چەق بەستوویی کۆمەڵگە
نوسینی: ئیبراهیم محەمەد فەرەج
ھەر کۆمەڵگەیەک قۆناغی ڕێنیسانس،ڕیفۆرم و ڕۆشنگەری ئەنجام نەدات . ناتوانێت قۆناغە مێژوویەکان تێپەڕێنێت و گەشەناکات. چەق بەستوو دەبێت و کێشەکانی کەڵەکە دەبن لەسەر یەک.
ئەوروپا سەردەمی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی زۆر ڕەش و ناشیرین بوو. بەڵام بەو سێ قۆناغە کە لەسەدەکانی ١٢ تا ھەژدەی خایاند . توانیان ئاستێک لەگەشەو پێش کەوتن بئافرێنن . دیارە بیرمەندو فەیلەسوف و زاناکانیان ڕۆڵی گرنگیان لە گۆڕانکاری دا ھەبوو ئەوان داینەمۆی قۆناغەکانی گۆڕان بوون.
ئێستا دیسان ئەوروپاو ئەمەریکاو جیھان بەگشتی لەناو گێژاودان و پەنایان بۆ شەڕی ڕاستەوخۆ بردووە . بەحسابی خۆیان بەشەڕ لەو گێژاوەی سیستمی مودێرنیتەی سەرمایەداری تێی کەوتووەڕزگاری دەبێت.
نەخێر رزگاریان نابێت و گێژاوەکەیان قوڵتر دەبێتەوە.
کێشەکەیان ئەوەیە نوێ بوونەوەی فیکری و فەلسەفی و دیموکراتیان نەئافراندووە .
سیستمەکەیان وەڵام دەرەوەی خواستاکانی گەلانیان نییە. ئامادەی نوێبونەوەش نین .
گەلی ئێمە بەشێکی باشی ئێستا بەھۆی گەیشتن بەفەلسەفەی مودرنیتەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی وفەلسەفەی ژنۆلۆژی و ژینگە دۆستی . لەناو قۆناغێکی گرنگی ڕۆشنگەری دایە.
کوردی نوێ ئێستا خاوەنی فیکرو و فەلسەی سیاسی ئەخلاقی دیموکراتیە. خێڵگەرایی تێپەڕاندووە .
لەباشووری کوردستان ھەرێمی کوردستانی عێراق حیزبەکان بەئیسلامی دەسەڵاتخوازو سەلەفی و جیھادی و عیلمانی توتالیتارەوە ھۆکاری دواکەوتنی کۆمەڵگەن.
کۆمەڵگەیەک سیاسیەکانی گرێدراوی ئەخلاق نەبن ، نوسەرو ئەکادیمیەکانی و ڕۆشنبیرانی و ھونەرمەندان ….ھتد وابەستەی دەسەڵات بن .
ناتوانن قۆناغی ڕێنیسانس و چاکسازی و ڕۆشنگەری بئافرێنن .
ئەوانە لەبازنەیەکی داخراوی دۆگماتیزم بەرژەوەندی خوازیدا دەسوڕێنەوە .
کۆمەڵگە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی مێژووی بەسەرچوو. پێویستی بەنوێبوونەوەی فیکری و فەلسەفی و دیموکراتی بەردەوام ھەیە.
کۆمەڵگە یەک خۆی نوێ نەکاتەوە ھەربەبەرگی شڕی کۆنەوە بمێنێتەوە . ھەرگیز ژیانی شکۆمەندانەو ئازادو دیموکراتی نابینێت. چونکە ھەموو قۆناغێکی مێژوویی ھەر بۆ ماوەیەکی مێژوویی دەگونجێت . ئیتر قۆناغ خۆی ماکی گۆڕانکاری دەخوڵقێنێت. بەڵام ئەوانەی بەرژەوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە بەھۆی گۆڕان . بەربەست دروست دەکەن.
مێژوو پێمان دەڵێت ،بەربەستی بەردەم گۆڕانی قۆناغ چەند بەھێز بێت ھەر ماوەیەک خۆی ڕادەگرێت . دواجار ھێزی گۆڕانکاری ڕای دەماڵێت یان ناچار دەبێت خۆی بگونجێنێت یان دەکەوێتە پەراوێزەوە .
کۆمەڵگە ی ئێمە لەھەرێمی کوردستان ھێزی گۆڕانکاری ھەیە . بەڵام پەرتەوازەو دوورن لەیەک . خۆیان ڕێکنەخستووە تاببنە ھێزێکی یەکگرتووی حساب بۆ کراو. بەشی زۆری ئەو ھێزانە کەگروپ گروپن ،خاوەنی فیکرو فەلسەفەی سیاسی ئەخلاقی دیموکراتی نین . ھەر لە حیزبەکانی دەسەڵات دەچن بەشتێ میکیاجەوە.
زۆر گرنگە ڕۆشنبیران کارە گرنگەکەی خۆیان بکەن .کەپێشەنگایەتی کۆمەڵگە یە، بۆ گۆڕانکاری ستراتیژی. پێویستە بەرلەھەرکەس، لەزھنی خۆیانەوە دەست پێ بکەن. گرێدانی سیاسەت و ئەخلاق فەلسەفەو دیموکراتی . ژینگە دۆستی و ژنۆلۆژی بکەنە پێوەری نوێبوونەوەی فیکری خۆیان.
گەر وانەکەن ھەرکۆپی ئەوانی تر دەبن و دەبنە بار بەسەر کۆمەڵگە وە.
سیاسی گەندەڵ و بەرژەوەندخوازو دەسەڵاتخوازو وابەستە بەداگیرکەران ،ئەھلی چاکسازی و ئازادی و دیموکراتی نین .