٢ شەڕڤان و هاوڵاتیەك شەهید بوون لە قامیشلۆ لە هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی داگیركەری توركدا
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ٢ شەڕڤانیان و هاووڵاتییەک لە بۆردوومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک دا لە دژی ئۆتۆمبێلێک لە گوندی مەلە سباتی سەربە قامیشلۆ شەهید بوون. قەسەدە ڕاشیگەیاند: “ئێمە لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە و تۆڵەی شەهیدەکانمان لە داگیرکەران دەکەینەوە”.
لە راگەیەندراوەکەی قەسەدەدا هاتووە:
“ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر ١٧:١٠ دا، کە دوو شەڕڤانمان بە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە پشوو لە گوندی مەلە سبات لە قامیشلۆ دەگەڕانەوە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا شەڕڤانانی ئێمە دژوار کۆبانێ و چیا ئەلقامیشلۆ شەهید بوون هاوڵاتییەکیش بەناوی ئەدیب یوسف شەهید بوو.
سوپای تورکیای داگیرکەر بەم دواییانە هێرشەکانی خۆی لە سنوورەکە زیاتر کردووە و ڕۆژانە هەم بە بۆردومان و هەم بە فرۆکەی بێ فرۆکە و هەم بە چەکی تری جۆراوجۆر هێرش ئەنجام دەدا. لەو هێرشانەدا نەک تەنها سەرباز، بەڵکو هاوڵاتیانی مەدەنیشمان دەکرێنە ئامانج، ئێمە لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە و تۆڵەی شەهیدەکانمان لە داگیرکەران دەکەینەوە”.