پەکەکە چی دەکات لە کەلار و ئاغجەلەر و تەواوی هەرێمەکانی باشوور؟؟
نوسینی: هەرێم مەحمود سەمەن
هەرکاتێک تورکیای داگیرکەر بە چاوساغی چەتەکانی لە علمانی و ئیسلامیەکانی باشوور هێرشێک لەدژی ووڵاتپارێزان ئەنجام دەدات، لەگەڵ ئەو هێرشەدا بەکرێگیراوەکانی لەچوارچێوەی شەڕی تایبەتدا بۆ گەوجاندنی خەڵک و ڕەوایەتیدان بە هەوڵەکانی داگیرکاری و ئامادەکردنی زەمینەی تەواو بۆ گەڕانەوەی خەلافەت ئەرکدار دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک تۆمەت و پرسیاری بێ توێکڵ فڕێدەدەنە بەر گوێ خەڵکی ، یەک لەوانە ، ووروژاندنی بابەتی وەک پەکەکە بۆ ناچێت لەباکوور شەڕ بکات؟؟ وەیان پەکەکە چی دەکات لێرە؟!! بۆ وەڵامی ئەمە بەچەند خاڵێک کۆمەڵێک زانیاری و وەڵامی توێکڵداری ئەو بەکرێگیراوانە دەدەمەوە:
١- پەکەکە لەبنەڕەتدا باوەڕی بەو سنورە دەستکردانە نیە کە ووڵاتانی ئمبریالی لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان و دەوڵەتنەتەوەکان درووستی کردوون و کوردی هەرچوار پارچەی بۆ ماوەی نزیک لە سەدەیەک لەڕووی کەلتووری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و تەنانەت ڕۆشنبیریشەوە لە یەکتر دابڕاندووە، بەو دابڕانەش هێزی بەرگری کورد لاواز بووە..
٢- ووڵاتانی زلهێز و دەوڵەتنەتەوەکان خۆیان باوەڕیان بەو سنورە دەستکردانە نەماوەو ئێستاش سنوری خۆیان فراوان دەکەن، ئەی بۆچی ئێمەی کورد باوەڕمان بەو سنورانە هەبێت و بیپارێزین ، کە دەشزانین لەبنەڕەتدا بۆ قەتڵوعامکردن و قڕکردنی کورد دانراوە؟؟؟!!
٣-پەکەکە شەهیدی لە هەر چوارپارچە هەیە، تەنها لە گەرمیان ٤٥ شەهید هەیە،شەهید لە کوێ هەبێت ئەوا ئەرکی ئەخلاقی ئەو حەرەکەتەیە کەوا لەوێ بوونی هەبێت.
٤- باشە بۆچی لایەنی تر مافی هەبێت حزبی هەبێت و لەسەر فکر و ئایدیای غەریبەیەک ڕێکخستن ئاوابکات و ناوەندی تایبەتی پەروەردەی جیای منداڵانی هەبێ؟؟ بەڵام ئێمە بۆمان نەبێ لەسەرفکر وهزری کوردێک کە ژیانی لە پێناو مرۆڤەکان بەخشیوە،ڕێکخستن ئاوا بکەین؟!!
٥-مەگەر شیوعیەکان لەسەر فکری مارکسی لینینی نەبوون؟ دەکرێ بڵێین بۆ ناچن لە ڕوسیاو چین خەبات بکەن؟؟ مەگەر یەکێتیش لە چین پەروەردەیان نەدەبینی؟!! دەکرێ بەوانیش بڵێین بچنەوە چین خەبات بکەن؟؟؟ مەگەر یەکگرتووی ئیسلامی سەر بە ئیخوانی حەسەن بەننا نین ، دەکرێ بڵێین بۆ ناچن لە میسر کار بکەن؟!! مەگەر پارتی حزبی ڕۆژهەڵات نەبوون دەکرێ بڵێین بۆ ناچنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟!! تەنانەت هەندێک لەو حزب و ڕێکخستنانەی باسمان کردن پیلانی داگیرکاری جێبەجێدەکەن بە میکانیزمی جیا، لەکاتێکدا ئێمە لەسەر هزری کوردێک ڕێبازێکمان ئاواکردووەو ڕێکخستنمان پێکهێناوەو ڕەنج ئەدەین لەپێناو خەڵکی ..باشە بۆ هەموو شتێک بۆ ئێمە حەرام بێت؟؟
٦-ئەو،شەڕەی پەکەکە بەرامبەر بە داگیرکەران و سوپای تورکیا و لە باکور کردویەتی ، هیچ هێزێکی کوردی نەیتوانیەوە نیوەی ئەو شەڕ بەرامبەر بە داگیرکەر بکات، لە ٢٠١٦ چوار شاری گەورە ئازاد کران بەڵام بەفەرمانی ناتۆ خاپوور کران، لەیەک باڵەخانە دووسەد ژن و پیاو گەنج و منداڵ سوتێنران، بەڵام لەبەرئەوەی شەڕی کوردی ئازاد بەرامبەر ناتۆیە ، بۆیە هیچ کەناڵێک بۆی نەبوو ئەو هەواڵانە بگوازێتەوە، چەتەکانی کوردایەتیش لە باشوور وەک بەشێک لە ڕێخراوی تیرۆری جیهانی ناتۆ (گلادیۆ)،ئەرکدار بوو بە دژایەتی گەلی ئێمە لەباکوور.
