168
0
هاوبەشی :

ڕۆژهەڵات بەرەو کوێ ببەین؟

داوای گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باقی گەلانی ئێران بۆ مافی زێدەتر و بە گشتییش بۆ ڕووخانی ڕژیم تا ئێستایش بەردەوامە. ژینا ئەمینی بوو بەو مەشخەڵەی کە کاروانێکی لە ئازادیخوازانی بە دوای خۆیدا کێشاوە و جۆش و خرۆشێک دەبینین کە دەمیکە دڵ چاوەڕووانیەتی. ئەم ڕاپەڕینە لە دژی جەور و ستەمی هەزار ساڵەیە و ئاستی داواکارییەکانی گەلانی ئێرانی تەواو بڵند کردووەتەوە. دیارە حکومەتی ئیسلامی ئێران ئەزموونێکی بەرفراوانی لە کوشتن و بڕین و خەفەکردنی ناڕەزایان و لە ناوبردنی ناڕەزاییەکاندا هەیە و هێشتا ماویەتی بزانین چۆن و لە چ ئاستێکدا دەست دەوەشێنێت. بە هەر حاڵ، قسەوباسی زۆر دەکرێن و کراون. من پێم وایە ئەگەر باس لەسەر کۆتایی کۆماری ئیسلامیی بێت ئەوا ئەگەری دوو سیناریۆ هەیە.

یەکەمیان ئەوەیە کە ئێران، بە هۆی دەستتێوەردانی دەرەکییەوە، بە پلان ڕوو بە ناسەقاگیریی و نائارامیی و نائاساییشیی سەرتاسەری ببرێت و بە دەیان ساڵ درێژە بکێشێت. سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئەمریکا سیاسەتی دروستکردنی دۆخی ناسەقامگیریی و هێشتنەوەی ناسەقامگیرییە. لە نموونەی وەکو لیبیا، سۆمال و ئێراق (ساڵەهایەک و تا ئێشتایش ئەفگانستان) و دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان ڕووخسار و ناوەڕۆکی ئەم سیاسەتە زۆر بە ڕوونیی نیشان دەدەن.

ئەمریکا سوودی گەورەی لە سیاسەتی ناسەقامگیرکردن بینیووە و دەبینێت، چونکە پێویست ناکات وەکو ئەکتەری سەرەکیی لەگەل دەوڵەتێکدا مامەڵە بکات. لەم دۆخەدا هەیمەنەی ئەمریکا زۆر زۆر گەورەتر دەبێت لە بەراووردی دۆخی ئاساییدا.

سەبارەت بە ئێران، ئەگەری دامەزراندنی ئەم نموونەیە زۆرە. لە ڕێگای دروستکردنی دەیان و بگرە سەدان ئاغاواتی شەڕ (War Lords) و مفتەخۆری سەر سفرەی حازرەوە کە قازانجی قاچاخچیەتیی سامان و بەرهەمی هەمەجۆریان دەخەنە بەردەست، هەر لە بەلوجەوە هەتا کورد و فارس و عەرەب و ئازەر و ئەوانی دیکە، دۆخی وەکو ئەو وڵاتانەی سەرەوە دروست دەبێت و ئەمریکا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی ڕۆژئاوایی سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی ئێران تاڵان دەکەن. هەموو کەنارە سنوورییەکانی کەنداو دەخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە، بڕوواننە سۆمالیا، لیبیا، خوارووی ئیراق و هتد.
ئینفراسترەکچەری ئێران، بە کوردستانیشەوە، تێکوپێک دەدرێت، سەرچاوەکانی ئاو و وزەی کارەبا و وزەی هاتنوچوون تەواو خراپ دەکرێن، ستافی ئیستیخباراتی جیهانیی لە سەرانسەری وڵاتدا تۆڕ لێ دەدەن و ناهێڵن ناوەندێکی بڕیار دروست ببێت، یاخود ناوەندێکی بڕیاری ساختەی نمایشیی دادەمزرێنرێت کە هیچ شتێکی شایناباسی لە دەستدا نابێت.

