غاز و وزە، بەبەھای خوێنی گەلانی عیراق

336
0
هاوبەشی :
نوسینی: عادل عوسمان
ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە. جەژنی ڕەمەزان لەمێژووی ئیسلامدا، واتای پەروەردەکردنی نەفس و ئیرادەو حەرام کردنی کوشتن و خوێن ڕشتنە. بەڵام بۆ گەلی کورد بەھۆی پرسی داگیرکاریەوە بوەتە ڕۆژی بەکارھێنانی خراپ. دەبێت ڕۆحی پەروەردەی نەفس و زھن کە لەئاینی ئیسلامدا لەسەر “پێکەوە ژیان دامەزراوە” بەرجەستەو پێشبخرێت. ھێرش بۆسەر شەنگاڵ لەم ڕۆژەدا بڕیارێکی دور لەبەھاکانی ئاشتی و ئارامی ئەو ئیسلامەیە کە بۆ ئاشتەوایی دامەزراوەو پەیامی بەگوێی مرۆڤایەتیدا داوە.
ئەمڕۆ مرۆڤایەتی بنپێ کراوە، قێزەونترین ئاژەڵی دوو پێ دروست و پەروەردەکراوە، کەتەواوی بەھا جوانەکانی مرۆڤایەتی بەدەستەوە گرتوەو لەناوەرۆکە بە بەھاو بەبایەخەکەی خاڵی کردوەتەوەو، بەشتی بێ بەھا لەژێرەوە جوڵەی پێدەکات. میسۆپۆتامیا، عیراق کەلانکەیەکی دوو لانەی ھەبونە جیاوازەکان و پێکدادانی باڵادەستی بوەو، ھەردوو لایەن لە کێشمەکێشی ھەبوون و مانەوەدابوون. ئەمڕۆ بەچڕتر لایەنی باڵادەست دەوڵەت، بەھاوکاری ھێزی دەرەکی و لۆمپەنە دوو پێکانی ناوخۆیی و دەرەکی و زلھێزانی جیھان ھێرشی دڕندانەو لەناو بەریان دەستپێکردوە بۆ سڕینەوەو لەناوبردنی گەلی کوردی بەباوەڕ ئێزدی.
ئەم ھێرشە دوو ئامانجی ھەیە:
 ١-جێبەجێکردنی فەرمانی داعشی ساڵی ٢٠١٤و تەواوکردنی فەرمانی قڕکردنەکەیە. ئەگەر دوێنێ ھاوپەیمانی تورکیا – داعش – پەدەکەبووە، ئەوا ئەمڕۆ یەک ئاڵوگۆڕ بەسەر لایەنی ھاوپەیمانیەکەدا ھاتوە. داعش بوەتە کازمی.
٢-فرۆشتن و ڕشتنی خوێنی گەلانی عیراقە لەبەرامبەر بازاڕکردن بە غازو وزەی کوردستان و عیراقەوە بۆ قازانجی تورکان و زلھێزانی بەڕێوەبەرانی شەڕی جیھانی سێھەم. کە زەرەرمەند گەلانی عیراق و ناوچەکەن.
ووزە ھەتا ئێستا بۆ گەلانی عیراق بەڵایەکی کوشندەبوە. ھەرلەسەرەتای دۆزینەوەیەوە، ناوچەکە دوچاری دەستێوەردان و داگیرکاری و پێکدادان بوەتەوە. ھەمیشە وڵاتانی زلھێز جیاوازیەکانی ناوچەکەیان لەسەر بنچینەی ناکۆکی و پێکدادان بەرەوپێش بردوە. کەئەوەبۆخۆی بەڵایەکی کوشندەیە کە نەیھێشتوە، دەوڵەمەندیەکانی نیشتیمان بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئارامی و پێکەوەبوون بەکاربھێنرێت و خەرج بکرێت.
شەڕی ئێستەش، لەژێر کاریگەری شەڕی ئۆکرانیاو گەمارۆکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی قێزەوندا بەڕێوە دەچێت، کە لەڕێگەی داگیرکردنی شەنگاڵ و پاکتاوی نەتەوەیی و ڕەگەزیەوە بەڕێوەدەبرێت و دەیانەوێت وەک دەرچەی گۆڕەپانی تێپەڕینی بۆریەکانی غازی سروشتی بەناوچەکەداو لەوێوە بۆ تورکیاو ئینجا بۆ ئەوروپا جێبەجێی بکەن. لە پێناوی جێبەجێکردنی گەمارۆی سەر غازی سروشتی ڕوسیاو پەیداکردن و پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانەی وزەی غازی سروشتی بۆ ئەوروپیەکان، لەجیاتی ئەوەی بێن و لەپرۆسەیەکی سیاسی ئاشتەوایی و مافداریدا لەگەڵ گەلی شەنگاڵ ئەو پرسە تاووتوێ و چارەسەر بکەن. لەڕێگەی شەڕفرۆشتن و سیاسەتی ئینکاری ھەبونیانەوە جێبەجێی دەکەن.
