سیستەمی دەسەڵات – دەوڵەت و تەڵەزگەی دەوڵەتی کوردی ، بەشی ١ و ٢ و ٣

476
0
هاوبەشی :

نوسینی :عادل عوسمان

بەشی یەکەم

ھێرشێکی داگیرکاری پاکتاوکار لەسەر کوردان بەڕێوەدەبرێت. شەڕێکی قڕکەر بەردەوام و بەشێوەی ھەمیشەیی لە گۆڕەپانی نیشتیمانی کورداندا لەژیانکردندایە. خاکی کوردستان بەدرێژایی مێژوویەکی دورودرێژ گۆڕستان و شوێنی زیندەبەچاڵکردنی خەونەکانی ئازادی کوردانە. گۆڕە بەکۆمەڵەکان، کوشتارگەکان و وێرانکاریەکان لەسەر کوردان بەقەدەر مێژووی گشتی ھەبونەکانی ترە. لەئێستادا جەنگێکی قڕکەری گەرمی لەناوبەر بەڕێوەدەبرێت.
کوردان بۆئەو جەنگە مەزنە، لەتێکۆشان و بەرخۆداندان. دوژمن بەگوێرەی ئەو تێکۆشانە ئاستی ھێرش، پیلان و شەڕە قڕکەرەکانی بەرز و پەرەپێداوە. لەھەموو گۆڕەپانەکانی سەربازی، کلتوری، ھونەری، سیاسی و زھنیدا دوژمن بەبڕیارەوە ئەو شەڕو جەنگە بەڕێوەدەبات. ئەودوژمنە ھێز لەدوو لایەن وەردەگرێت؛ سیستەمی سەرمایەی نکوڵیکەری جیھانی و ھێڵی داگیرکەر – خیانەتی ناوخۆی کوردان.
کوردان بەھۆکاری سروشتیبوون و فرە ڕەنگیەکەی ناتوانێت و نەیویستوە، بەرەو یەکڕەنگی ھەنگاو بنێت. بۆیە ھەمیشە مایەی سەرئێشە، دەردەسەری و تێکدانی سیستەمی ھەژمونیەت بووە. سیستەمی ھەژمونیەت یەکێک لە بنەماکانی، وەک یەک لێکردنە ( ھۆمۆژەنیەت) ئەویش لەڕێگەی یەکڕەنگ کردن، وەک خۆ لێکردن و یەک ھزریەوە بەرھەم دێت. دەسەڵات کەلەسەر بنچینەی زەوت کردنی بەھا کۆمەڵایەتیەکان و زێدەبەھا دامەزراوە، خۆی بە سیستەم و ڕێکخستن دەکات و دامودەزگا بۆ سیستەمەکەی دروست دەکات. دامودەزگاکانی زھنیەت، ئابوری، سەربازی، پاراستن، پیشەسازی و لەناوبردن، پەروەردە و زانست لەڕێگەی جاڵجاڵۆکەی دەوڵەتەوە بەڕێکخستن دەکات و بەڕێوەدەبات.
شێوە جیاوازەکانی دەوڵەت، لەبچوک تاگەورە، لە میرو بەگەکان، لە ھەرێمی تا ناوچەیی و جیھانی، لە پاشایەتی تا ئیمپراتۆری، لە دەوڵەت نەتەوە تا دەوڵەتی دیموکراسی، ھەمویان خزمەتکاری دەسەڵات و پارێزوانی سیستەمی پاوان و زێدەبەھان. ھەموشیان لەسەر زەوتکردن، پاوان و دەستبەسەرداگرتندا، بەردەوامیان بەژیان و گەورەبونیان داوە. لەبەرئەوە دەوڵەت شێوەی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتە بەجیاوازیەکانیەوە. ئەو دەسەڵاتەش بۆ کوردان بەڵاو لەناوبەربوە. چونکە کوردان سروشتی خۆیان ، داگیرکار و ھێرشکار نەبوون. بەڵکو ھەمیشە لەژێر فشارو ھێرشدابوون. بۆیە ھەمیشە لەقۆناغی بەرگری و پاراستندابوون.