٧- هێزی تورکی بۆ لە بەعشیقە بێت؟؟ بۆ لە حەلەب بێت ؟؟ بۆ لە لیبیا و قەتەر و ئەسیوبیاو ئەفەریقاو یۆنان بێت وەک داگیرکار؟؟!! بۆ لیوای فاتمیونی شیعی لە ئەفگانستانەوە بهێنرێن لە عێراق و سوریاو یەمەن شەڕ بۆفراوانکردن و تەواوکردنی هیلالی شیعی بکەن، بۆ ئیغورەکانی لە چینەوە بهێنرێن شەڕ لەدژی کورد بکەن لەعفرین و لە ڕۆژئاوا نیشتەجێ بن؟؟ بۆ ڕێخراوی تیرۆریستی گورگەبۆرەکانی تورکیا چوارهەزار ئەندامی تورکمانی کەرکوک پەروەردە و ئامادە بکات بۆ کوشتن و سەربڕینی کورد ؟!! بەڵام کوردێک بۆی نەبێ لە چوارچێوەێ ڕێکخستنێکدا بەرگری لەپارچەیەکی تری کوردستان بکات و لەدژی داگیرکاری بووەستێتەوە؟؟؟!! بۆچی بەریتانیا و ئەمەریکا و اسرائیل و ناتۆ بەگشتی و قەتەر و ئیمارات و سعودیەو هندستان و تورکیاو ئێران و عێراق زۆربەی ووڵاتانی جیهان بەرنامەو پیلانی جیاجیان هەبێ و سازی و ڕێخراوی جیاواز ئامادە بکەن بۆ جێبەجێکردنی پیلانەبەرژەەندیخوازان و داگیرکارانەکەیان بەڵام ئێمە بۆمان نەبێ وەک ئەوان بەرنامەو پیلانی ئەخلاقیانەمان بۆ گەلانی باشورو پارچەکانی تر هەبێ لەچوارچێوەی بەرژەوەندی و خزمەتکردن و پاراستنی خاک و کۆمەڵگا ؟!!
لەڕاستیدا ئێمەی کوردجگە لە پیلانی کاتی و دیراسەنەکراو تا دەرکەوتنی پەکەکە هیچ بەرنامە و پیلانێکمان نەبووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەڕە تایبەتەو داگیرکاری سەدە، لەدووای دەرکەوتنی پەکەکە ئیتر دوژمن شڵەژاوە و بەکرێگیراو دایکخۆفرۆشەکانی زیاتر تەمویل دەکات بۆ بەرپاکردن و بەڵکو بەردەوامکردن و فراوانکردنی شەڕە تایبەتە بەردەوامەکانی لەسەر گەلی ئێمەو گەلانی تر ، چونکە پووچەڵکردنەوەی پیلانی داگیرکاری لەسەر دەستی پەکەکە نزیکە..
وێنەکەیسەرەوە یڵدرمە کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ٢٠١٩ لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ووتی کەوا ئەنگوستیلەکەی دەستی بە پارچەی بەردە ڕەشەکەی کەعبە نەخشێنراوە..داخۆ چ پارچەیەکی کوردستان لە پەنجەی تری دەکات؟؟
هەرێم مەحمود سەمەن
٢٨ ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ ی کوردی
١٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ی زاینی