لەجیاتی ئەوەی بپرسێ تورک چی ئەکات لەکەلار، ئەپرسێ پەکەکە چی ئەکات لەکەلار؟

393
0
هاوبەشی :

 

نوسینی: بەكر دەروێش

پەکەکە کوردە، ئەگەر بۆ میوانیش بێت هەقی خۆیەتی بچێتە کەلار، بەڵام تورکێکی داگیرکەر چی ئەکا لەکەلار ئەگەر بۆ کورد کوشتن نەبێت؟ من زوو وتومە کۆتایی کورد لەسەر دەستی تورکە، چونکە دوژمنی سەرسەختی کورد تورکە، تورک تەنیا دوژمنی پەکەکە نییە، دوژمنی هەموو کوردە، مەگەر ئەردۆگان نەیوت کوردی باش ئەوەیە کەلەژێر خاکدایە، مەگەر سەکینە جانسزو هاوەڵەکانی لەپاریس شەهید نەکران؟ خۆ ئەوان لەکەلار نەبوون، مەگەر ئامینە کاکە باوە کوردی ڕۆژهەڵات نییە، خۆ ئەو پەکەکەش نییە، ئەی بۆچی تورکیا داوای ڕادەسکردنی دەکات؟ تورک دوژمنی هەموو کوردێکی بەنامووس و وڵاتپارێزە، لەکەلارو کەرکوک بێت، لەپێنجوێن و چەمچەماڵ بێت، لەزاخۆ و لەئامەد بێت، لەقامیشلۆ و مهابادو لەشنگاڵ بێت، لەسویدو فنڵەندا بێت تورک دوژمنیەتی، تۆ لەماڵەکەی خۆتا لەکەلار، لەخورماتوو، لەکەرکوک، لەسلێمانی وێنەی گەریلایەک هەڵواسە تورک دژایەتیت دەکا، هەرگیز وامەزانە بوونی پەکەکە لەکەلارو چەمچەماڵ تەئسیری لەسەر تورکیا نییە، ئەگەر نەیبوایە شەهیدی نەئەکردن، کون بەکون بەدوایانەوە نەبوو، ڕاستە تورکیا دەوڵەتێکی بەهێزو گەورەیە، بەپەکەکە ناڕۆخێ، بەڵام تورکیا لەو بیرو هۆشە ئەترسێ کەپەکەکە لەسەریەتی، لەڕێبازی ئاپۆ ئەترسێ بۆیە دەیەوێ پێش لەوەی هەموو گەریلاکان بکوژێ بیروباوەڕی تۆبکوژێ، ئەیەوێ وات لێبکات بڕوات بەخۆت نەمێنێ وەک کوردێک، لەناختا تێکتبشکێنێ وات لێبکا بڕوات بەخەبات و تێکۆشان نەمێنێ، لەبەرامبەر هەژموون و زەبرو زەنگی تورکدا چۆکدادەی و بێژی شەڕ دژی دەوڵەتی تورکیا سوودی نییە، لەکاتێکدا ئەو شەڕی مانونەمانی بەسەر کوردا فەرز کردووە نەک هەڵبژاردەی کورد بێت ، ئەمە پێش لەوەی شەڕێکی عەسکەری بێت شەڕی تایبەت و دەرونییە، ئەیەوێ لەناخەوە بتڕۆخێنێ بەهێزو توانای خۆی بتۆقێنێ و پێت بڵێ لەکوێ بیت لەچنگم ناقوونی و هەر دەتگەمێ لەخواروی ئەفریکاش بێت، تورک ئەمەی دەوێ، دەیەوێ تۆ بەو قەناعەتە بگەیەنێ کەدەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی بەهێزەو چی بووێ ئەیکا، لەم بوارەشدا کەس دەرەقەتی نایەت، بەڵام مێژوو واناڵێت ئەگەر میلەت یەگرتوو بێت، خاوەنی ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆی بێت، چەند بچووکیش بێت هەر سەردەکەوێ، مەگەر جەزایەر دووای ملوێنێک شەهید بەسەر فەڕەنسادا سەرنەکەوت، فێتنام بەسەر ئەمریکادا سەرنەکەوت؟ کێشەی کورد خۆیەتی نەک دوژمنەکانی، هیچ بڕوای بەخۆی نییەو هەمیشە خۆی بەکەمئەزانێ، بەشێکی بۆ مانەواەی خۆی ئامادەیە ئەو بەشەکانیتر بکاتە قوربانی، من مردوو ئێوە زیندوو، با پەکەکە نەمێنێ ئەوکات ئەمانەی ئێستا لەگەڵ تورکیادا شەڕی پەکەکە ئەکەن بزانە چۆن نۆرەی خۆیان دێت، بزانە چۆن دانەدانە ملیان هەڵەکێشن، تورک لەکۆتایدا بەنۆکەریشمان ڕازی نابێت، تا وەک ئەرمەنەکان جینۆسادیمان نەکات.

هاوبەشی :