێرە پرسیار ئەوەیە، گەلۆ هێڵی سووری حیزبە کلاسیکەکانی نێو ـ ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ـ لە بارەی پژاکەوە و مژارەکانیتردا شورای مودیریەتی گوزار و سەلتەنەت تەڵەبەکان دیاری دەکەن؟
گەلۆ ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران هەموو هێڵە سوورەکانی شوونیسم و فاشیسمی کۆکراوە لە شورای مودیریەتی گوزار و لایەنی پاشوەڕۆی سەلتەنەت تەڵەبی قەبووڵ و رچاو دەکات؟
✍ ئەهوەن چیاکۆ