ده‌سته‌ڵاتی باشور په‌نا بۆ تێرۆری چالاکوانانی ئه‌وروپا ده‌بات!

257
0
هاوبەشی :

هه‌موو ئاگادارین که‌ ده‌سته‌ڵاتی باشور له‌پاڵ ئه‌وه‌ی رۆژ به‌ڕۆژ زیاتر له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کان و زیندانییکردنی ئازادیخوازان ده‌گلێ، هاوکات له‌بری به‌ده‌نگه‌وه‌ چوونی ره‌خنه‌ی ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان و ئازادکردنی زیندانییانی مافخوراوی بادینان، که‌چی دێت په‌نا ده‌باته‌ به‌ر قێزه‌ونترین تاوان به‌رامبه‌ر به‌ چالاکوانان و رۆژنامه‌نوسانی باشور، که‌ له‌ئه‌وروپا و هه‌نده‌ران چالاکن.

له‌م رۆژانه‌دا هه‌وڵێکی ترسنۆکانه‌ی تیرۆریستی به‌رامبه‌ر به‌ چالاکوان و رۆژنامه‌نوسی بوێر قادر نادر ئه‌نجامدراوه‌ له‌ وڵاتی سوێد، که‌ به‌ئاشکرا جێپه‌نجه‌ی حزبێکی باڵای باشوری کوردستانی پێوه‌ دیاره‌، خۆشبه‌ختانه ناوبراو سه‌لامه‌ته‌ و دڵنیاشین که‌ ناوبراو و هاوڕییانی ئه‌و به‌م کاره‌ چه‌په‌ڵانه‌ نه‌ک هه‌ر سارد نابنه‌وه‌، به‌ڵکو له‌ جاران زیاتر به‌رامبه‌ر دزی و گه‌نده‌ڵی و ناپاکییه‌کانی سه‌رانی باشور کارا ده‌بن و بوێرانه‌تر دێنه‌ مه‌یدان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره‌، که‌ پارتخێڵه‌ باڵاده‌سته‌کانی باشور باکییان به‌ ناوبانگی خۆیان و حکومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌نده‌ران نییه‌، بێ ئاگا له‌وه‌‌ی که‌ ئه‌م کار و کرده‌وانه‌ به‌رده‌وام ده‌چنه‌ ناو په‌ڕاو و دۆسییه‌ی پۆلیس و دادگاکانی وڵاتانی ئه‌وروپی، وه‌ک چۆن له‌ دۆسییه‌ی هه‌‌وڵی تیرۆری مه‌کی ئامێدی ناوی پارتی و نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم زڕا، ئاوا به‌م کارانه‌ زیاتر و زۆرتر ناوی حکومه‌تی هه‌رێم و خودی سه‌رانی پارته‌کان ده‌زڕێ و رسوا ده‌بن.

پێویسته‌ ‌ده‌سته‌ڵاتدارانی باشور وانه‌یه‌ک له‌ مێژووه‌وه‌ فێر بن، که‌ پێش ئه‌وان ده‌یان و سه‌دان ده‌سته‌ڵاتدار و حزبی تر ئه‌م رێگه‌ ترسنۆکانه‌یان گرتۆته‌ به‌ر و هیچ دادی نه‌داون، بگره‌ خه‌باتگێڕانی رێگای دڵسۆزی و نیشتمانپه‌روه‌ری و هه‌قخوازیی زیاتر سور بوونه‌ و  به‌ گوڕ و وره‌ و هیممه‌تێکی زیاتره‌وه‌ و به‌رده‌وام بوونه‌. با دڵنیاش بن ئه‌م کارانه‌‌ی ئه‌مانیش هیچ سودی نابێت و نابێته‌  فریادڕه‌سی کاره‌ به‌دخویی و ناپاکییه‌کانیان و هه‌وڵێکی نه‌زۆکانه‌ زیاتر هیچی دی لێ شین نابێت.

ئێمه‌ وه‌ک کۆمیته‌ی داکۆکی له‌ ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی باشور له‌ کاتێکدا ئه‌م کاره‌ چه‌په‌ڵانه‌‌ ڕسوا ده‌که‌ین، هاوکاتیش پشتیوانی ته‌واوی هاوڕێ و ئه‌ندامی چالاکی کۆمیته‌که‌مان کاک قادر نادر ده‌که‌ین بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی دۆسییه‌که‌ی له‌ دادگا و وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی و سزادانی ئه‌نجامده‌ران و ئه‌وانه‌ی له پشت ئه‌م کاره‌ تیرۆرستانه‌وه‌ن.

کۆمیته‌ی داکۆکی له‌ ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی باشور

هاوبەشی :