هەوڵی ئەمریکا بۆ خۆشکردنی زەمینەی پێوەندیی قووڵتر لەگەڵ حکومەتی تاڵیبان رەنگە لەم چوارچێوەیەدا بێت. دەراوسێیەکی تازە نەفەسی ئامادە بە وابەستەیی لە دۆخی وادا پێویستە. تاڵیبانەکان بە خۆشییەوە ئەو ڕۆڵە وەردەگرن.
لەم بارودۆخەدا ئەگەری ئەوە زۆرە کە دەوڵەتی تورکیا لە ناو ئەوانەدا بێت کە براوەیەکی باش بێت، چونکە دەتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا هەستی ناسیونالیزمی ئازەری ببزوێنێت لەو ڕێگایەوە، بەتایبەتیی کە سنووری لەگەڵیدا هەیە، و کە لە ڕووی سەربازیی و لۆجێستیکیی و ئابوورییەوە دەستی دەیگاتێ.

ئەم سیناریۆیە دەتوانێت زەرەری جۆراوجۆری گەورە لە ڕۆژهەڵات بدات، بە تایبەتیی لە ڕووی پێکهاتەی جوگرافیاییەوە.

سیناریۆی دووهەم دەتوانێت ئەوە بێت کە ئەمریکا دەوڵەتداریی ڕادەستی سەڵتەنەتتەڵەبەکان بکات. لەبەر ئەو هۆیەی کە لە ئێستادا سیاسەتی نیولیبرالیزمی ناسەقامگیردن و سپاسالاریی ئەمریکا لە بازنەیەکی زۆر گەورەدا بەڕێوە دەبردرێت و ڕەنگە گەورەترکردنی ئەو بازنەیە بە زۆر هۆ لە ئێستای ئێستادا بە قازانجیان نەبێت. (لە دوای شەڕی ئۆکرانیا – رووسیا وە نیشانە زۆرن کە ئەمریکا دەیەویت ئوروپاش بخاتە دۆخی ناسەقامگیریی سیاسیی و ئابوورییەوە). گەورەترکردنی ئەو بازنەیە وا کە ئێرانیش بگرێتەوە کارێکی ئاسان نییە بە تایبەتیی کە هەر ئێستا پاکستان و تەواوی وڵاتە دەراوسێ عەرەبیەکانی ئەو بەری کەنداو بە دەست کێشەی فاشیزمی مەزهەبی و نادادیە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانەوە تەواو ناسەقامگیرن و لە هەودان و لە ڕاستییدا دۆخیان لە هی ئێران باشتر نییە.

ئەگەر ئەمریکا نەیەوێت بازاڕێکی گەورەوگرانی دیکەی ناسەقامگیر بخاتە سەر پشت بە تایبەتیی لە جوگرافیایەکی وا پانوبەرینی وەکو ئێراندا، ئەوا ئەڵتەرناتیڤی دیکە دەبێت هەبن.
ئەو ئەڵتەرناتیڤە ئەوەیە کە ئەمریکا بە هاوکاری دەوڵەتانی هاوپەیمانی رۆژئاوایی هەموو کرێدیتێکی سیاسیی، دیپلۆماسیی، ئابووریی بە حکومەتی “شاهزادە”رەزا پەهلەوی دەدەن و بازاڕی چەکی لە سەر دەکەنەوە. رێگای پێ دەدەن کە سپا وەکو خۆی بهێڵێتەوە و کە ناسنامەی سپای پاسداران لە بەرامبەر وەفاداریی نوێدا بگۆڕێت. جا رەنگە هەندێک لە کەسانی تایبەتیی سپای پاسداران نەگرێتەوە، بەڵام ناسنامەی هەموویان لە سەعاتێکدا دەگؤڕن و هەمان ئەرکی سەرکوتکردنی خەڵکیان پێ دەسپێرن. لە پڕێکدا رەزا پەهلەوی دەبێت بە خاوەنی هێزێک کە دەتوانێت چاو لە ناوخۆ بز بکاتەوە. هێشتنەوەی سپا و لێخۆشبوون لە سپای پاسداران زامنی بەهێزکردنی ڕژیمی شاهەنشایی ڕەزا پەهلەویە و بۆ هەموو لایەکانی بازرگانانی سیاسیی، بەتایبەتیی حەوزەکان قازانج بە قازانجە. دیارە کە گەلانی ئێران زەرەرمەندیی سەرەکیی دەبن.