کاتێکیش ھێزیان بووبێت، لەبەرامبەر ھێرشی داگیرکاریدا بۆ خۆپاراستن بەکاریان ھێناوە، نمونەی میدیا – ئاشور.نەک بۆ داگیرکاری و خۆسەپاندن. لەم ھەڵسەنگاندنەوە، سیستەمی جیھانی دوای شەڕەکانی یەکەمی جیھانی لەسەر کوردان سیستەمێکی ئاواکرد، کەوەک تەڵەزگەو کێشە بیناسێنێت و بڕیاری بێ ناسنامەو پاکتاوی لەسەربگرێت و بەپێی سیستەمەکەی کۆمەڵێک دەوڵەت – نەتەوەی کرد بە جێبەجێکەری سیاسەتەکەی.
بەھۆی جیاوازی دەوڵەتەکان و گرێدراوبوونی بەخۆیانەوە، کوردانی وەک سکڵی ئاگری ژێر خۆڵەمێش ھێشتەوە. نە لەناویبرد، نەبۆشی لەناوبردرا. بەڵام وەک بەڵایەک بۆ گیانی ناوچەکە ھێشتیەوەو لەسەر بنچینەی سیاسەتی گورگ – مەڕی بەڕێوە بردو بەکاریھێنا. بۆ ئەوەش پێویستی بەکوردان بوو. بۆیە ھێڵێکی گرێدراوی پەیوەست بەخۆیەوەی لێ دروست کردن بۆ فریاگوزاری و بەکارھێنان.
سیاسەتی پاکتاو لە تەواوی نیشتیمانی کوردان و لەھەر گۆڕەپانێک کە کوردانی لێبێت پەیڕەوو بەڕێوەبردراوە. ڕێبازەکانی بەڕێوەبردنی سیاسەتی پاکتاو جۆراوجۆرن. بۆیە یەکێک لەکوشندەترین ئەو بەڕێوەبردنانە ئەو سیاسەتەیە کەبەدەستی کوردان خۆی، لەڕێگەی پارچەکردنەوە بەڕێوەی دەبات. ھێشتنەوەی کوردان بە دواکەوتووی و لە کۆنەپەرستیداو نەھێشتنی گەشەکردنی ھزرو ئابوریان ئەرکی ئەو ھێڵە ناوخۆییەی کوردانبوە. ھێڵێکی گرێدراو، بەکرێگیراوو بەرژەوەندپەرست بوەو لەدژی خواستی کوردان لەشەردابوە. بەناوی کوردانەوە لەدژی کوردان بەکارھێنراوەو ھێزەکانیشی کەوتونەتە خزمەتی ئەو داگیرکاریە قڕکەرەوە.
ئەم ھێڵە ھێڵی میللیگەرایی سەرەتاییە، کە ئەگەر ناوی بنێین بە ئایدۆلۆژیا، ئەوا ئایدۆلۆژیاکەی کوردایەتیە!. ئەم کوردایەتیە ھێز لەبوونی زوڵم و ستەم لە کوردبوونەوە وەردەگرێت. بەڵام ھیچ شتێکی پێناسە نەکردوە، بۆئەوەی نەبێتە بەرنامەی سیاسی و ھێڵێکی لەسەر ڕۆیشتوی بەردەوام و ڕێگەی ئەوەی نەبێت لێی لابدەیت. ھەمیشە لەدەوری سیاسەتی ڕۆژو بەرژەوەندی و دەسکەوت خولاوەتەوە. لێدان لەتێکۆشانی ئازادی گەلی کورد چۆن خوازرابێت و ڕەنگڕێژ کرابێت لەلایەن ھێزە داگیرکەرەکانەوە، ئەوەی جێبەجێکردوە.
