شەپۆلەکانی خۆڵبارین لەمانگی داهاتوو چڕتر دەبێت لە عێراق
پسپۆڕانی بواری ژینگە و كەشوهەوا ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە بە هۆكاری گۆڕانی كەشوهەوا، وڵاتی عێراق گەرم و وشكتر دەبێت، لە هەمان كاتدا دووچاری شەپۆلی خۆڵبارین چڕتر دەبێتەوە.
پێشبینی دەكرێت هاوینی ئەمساڵ چەندین پارێزگای عێراق ڕووبەڕووی شەپۆلی خۆڵبارین نوێ ببێتەوە بە تایبەتی شارەكانی ڕۆژئاوا و باشوری عێراق، بەپێی پێشبینیەكان لە مانگی داهاتوەوە عێراق ڕووبەڕووی چەندین شەپۆلی نوێ خۆڵبارین ئەبێتەوە و چڕی خۆڵبارینەكەش لەوانی پێشوو زیاتر ئەبێت.
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا وادەکەن هاوینی عێراق گەرم و وشکتر بێت، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی سەرچاوە ئاوییەکان بەشێوەیەکی خێراتر کەمببنەوە و مەترسییەکانی بەبیابانبوون زیاتر ببێت و ناوچە سەوزاییەكان كەمببنەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنی میدیاكان، رۆژی دووشەممەی رابردوو لە شاری بەغدا 60 تۆن خۆڵ باریوە، ئەمەش بە گەورەترین پیسبوونی ژینگە لە ناوچەکە ئەژمار دەكرێت، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی نەوەكانی داهاتوو لە ئایندەدا خەڵكێكی زۆر گرفتاری كێشەی كۆئەندامی هەناسە بێت، ئەمە جگە لەوەی كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئابووری و كشتوكاڵ و پیشەسازی وئاستی ژیانی خەڵك و چەندین هۆكاری خراپی تر.