ڕاگەیاندنی تەڤگەری ئازادی: ھەڤاڵی ھێژامان سوھەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی کفری تیرۆر کرا
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ئێستا و دیوانی سەرۆکایەتی کۆنگرە لە خولەکانی پێشودا، ھەڤاڵی ھێژامان سوھەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی کفری تیرۆر کرا.
بێگومان ئەم تیرۆرە ھێرش و دەستدرێژییە بۆ سەر بزوتنەوەکەمان و بە دڵنییاییەوە بێ وەڵام نامێنێتەوە، مامۆستا جگە لە ئەرک و بەرپرسیارێتی سیاسی وەکو کادرێکی فیداکار و ڕەنجدەری تەڤگەرەکەی لەھەمان کاتدا نووسەر و مێژونوس و جوگرافیاناس و فەرمانبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کفری بووە و جێگە دەست و خزمەتەکانی بێسنوورە و لە بەرچاوە، ھەڤاڵی شەھیدمان ھیچ کێشەیەکی لە بواری ژیانی و کۆمەڵایەتیدا نەبووە، ئەم تیرۆرە تیرۆری دەوڵەتی داگیرکاری تورکیایە بە ھاوکاری خیانەتکارانی ناوخۆیی،
ئەم تیرۆرە و تیرۆرەکانی تر پێمان دەڵێت دوژمنانی گەلی کورد و ئازادی، ئازادانە کردە تیرۆرستیەکانیان ئەنجام دەدەن و دەرباز دەبن، ئەرکی دۆزینەوە و ئاشکرا کردنی بکوژانی مامۆستا شەماڵ لە گەردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئاسایش و دەزگا ئەمنیەکانی گەرمیاندایە و پێویستە ھەرچی زووە بکوژان ئاشکرا و دەستگیر بکەن، لەو پێناوەشدا ھەموو ئەرکێکی ھەڤاڵێتی و ئەخلاقی و ویژدانیمان جێبەجێ دەکەین.
بانگەوازی بۆ ئازادیخوازان و گەلی وڵاتپارێز و لایەنە دیموکراتخوازەکان دەکەین خاوەنداری لە شەھیدی خۆیان بکەن، لەئەگەری خاوەن دەرنەکەوتن لە شەھیدان، ئەم تیرۆرە لەدەرگای تاک بە تاکی ئازادیخوازان دەدات.
سۆز دەدەین بەردەوام بین لە خەبات لە پێناو خەون و ئاوات و ئامانجەکانی شەھیددا و بەڵێن دەدەین خوێنی ھەڤاڵی ئێمە باجەکەی گران دەبێت.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی ھاوسەرۆکایەتی