ئەم میللیگەراییە، پشتی بە خێڵ، بنەماڵە، تاک بەستوە. کۆمەڵگەو کۆمەڵگەبوون و تاکی ئازاد لەم بیچمەدا گومە. تەنانەت لەئاستی پڕوپاگەندەکانی خۆیاندا پشت بەھێزی گەل و جەماوەرە خۆجێیەکەی نابەستێت. ئەوەندەی پشت بە ھێزی دەرەکی و ھاوکێشە جیھانیەکان و پێویستی جێگرتنی لەچ کات و شوێنێکدا بێت، دەبەستێت. ئەم میللیگەراییەی کورد،

بەشی دووەم

بەناو دەوڵەتی کوردی دروست دەکات، بەڵام ھیچ بنەمایەکی گشتی دروستکردنی یەکیەتی و بەشداری و دروستکردنی ویژدانێکی ھاوبەشی نیە.
بۆ دەوڵەت پێویست بە دروستکردنی ھەستی ھاوبەش، پێکەوەیی و یەکیەتی ھەیە. تەماشای نمونە مێژوییەکان بکەن. کاتێک بڕیار لەسەر دروستکردنی دەوڵەتی یەھودی دەدرێت، بەسەرکردەو خەڵکەوە لەوپێناوەدا یەکیەتی و کاری پێکەوەیی بنیات دەنێن و خۆنەویستانە، بۆدروستکردنی دەوڵەتەکەیان لەسەر “ئەرزی بەڵێن پێدراو” گیانبازی دەکەن. بۆ ئەڵمانەکەن، لەسەردەمی بسمارک، ئینگلیزەکان، کە دامەزرێنەرو دروستکەری دەوڵەت – نەتەوەن ھەروابوە. بەڵام ئەم میللیگەراییە تاکگەراییە پشتی بە لەخۆبردویی و بەژەوەندی گشتی نەبەستوە.
ئەم میللیگەراییە، حەقیقەتی پێکھاتە جیاوازەکانی ناو گەلی کورد ناناسێت و دانی پێدانانێت. یەکیەتی سیاسی و پێکەوەیی و ئامانج و زمانی ھاوبەش نەک دروست ناکات، بەڵکو بارێکی قورس و کوشندەیە بەسەر کۆمەڵگەو تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردەوە. لەبری ناسینی جیاوازی و دروستکردنی گیانی ھاوبەشی، پارچەبوون، زمانی سەپاندن، یەکڕەنگی و یەک قسەیی سەرۆک و وەک ئەو بیرکردنەوەو لەقاڵبدان، لەچوارچێوەی خێڵی خۆدا ڕەنگڕێژی نەتەوە دەکات. واتە خێڵ دەخاتە جێگەی نەتەوە.
نەتەوەبوون پێویستی بە یەکیەتی ئامانج، بیروڕا، بەرژەوەندی و ویژدانی ھاوبەش ھەیە. ئەوەی کە ھەست بکەیت لەھەرکوێیەکی ئەو گۆی زەویە ئەندامێکی نەتەوەکەت ھەیە، تۆش ھاوبەشی لەگەڵ بکەیت. نەتەوەبوونی کورد تایبەتمەندی خۆی ھەیە.
لەبەرئەوەی کوردان پێکھاتەی جیاوازیان تێدا ھەیە، کەواتە پێویستە ئەو پێکھاتانە بناسیت و مافی جیاوازیەکانیان بناسرێت و ھەبونیان دانی پێدابنرێت. بۆیە بۆ نەتەوەبوونی کوردان پێویستە دیموکراسی و مافی ناسنامەی جیاواز لەناوبوونی نەتەوەییدا جێگەبگرێت. بەوە دەتوانرێت لەسەر ئاستی دیموکراتیزەکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد بەرەوپێشچون دروست ببێت و چوارچێوەیەکی دیموکراتیک بە کوردان بدرێت و بۆئەو مەبەستەش خۆبەڕێوەبەری بکرێتە بناغەی بەشداری سیاسی، ئیتر چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی تێری تێکۆشان و وەڵامی قەیران و کێشەی کورد ناکات. بەڵام ئەم میللیگەراییە، ئەو یەکیەتی و ناسینی جیاوازیانەی ناوکوردان بەمەترسی بۆخۆی و بۆ چارەسەری دۆزی کوردان دەبنێت. بۆیە دەکەوێتە دژایەتی و شەڕی دەکات و چەمکی خێڵەکی، تاکگەرای بەسەردا دەسەپێنێت و دەیخاتە ژێر فشاری بیرکردنەوەو ھێزی ھاوردە. کێشەی نەخوازراوو ھەڵبەستراو ھاوردە دەکات و کۆمەڵگەی پێ پارچەدەکات. ناکۆکیە خێڵەکی بنەماڵەیی، ڕەگەزی، نەتەوەییەکان قوڵ دەکاتەوەو پەرەیان پێدەدات و دەیگەیەنێتە ئاستی پێکدادان و خوێنڕشتن. بەوە گورز لە یەکیەتی نەتەوەیی و گیانی ھاوبەشی دەدات.
