عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایش داوایكرد: دەبێت رێککەوتنێک بکرێت کە تورکیا ناچار بکات تەواوی هێزەکانی لە خاکی عێراق بباتە دەرەوە

279
0
هاوبەشی :

دوێنێ شەو  ٢٦ تەموز ٢٠٢٢ ئەنجومەنی ئاشایشی نێونەتەوەیی لە نیوێۆرك كۆبونەوەیەكی لەسەر سكاڵای عێراق دژی هێرش و داگیركارییەكانی داگیركەری توركیا بەڕێوە برد، بەتایبەتی ئەم هێرشە كۆمەڵكوژیەی ئەمدواییەی بۆ سەر گوندی بەرخی سنوری زاخۆ كە بووە هۆكاری كوشنی ٩ هاوڵاتی و بریندار بوونی ٢٣ هاوڵاتی تر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند،  وەزیری دەرەوەی عێراق توانی لە كۆبونەوەكەدا بەڵگەی پێویستی بۆ تۆمەتبارکردنی تورکیا پێشکەشبکات.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، وتاری عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لایەن وەزیری دەرەوەی عێراق خوێندرایەوە كە سەركەوتوانە توانی بەڵگەی پێویست بۆ تۆمەتبارکردنی تورکیا پشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش بکات و دیبلۆماسیەتی عێراق بەرپرسیارانە توانی بەرگری لە مافی گەلی عێراق و خوێنی شەهیدانی هێرشەکانی تورکیا بکات ، ڕایگەیاند كە عێراق پێشوازی لە ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا دەکات لە لایەن وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە عێراق ٢٩٦ یاداشتی ناڕەزایەتیی بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەوە ئاڕاستەی تورکیا کردووە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر پێشێلکارییەکانی تورکیا، کە بەکۆی گشتی ٢٢ هەزار و ٧٤٢ پێشێلکاری بەرامبەر خاک و سەروەریی عێراق ئەنجامداوە، هاوکات چوار داواکارییشی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کرد بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەهۆی ئەم دۆخەوە، ئێمە لەبەردەم هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەڕێگەی ئەنجوومەنی بەرێزەوە دووپاتی دەکەینەوە، کە هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان عێراق و تورکیادا نییە سەبارەت بە ڕێگەدان بە هێزەکانی تورکیا بۆ چوونە ناو خاکی عێراق بۆ شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە، لە بەرامبەر پێداگریی تورکیا لەسەر هەبوونی ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە، هەروەها بیرتان دەهێنینەوە کە لایەنی تورکیا هۆکاری یەکەمی ئەم قەیرانەیە، لە ڕێگەی دەستپێشخەریی ئەنقەرە لەگەڵ پەکەکە لە ساڵی ٢٠١٣، کە لە یەکێک لە بڕگەکانیدا داواکارییەکی خستۆتە ناوەوە بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی ئه‌و حزبه‌ له‌ توركیا بكشێنه‌وه‌ بۆ ناو خاكی عێراق”.

دەقی داواکارییەکانی وەزیری دەرەوەی عێراق، لە ئەنجومەنی ئاسایش نێودەوڵەتی؛

یەکەم: دەبێت رێککەوتنێک بکرێت کە تورکیا ناچار بکات تەواوی هێزەکانی لە خاکی عێراق بباتە دەرەوە، ئیدی لە هەرشوێنێکی عێراق جێگیرکرابن؛ هێزەکانی تورکیا بە هەڕەمەکی لە نێو خاکی عێراق جێگیربوون و هیچ رێککەوتنێک لەسەر هەبوونی هێزی ئەو وڵاتە لە عێراق بوونی نییە، هەبوونی ئەو هێزانە ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات و ئاسایش پەکدەخات.

دووەم: ئەم هێرشانە دەبێت بە تووندی سەرکۆنە بکرێن و تەواوی ئەوانەش کە ئەم هێرشە ترسنۆکانە دەکەن دەبێت سزابدرێن.

سێیەم: ئەمە هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیش؛ هەروەها دەبێت تیمێکی نێودەوڵەتی دابنرێت تاوەکو لەم هێرشانە بکۆڵنەوە.

چوارەم، پێویستە حکومەتی تورکیا قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەر خەڵک کەوتووە، ئەم هێرشەی کۆتایی زیانی گەورەی بە کەرتی گەشتوگوزاری عێراق گەیاندووە؛ هەروەها عێراق بە تەواوەتی بەرپرسیاری خۆی نیشانداوە و خۆی بۆ سەقامگیریی زیاتری ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی یەکلاکردووەتەوە.

هاوبەشی :