ئەردۆگان لە بری داوای لێ بوردن، نكۆڵی لە كۆمەڵكوژی زاخۆ دەكات، وەزیری بەرگری عێراقیش هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ توركیا دەكات

231
0
هاوبەشی :

ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند ئەو هێرشە تیرۆریستییەی كرایە سەر پارێزگای دهۆک لە عێراق، هاوشێوەی ئەو هێرشانە بوو کە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە ئەنجامدراون ، لێدوانەكەی سەرۆكی توركیا نكۆڵی كردنە لەوەی دەوڵەتەكەی ئەو كۆمەڵكوژیەی كرد بێت و لە هەمان كاتدا خۆی لادەدا لە ناوهێنانی هەرێمی كوردستان.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ئەردۆغان لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا لە کەناڵی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکی (TRT) ڕایگەیاند: “ئەنقەرە داوای لە ئەمریکا و ڕوسیا و براکانمان لە عێراق کردووە کە نەکەونە داوی ئەوەی كە توركیا بە بكەری ئەو كۆمەڵكوژیە بزانن”

سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند کە هێرشەکە هاوشێوەی ئەو هێرشانەیە کە لەلایەن شەڕڤانانی پەکەکە و یەپەگە و پەیەدەوە ئەنجامدراون.

وەزیری بەرگری عێراق جومعە عناد ڕایگەیاند كە سوپای عێراقی توانای ڕووبەڕووبونەوەی سەربازیی لەگەڵ تورکیا هەیە و ناچار دەبین كە بە سوپا هێرشەکانی توركیا ڕابگرین، بەڵام ئێمە وەك عێراق چاوەڕێی چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسین و ڕایگەیان كە  شەڕ جگە لە وێرانکردن و خوێن ڕشتن هیچی تر بە دوایی خۆێدا ناهێنێت.

وەزیری بەرگری لە لێدوانە تەلەفیزیۆنییەکانی درەنگانی ڕۆژی دووشەممەدا وتی: “عێراق ڕۆژی سێشەممە، یەکەم شەڕی دژی تورکیا لە ئەنجومەنی ئاسایشدا دەکات و چاوەڕوانین عێراق لە بواری دیپلۆماسیەتی چی بەدەست دەهێنێت”

جومعە، وتیشی: بارودۆخی سەر سنووری تورکیا و عێراق زۆر مەترسیدارە و لەهەوڵی ئەوەداین هێزەكانی پاسەوانی سنووری فیدراڵی چەكدار و بەهێز بكەین و  بەرەو سنورەكان جوڵەیان پێبكەین بۆ کۆتاییهێنان بە هاتنە ناوە و دەستدرێژیەكانی تورکیا لە عێراق

سوپای تورك ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو گوندی (بەرخ)ەی گەشتیاریی سەر بە پارێزگای دهۆك تۆپباران کرد و لە ئەنجامدا کۆمەڵکوژییەکی هاوڵاتیانی مەدەنی لێکەوتەوە کە دەیان ژن و منداڵی تێدا کوژرا و بریندار بوون

هاوبەشی :