لەم سیناریۆیەدا، بە پێچەوانەی سیناریۆکەی سەرێ، دەوڵەتێک دەبێت کە ڕوو بە ناوەوە بۆ بەکارهێنانی هێز بە مانای “دەوڵەتداریی” زۆر زۆر بە هێز دەبێت و دەتوانێت سەرکوتی کۆمەڵانی خەڵک بکات و سنووری ئێران لەم شێوەیەی ئێستادا بپارێزێت، بۆ نموونە وەکو تورکیا، بەڵام کە ڕوو بە دەرەوە، لەبەرامبەر خاوەنەکانی خۆیدا، بەندەیەکی ملکەچ دەبێت و تەواوی ئێرانیان لە ئیختیار دادەنێت.

دیارە لە هەردوو سیناریۆکەدا ئەگەری شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی زۆرە، بە تایبەتیی لە شارە گەورەکانی ناوەنددا لە نێوان لایەنگرانی حیزبوڵای ڕژیم، موجاهیدینی خەلق و شاپەرستەکان و بەڵام هەروەها لە نێوان گەلانی ئێران و لە ناوخۆی گەلانی ئێراندا لەو مانایەدا کە بە هەڵە پێی دەگوترێت”شەڕی براکوژیی”.

ئایا ئەم دوو سینایۆیە بە چ مانایەک بۆ خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستانیی دێن؟
لە سەر ئەوە کەوتووە ئێمەی کوردستانیی چۆن بیر دەکەینەوە و چ جۆرە پلان و خۆئامادەکاریی و جیهانبینییەکمان هەیە.

کوردانی ڕۆژهەڵات، لە پراکتیکدا و زۆر نزیک لە خۆیان، دوو نموونە دەبینن. یەکێکیان باشوورە (لێکچووییەکی زۆریش هەیە!) و ئەوی دووهەمیان ڕۆژئاوایە. هەروەها بەشێکیان ئەزموونی خەباتی چەکدارییان هەیە (دیارە زۆر کۆن) و هاوکاتیش ئەزموونی شێوەکانی ناکۆکی لە باشوور لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا دەبینن و تیاشیدا ژیاون.