ئەم میللیگەراییە، نەک بار بەڵکو کۆنەپەرست و قین لەدڵەو ھەرکارێک دەکات بۆئەوەی کوردان بە ئامانجی ناسنامەو پێگە نەگەن. ھەمیشە ناکۆکیەکانی ناوچەکە قوڵ دەکاتەوە، لەنێوان ھەرێمەکان، لەنێوان شارەکان، لەنێوان خێڵ و پارتە سیاسیەکان، لەنێوان خێزان و تەنانەت تاکیشدا ئاڵۆزی و ناکۆکی دروست دەکات. دۆخی ھەرێمی کوردستان گەواھی ئەم ڕاستیانەن. بۆیە چەمکی دەوڵەت بوون لەسەر بنەمای میللیگەرایی خێڵ، بنەماڵە، سەرۆک دروست نابێت و پێکنایەت. ھەرلێرەوە دەتوانین لە بێ بنەمایی دەوڵەت بۆکورد تێبگەین و شرۆڤەی بکەین.
دەوڵەت چیە؟
کاتێک ھێز لەدەستی کۆمەڵێکدا کۆدەبێتەوە، خۆیان بەڕێکخستن دەکەن، دەبنە دەسەڵات و ڕێککەوتن دەکەن. ئەم ڕێککەوتنەیان بەشێوەی جیاوازی ڕێکخستنیدا دەڕوات. ئەم ڕێکخستن بوونە پێی دەڵێن دەوڵەت. دەوڵەتیان بۆچیە؟ دەوڵەت ھێزی ڕێکخستنی دەسەڵاتە بۆ پاوانکردن. پاوان واتە دەستبەسەرداگرتن قۆرخکردنی بەرھەمی زیاد، سروشت و خاک. ئەم پاوانە شێوەی بەڕێوەبردنی جیاوازی ھەیە. پیشەسازی، بازرگانی و ئایدۆلۆژی. ئەمانە سێ بنچینەی بەڕێوەبەری پاوانن کە پێکەوە ڕیک دەکەون، بۆ دەست بەسەرداگرتن و قۆرخکاری. سیستەمی ئابوری قازانج دادامەزرێنن و پێکەوە بڕیاری لێدەدەن و بەش و ڕیشی دەکەن. ھێزوسوپا و ھەندێ جاریش بازرگانی سودو قازانج و دەستبەسەرداگرتن فەراھەم دەکات. زانست زانکۆو ئایدۆلۆژیستیش لەم بەش و ڕیشەدا بەشی بەردەکەوێت. بۆیە دەوڵەت شێوەی چڕبونەوەی دەسەڵاتە بۆ پاوان و خۆسەپاندن و قازانج ھۆکاری دابەشکردنی چینایەتی و دروستکردنی جیاوازی چینایەتیە.
لەم سەردەمەدا، کەبەسەردەمی قوڵبونەوەی قەیران و تەنگژەکانی سیستەمی سەرمایە دەناسرێت و دەوڵەت نەتەوە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی سەرمایەی فینانس بێت. خودی سەرمایە بەشوێن جێگرەوەی ئەم کۆرپە زۆڵەی خۆیدا دەگەڕێت. بەڵام چونکە تەنگژەکانی ئەوەندە گەورەیە لەبەرامبەر ناکۆکیەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەدا بێ چارە ماوە. دەسەڵات – دەوڵەت لەسەر بنچینەی لێدان لەکۆمەڵگەو کۆمەڵگەبوون دامەزراوە. شارستانیەتی ناوەندی، کە مێژووەکەی بۆ ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە لەسەر بنچینەی لێدان لە کۆمەڵگەبوون دامەزراوەو کاردەکات.

