لە ٣٠هەمین ساڵیادی ڕەمزی بەرخودان و بەرگری لە دۆزی حەقیقەت (بێرێتان هێڤی) دژی هێڵی خیانەت،

321
0
هاوبەشی :

شەهید گوڵناز کاراتاش ناسراو بە “بێریتان”، ئەو هەڵۆ نەمرەی کە تا دوایین ساتی ژیانی، بە بەرزی فڕی و ڕۆحی خۆی لە چالاکییەکی گیانفیداییدا تێکەڵ بە هەوری سەر لوتکە چیاکان کرد، ئەو گیانفیداییەی کە بۆ هەمیشە بووە مۆتەکە لە دڵی دووژمن و ئیرادەی گەریلای بە نەمری و نەبەزین هێشتەوە.

چیای خواکورک، مەیدانی ئەو چالاکییە گیانبازییەی شەهید بێریتان بوو کە بەر لە 28 ساڵ دەستی خیانەتی ناوخۆ، ئەوی بەو چارەنوسە گەیاند، ئەو مردنێکی شەرەفمەندانەی لە بەرامبەر مانەوەیەکی سەرشۆڕکەرانەدا هەڵبژارد.

ساڵی 1992 کاتێک دەستی خیانەت بە دەستی پەدەکە و ئەجێندای تورک گەیشتبوویە لووتکە لە باشوری کوردستان، شەهید بێریتان و هەڤاڵەکانی، داستانی گەورە گەورەیان لە خواکورک تۆمار کرد.

بێریتان، لە نەورۆزی ساڵی1989 پەیوەست دەبێت بەخەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد بە پێشەنگایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکوری کوردستان و لە ساڵی 1990 لەگەڵ دەستگیرانەکەی، بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا دەبن و خۆشەویستییەکەی نێوانیان دەگۆڕنەوە بە خۆشەویستی نیشتیمان، ئەڵقەکەی پەنجەیان دەخەنە ناو خاک و بە خوێنی خۆیان ژیانی نەمری بەبەردا دەکەن.

بێریتان لە کاتی خەبات و تێکۆشانی سیاسییدا ڕوبەڕوی گوشاری دەوڵەتی تورک دەبێتەوە، بەڵام ئەو هیچ کاتێک ملکەچ نابێت و سەرەنجام بڕیاری بەردەوامی خەباتی گەریلایی دەدات، تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا، لەناو ڕیزی گەریلاکان پێشکەوتنی گەورە بە دەستدێنێت و دواتر وەک فەرماندەی دەستەیەکی گەریلا دەچێتە هەرێمی شەمزینان.

ساڵی 1992دەچێتە شاخی خواکوڕک و بە پێداگریی خۆی بەشداریی شەڕی ئەو کاتە دەکات کە پەدەکە بە فیتی تورک لە هەفتانینەوە تا سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خواکورک هەڵیگیرساندبوو دژ بە گەریلا.

بێریتان لەو شەڕەدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت، وەک فەرماندەیەکی ژن لە سەنگەرەکانی پێشەوە شەڕ دەکات، سەرەڕای ئەوەی بریندار دەبێت، بەڵام تا دوایین گولـلە شەڕ دەکات.

چەکدارانی پەدەکە بانگ لە بێریتان دەکەن چەکەکەی دابنێت و خۆی ڕادەست بکات، بەڵام بێریتان لەبەر ئەو پەیمانەی کە بە خاک و ڕێگاکەی خۆیداوە، داواکەیان ڕەتدەکاتەوە و ئامادە نابێت چیتر ئەو ژیانە هەڵبژێرێت کە چارەنووسەکەی لەدەست خۆیدا نییە، هەربۆیە ڕۆحی خۆی دەدات بەدەم بای لوتکە چیاکان و بەدەم وتنەوەی درووشمی “بژی ڕێبەر ئاپۆ بژی پەکەکە” گیانی خۆی بەخت دەکات.

خۆڕاگریی بیریتان لە بەرامبەر خیانەتکاران و ڕادەست نەبوونی بە دووژمن، ڕێبازێکی زیندووی گشت هەڤاڵ و گەریلاکانە و بەشێکە لەو ژیانە سەربەرزانەیەی کە لەپێناو خاک و نیشتیماندا هەڵیانبژاردووە.

بەشێک لە چەکدارانی پەدەکە بە گیانفیداییەکەی بێریتان سەرسام دەبن، بە ترسەوە دەچنە سەر جەستەکەی، بەڵام هەر لەوێ هەموو ئەو ڕق و ترسەی بۆیان دروستبووە، بە یەکجار تێکدەشکێ و پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانیان شل دەبێت و نەفرەت لەو فیتنەیە دەکەن کە ئەوانی لەگەڵ برا و خوشكەکانیان کردووە بە دووژمن و قارەمانێکی وەک بێریتانیان لێ سەندونەتەوە.

داستانەکەی بێریتان مێژوو بە تەنها ناتوانێت بینوسێتەوە، لەو ئەفسانەیە دەچێت کە پاڵەوانەکەی یەک پارچە دەبێتە هەڵم و ڕۆحەکەی هەردەم لەناو خەباتی هەڤاڵەکانیدا ئامادە دەبێت، دەبێتە ئەنگیزەیەک بۆ بەردەوامی ڕێگای خەباتەکە.

ئێستا ناوی بێریتان لەناو زۆربەی ماڵەکاندا بوونی هەیە، بووە مەشخەڵێک بۆ ئەو ڕێگایەی کە پێویستبوو ڕۆشن بکرێتەوە، لەو شوێنەی کە بێریتان خاڵی کۆتایی دانا، گەریلا بەردەوامی پێدەدات.

داستانەکەی شەهید فەرماندە بێریتان، یەکەم چالاکی گیانفیدایی ژنە لەناو ڕیزەکانی گەریلادا، هەربۆیە گەریلاش وەک وەفایەک بۆ ئەو چالاکییەی بێریتان، سوپای ژنانیان لە ژێر ناوی “یەژاستار” دامەزراند کە ئێستا بووەتە پێشەنگی سەرجەم شەڕڤان و گەریلاکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

ڕێبەر ئاپۆ، لە هەڵسەنگاندنێکدا بۆ چالاکیه‌که‌ی شەهیدی فەرماندە بێریتان دەنووسێت:

“بێریتان بۆ ئێمه‌، وه‌سیەت، په‌یام و بانگەوازییەکە‌، ئه‌و بۆ ئێمه‌ ژاندارکه‌، چالاکیه‌که‌ی ئه‌و، چالاکیی عەشق و چالاکیی شکۆدارییه‌، ده‌بێت ئێمه‌ ژیانی شه‌هید بێریتان بکه‌ینه‌ هێڵێکی تایبه‌ت بۆ تێکۆشانمان، تا ئه‌وکاته‌ ئاشتیه‌کی شکۆدار دێته‌ کایه‌وه‌، ئێمه‌ درێژه‌ به‌و ڕێبازه‌ی بێریتان ده‌ده‌ین”.

دوای چالاکیە بوێرانەکەی شەهید بێریتان، ئیدی هیچ لەمپەرێک لەبەردەم ڕێگاکە بۆ هەڤاڵانی دوای خۆی نامێنێت، هێندەی پێناچێت مەشخەڵی ڕێگاکە لەدەست هەڤاڵ زیلاندا هێندەیتر گەشاوە دەبێ و دواتریش لەسەر دەستی شەهدی رۆژبین و شەهید بەروار تا ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.

هاوبەشی :