ئەڵتەرناتیڤی جیاواز بۆ وەڵامدانەوە بەم بەم سیناریۆیانە هەیە، بۆ نموونە:
دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نیشتیمانیی کە بەڕێوەبەرایەتیی هاوبەشی سیاسیی، دیپلۆماسیی، سەربازیی، و ئابووریی بکات (ئەم باسە لە نێو دڵسۆزانی ڕۆژهەڵاتییدا بە شێوەی جیاواز کراوە و بەردەوامە بەڵام بە ئاماژە بە حیزب و ڕێکخراوەکان کراوە کە من وا بیر ناکەمەوە). چۆنیەتیی کردنی ئەم کارە باسێکی دیکەیە، بەڵام بە بۆچوونی من ئەو کارە دەبێت ڕۆژهەڵاتییەکان لە ناو خودی ڕۆژهەڵاتەوە بیکەن هەر لە ئیلامەوە تا خویە، بە شێوەی ڕێکخستنی جیاواز و پێویست. ئەم هاوپەیمانییە دەبێت ئازادیخوازانە بێت لەو مانایەدا کە هەر لە ئێستاوە پێ دابگرێت کە دین و دەوڵەت لە یەک جیا بن، مافی مرۆڤ مافی ژنانیشە، ئازادییەکان، پاراستن و ڕێزگرتن و سەلماندنی ناسنامە ناوخۆییەکان، خوشکایەتیی گەلان و چارەسەرکردنی کێشە ئیتنیکیی و سنوورییەکان بە شێوەی ئاشتیخوازانە و قازانجی دانیشتووانی ناوچەکان و هتد. پێشمەرجی ئەم کارە بوونی تێگەیشتنێکی نیشتیمانیی دڵسۆزانە و وەفادارییانەیە. هەویرێکی زۆر باشی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز و لێهاتوو لە ناو ژنان و پیاوانی رۆژهەڵاتدا هەیە کە دەتوانن لە دەرەوەی ئەزموون و ستراکچەرە سوننەتییە بێ خێرەکانی تا ئەوڕۆ بیینوومانە، ئەم کارە بکەن. ئەوان دەتوانن هەر لە سەر هەمان پرینسیپی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی بۆ دامەزراندنی یەکیەتی جووتیاران، شتێکی بۆ نموونە وەکو “یەکیەتیی شوورا کوردستانییەکان” لە سەر هەمان ئەو پرینسیپانە دابمەرزێنن کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ کردوون. بە ئاماژە بە ئەزموونی باشوور و ئێراق و کۆمەڵێک نموونەی ولاتانی کۆنەپەرستی جیهانی ئیسلامیی، نابێت بە هیچ جۆرێک سازش لەسەر ئەو پرینسیپانە بکرێت.

لە ئوروپا، کۆبوونەوە لە ژێر چەتری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک ن ک) دا بە هەمان ئامانجی خاڵی یەک بە مەبەستی بەهێزترکردنی ئەوی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتدا دەتوانێت سەهمێکی پشتگیریی و خاوەندەرکەوتنی باش بێت، بەتایبەتیی کە لانی کەم لە بواری تەکنیکی سەربازییدا پێویست بە پێشکەوتن هەیە. دیارە دەبێت و پێویستە ئەو گۆڕانکاریانە لە پێڕەووپرۆگرامی ک ن ک دا بکرێن کە پێویستن و کە دەتوانن زۆر ڕیشەیی و سترەکچەرییش بن (ئەوەش باسێکی دیکەیە). بە سەدان و بگرە هەزاران لە تێکۆشەری دێرین و لە نەوجەوانانی ڕۆژهەڵاتیی هەن کە هەموو خەسڵەتێکی نیشتیمانپەروەریی و دڵسۆزیی و توانای هزرییان هەیە و دەتوانن کۆمەکی باش بە رۆژەهەڵات بکەن. مەرجی ئەم جۆرە کارانە ئەوەیە کە بەشداران بتوانن لە بان ئایدیۆلۆژییەوە بکەونە ناو گفتوگۆ و بەرنامەی کۆنکرێتی کاریان هەبێت. لایەنی باشی ئەم کارە لە ڕێگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ـەوە ئەوەیە کە دووبارە ستاتوی داگیرکراوی کوردستان وەکو یەک یەکەی جوگرافیی و یەک نیشتیمان بەرجەستە دەکاتەوە و هەروەها هاوکاریی و خاوەندەرکەوتنی پارچەکانی دیکەیش، بە شێوەی پراکتیکیی نەک هەر سۆزداریی، زامن دەکات.

لەم بارەوە هیوادارم زوو بە زوو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک ن ک) بتوانێت کۆنفرانسێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵات ئامادە بکات و ڕەشنووسێکی دەستووریی بۆ کار بخاتە بەر دەست.

ڕێبوار ڕەشید
٢٠٢٢/١٠/١٠

هاوبەشی :