بەشی سێهەم و کۆتایی

بەڵام ئایا دەتوانرێت، یەکسەر لە کۆمەڵگەبوون بدرێت. لەکاتێکدا کۆمەڵگەبوون مێژوویەکی دێرینترو پێکەوەبووتری ھەیە، لەمێژووی دەسەڵات – دەوڵەت. بۆ ئەو وەڵامە ئەوەیە:
کە دەسەڵات – دەوڵەت بەھۆی خۆڕێکخستنیەوەو ئامادەکاریەوەو بەبڕیاربونیەوە لەپاڵ بیرکردنەوەی کۆمەڵگەدا، بیرکردنەوەیەکی تری پێشخست بۆ دەستێوەردان لە کۆمەڵگەو بەسیستەمی کرد. بۆیە ورد ورد لەڕێگەی ھزر، مەعریفە، ئایین، نەتەوە، میللیگەرایی، زانست، پۆلیس، زیندان، لیبراڵیزم، ئانارشیزم و زانکۆکانەوە کەوتە کارکردن لەسەر تاک و کۆمەڵگە. مێژووی ئەم دەستێوەردانە ٥٠٠٠ ساڵەیەو بەرھەمەکەی لەدواقۆناغی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بە ئاستێک گەیشتوە کەھەرچی قێزەونی مێژووی دەسەڵات – دەوڵەتە لەخۆیدا کۆی کردوەتەوەو بەسەر کوردانیدا دەڕژێنێت. ئەم میللیگەراییەش بۆ پاراستنی خۆی ھەموو ھێزەکانی مۆدێڕنیتەی ھێناوەتە سەرخاکی کوردستان و خاک و کۆمەڵگەو تاکی پێفرۆشتوە لەپێناوی مانەوەی خۆیدا. بۆیە تەنگژەکانی سیستەمی سەرمایەو بێچارەیی میللیگەرایی تێکەڵبوون و بونەتە کارەسات بۆ کەمەڵگە و بۆ کوردو بۆ مرۆڤایەتی.
مرۆڤایەتی لەبەکۆمەڵگەبوونیدا لەکەوانەی تۆرۆس زاگرۆس و بە کورداندا گوزەر دەکات.بۆیە لێدان لەکوردان و لەکۆمەڵگەبوون دوو دیوی دراوی ئەو ھێرشەی سیستەمی سەرمایەن کە دەیکاتە سەر کۆمەڵگەبوون و مرۆڤ بوون. تێگەیشتن لەم چەمکە بە شیکردنەوەی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و ڕۆژئاوایی تێی ناگەیت. پێویستە شیکردنەوە بچێتەسەر شیکردنەوەی مێژوی کۆمەڵگەبوون و کەوانەی زاگرۆس تۆرۆس. پێدراوەکانی ئەو شارستانیەتە سروشتیە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە، کە ھێرشی شارستانیەتی ناوەند بۆسەر کوردان نیشان دەدات.
لەو پێودانگەوە، ھێرشی سەر کوردان و بەرخۆدانی کوردان، ھەم بۆپاراستنی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەبوونە، ھەم سەرلەنوێ ئاواکردنەوەو لەدایکبونەوەی دووەمی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەبوونە. بۆیە ھێرشەکانی شارستانیەتی ناوەندی، واتە مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری تەوەر ڕۆژئاوایی، ھێرشێکی حساب بۆکراوی لێدانە لەدوا بەرخۆدانەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. کەلە کەسێتی کوردان و جوگرافیاکەیدا بەڕێوەدەبرێت. نکوڵی کردن لە کوردو لە کوردستان و دروستکردنی ھێڵی میللیگەرایی خێڵەکی بۆ ڕێگری لەتەوەوبوونی کوردان و سەرلەنوێ ئاواکردنەوەی مرۆڤایەتی لەخۆڕانیەو بێ ھۆکار نیە.
