دەرچە میدیا‌ له‌ ٨ هەمین ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژی گەلی ئێزدی‌ شه‌نگال، ئەو كۆمەڵكوژیە شه‌رمه‌زار ده‌كات

314
0
هاوبەشی :

لە دیرۆكدا، كۆمەڵگەی ئێزیدیخان چەندین جار ڕووبەڕووی سیاسەتی قڕكردن و كۆمەڵكوژی بوونەتەوە لەسەر دەستی داگیركەران و دەسەڵاتدارنی كۆنەپەرستی دژە مرۆڤایەتی كە زوربەی زۆری ئەو سیاسەت پاكتاو كردنانە لە لایەن فەرماڕەوایانی هۆسمانی و داگیركەری فاشستی توركدا بوون.

دوا كۆمەڵكوژی ئێزدیەكان لەسەر دەستی كۆنەپەرستانی داعشی بوو لە ٣ ئابی ٢٠١٤، ئەمەش لە ئەنجامی هەلهاتنی هێزەكانی بە ناو پێشمەرگەی پەدەكە و سوپای عێراقدا بوو لە بەرامبەر داعش، جێهێشتنی كۆمەڵگەی ئێزیدخان بۆ بەر تیغی تیژی مرۆڤ كوژانی داعش، كە لە ئەنجامدا كارەساتێكی سامناكی لێكەوتەوە له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا یه‌كێك له‌ قورسترین كۆمه‌ڵكوژییه‌كان و پڕئێش و بە ئازارترینیانە، بووە هۆكاری كوژرانی هەزاران ژن و پیر و منداڵ و فڕاندن و هەڕاج كردنی هەزاران ژن لە بازاڕەكانی شارەكانی ژێر دەستی داعشی كۆنەپەرست ، تا ئێستاش هەزارانی تر بێسەر و شوێنن، ئەمە جگە لە كۆچبەر كردن و هەڵكەندنی دەیان هەزار ئێزدی تر لەسەر زێدی خۆیان كە ئێستا لە ئاوارەیدا ژیان بەسەر دەبەن لە باشوری كوردستان و شوێنەكانی تری جیهان.

كۆمەڵ كوژی گەورەی ئێزدیەكان ٨ ساڵی تێپەڕان، تا ئەمڕۆش ترسی ئەنجامدانی فەرمانی كۆمەلكوژی تر بەردەوامە لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری تورك و بنەماڵەی بارزانی و دەوڵەتی عێراق و تەواوی دەسەڵاتە دژە ئازادیەكان بە داعشیشەوە، بۆیە ئەركێكی ئەخڵاقی كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و تەواوی خەمخۆرانی ئازادی و دیموكراتیە لە كوردستان و جیهان كە بەرپرسیارێتی پاراستنی كۆمەلگەی ئێزدخانی ئاشتیخواز لە ئەستۆ بگرن و ئەو خۆبەڕێوەبەریەتی كە خەڵكی شەنگال بەخواستی خۆیان بنیادناوە بپارێزن لە هەڕەشەكانی پەدەكەی ماڵ بارزانی و دەوڵەتی داگیركەری تورك و دەوڵەتی عێراق و تەواوی پیلانە نێو دەوڵەتیەكان.

دەرچە میدیا لە ٨ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدیەكان لە شەنگالدا، سەری ڕێز و نەوازش دائەنوێنی بۆ شەهیدانی كۆمەڵكوژیەكە و شەهیدانی ڕزگاری شەنگال تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی، جارێکی دیکە یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسیمان دەکەینەوە و خوازیارین ئێزدیەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە ئازادی، بە بەردەوامی لە هەوڵ و تێکۆشاندا بن.

لە هەمان كاتدا لە ساڵیادی كارەساتی  شەنگالدا بكەرانی ئەو كۆمەڵكوژیەدا ڕسوا و شەرمەزار دەكەین و بێدەنگی دەولەتانی جیهان بەرامبەر بەو كارەساتە قێزەونە شەرمەزار دەكەین و پەدەكە  هاوبەش و بەشداری كۆمەڵكوژیەكەیە و دەبێت لە دادگای گەلدا دادگایی بكرێت.

سەركەوتن   سەركەوتن

٣ ئابی٢٠٢٢

هاوبەشی :