کوردان بۆ قەیران، تەنگژەو کێشەکانی کۆمەڵگە ئەڵتارناتیڤیان ھەیەو تاک و کۆمەڵگەی ئازاد بەبنەمادەگرن. کەلەسەر بنچینەی مێژووی و ھەبونی جیاوازی و ناسنامەکانیان دامەزراوە. لەبری دەوڵەت، خۆسەری. لەبری نوێنەرایەتی، بەشداری ڕاستەوخۆ. لەبری دەسەڵات – دەوڵەت کۆمەڵگەی سیاسی ئەخلاقی. ھەموو ئەو جیاوازیانەو ئاواکردنی کۆمەڵگە بەتاکی ئازاد، خۆبەڕێوەبەرو پەروەردەکراو بە بەھاو کلتورە سیاسی و ئەخلاقیەکان بەڕێوەدەبرێت.
بۆیە سیستەمی دەسەڵات – دەوڵەت لەبەرامبەر بونی کورداندا توشی شۆک بوە. چونکە خاوەنی کەسێتیەکی پەروەردەکراوی ڕۆحداری ئافرێنراوی سەرڵەنوێیە کەبۆ چارەسەری کێشەو تەنگژەکانی کۆمەڵگە خۆی ئامادە کردوەو بەبڕیارە کەشەڕو جەنگە مێژوییەکەی کۆمەڵگەی ئازاد بەسەرکەوتن بگەیەنێت. بۆیە کۆمەڵگەی ئێستە بەکێشەترین و بەئازارترین سەردەمەکانی ژیانکردنە.
بۆیە دەڵێین (تەنیا لەناو بەکێشەترین کۆمەڵگادا ناژین، بەڵکو لەھەمان کاتدا لەناو کۆمەڵگایەکدا دەژین کەھیچ شتێک بەتاکەکەی نابەخشێت. ئەو کۆمەڵگایانەی لەناویاندا دەژین تەنیا متمانەی سیاسی و ئەخلاقیان لەدەست نەداوە، تەنانەت ھەبوونەکەشیان لەژێر ھەڕەشەو مەترسیدایە. نەک ھەڕەشەی کێشە، بەڵکو لەژێر مەترسی قڕکردندا دەژین. ئەگەر سەرباری تەواوی ئەو ھێزە زانستیەی لە ئارادایە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوام کێشەکان گەورە دەبن و دەبن بە شێرپەنجە، ئەو کاتە قڕکردنی کۆمەڵگا تەنیا گریمانێک نییە، بەڵکو مەترسیەکی واقعییە. ھەرچی ئەو بانگەشەیە کە گوایە دەسەڵاتی دەوڵەت – نەتەوە کۆمەڵگا دەپارێزێت، ھەڵخەڵەتاندنێکی مەزنە بۆ ئەوەی ھەنگاو بەھەنگاو ھەڕەشەو مەترسیەکەی بکات بەواقعی. کۆمەڵگا تەنیا ڕووبەڕووی کێشەکان نییە، بەڵکو ڕووبەڕووی قڕبوونیشە.)
جابۆئەوەی کۆمەڵگە قڕنەبێت و کوردان بەناسنامەی نەتەوەیی و سیاسی و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی بگەن و مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەبونێکی نوێ ئاواببێت، پێویست دەکات لەدەوری چەمکی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراتیزەکردنی تەواوی سەنتەرەکانی ژیان کۆببینەوەو سیستەمی کۆمەڵگەی ئازادو خۆسەر بنیات بنێن کە بناغەکەی ناسینی جیاوازیەکان و پێکەوژیانیان بێت. بەوە سیاسەتی دەسەڵات – دەوڵەت و نەتەوەی یەکڕەنگ، فاشیست و قڕکەر کۆتایی دێت و دەڵێین ” ژیان بەجوانیەکانیەوە ھالێرە، ھەر ئێرە ھەڵبژێرەو بژی و بژیەنە”.

هاوبەشی :