گەلی شەنگاڵ، کەلەھێرشی داعش – ئەکەپەی ٢٠١٤دا بەجێھێڵران و خرانە بەردەم پەلاماری داعش و جینۆساید کران و دوای زەحمەتی و کوشتارو ڕەنجێکی زۆر، کە بە کۆیلەکردن، فڕاندن، دەستدرێژی سێکسی و کڕین و فرۆشتندا تێپەڕین و بەخۆدا ھاتنەوەو بونە خاوەنی ھێزی پاراستنی خۆیی و بۆخۆیان ژیانێکی ئازادیان ئاواکردوە و نایانەوێت مێژووی پێشوو دوباڕە ببێتەوە. دەکەونە بەڕپەلامارو ھێرش و لێیان دەدرێت.
لەکاتێکدا عیراق بەپێی مەرەکەبی سەرکاغەزی دەستورەکەی، کۆمارێکی فیدراڵی بڕیار لێداوەو مافی گەلان و پێکھاتە جیاوازەکان و ئاینزاکانی تێدا باسکراوەو ئەرێنی کراوە. بەوپێیە شەنگاڵ دوو تایبەتمەندێتی ناودەستوری عیراقی تێدایە کە پێویستە جێبەجێبکرێت و بەڕێزەوە لێی نزیک ببنەوە، ئەویش لەڕوی نەتەوەییەوە پێکھاتەی کوردی لەپاڵ پێکھاتەکانی تری تێدایەو ئاینزایەکی جیاوازیشە، بەناوی ئێزدی. لەھەمووشی پڕ کێشەتر، ئەوەیە:
کەلەدادگای تاوانەکانی عیراق و نەتەوە یەکگرتوەکاندا، ئەم کەیسەی ھێرشی داعشی ٢٠١٤ی سەرشەنگاڵ بە جینۆساید، ناسراوە. بۆیە دەستبردن بۆ گەل، ئایین و ئاینزاو ھەر پێکھاتەیەکی بەجێنۆساید کراو، لێپرسینەوەی یاسایی نێودەوڵەتی و پاڕێزبەندی جیھانی ھەیەو پێویست دەکات کێشەو کەیسەکەی بە کەناری ئاڕامی و ئاشتەوایی بگات. وەک نمونەکانی بۆسنەو ڕاواندا.
بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە کە حکومەتی کازمی بوێری دەستبردن بۆ کارێکی واقورس دەبات و ھێرشی سەر گەلێکی جینۆساید کراوی ھەستاوەی ناو ژیانێکی ئازاد دەکات. ئەوگەلە بەپیرو گەنج و کچ و ژنیەوە بڕیاری داوە بەکۆیلەی و تێرکەری غەریزە پیاوانەکانی سیستەمی دەسەڵاتدارەتی و پیاوسالاری نەژی و لەبەرخۆدەدات و وەک ژنانی ئێزدی دەڵێن “مەگەر بەسەر لاشەماندا بڕۆن” بۆیە بڕیاڕی مانەوەیەکی بە ڕومەت و شەرافەتمەندانەیان داوەو، پێویستە حکومەتی کازمیش، گوێ لەفشارەکانی پەدەکە (کەبەئاشکرا لەزاری بەپرسانیەوەدەیکات)، تورکیاو زلھبزانی جیھانی نەگرێت و عیراق و ناوچەکە بەرەو بە ئۆکرانی بوون نەبەن. تواناکانی گەلانی عیراق بۆ پێکەوەژیان و ھەڵکردن ھەیەو ھەر ئێستەو بەدرێژایی مێژوو ئەو گەلانە پێکەوە ژیاون. بەڵام کایەی سیاسی، بازرگانی و داڕایی دۆخەکەی لەگەلان تێکداوە. بۆیە پێویستە سیستەمی سیاسیش لەعیراقدا بەگوێرەی کۆمەڵگەو ئەو ڕەنوسە کاڵ و کرچانەی دەستوری عیراقی بەڕێوەببرێت و چارەسەر بکات. لەکاتێکدا یەکیک لەبڕگەکانی دەستورەکە کە ماددەی ١١٩ و بڕگەی ١و٢یەتی باس لە بەھەرێم بوون و خواستی خەڵکەکەی دەکات.
ئەگەر دەستور ئاوابڵێت، بۆچی حکومەت جێبەجێکەری بڕگەو ماددە دەستوریەکان نابێت و خواستی خەڵکەکەی لە عیراقێکی دیموکراتیک و کۆمارێکی فیدراڵیدا بەرجەستە ناکات. ھێزە دەرەکیەکان، ھیچیان بۆ نیشتیمان و گەلانی عیراق پێ نیە. خزمەتکارەکانی سیستەمی دەرەکیش ھەر بۆ ماوەیەک دەمێنن و کەئەرکیان تەواو کرد دەڕۆن. بەڵام سەروەری گەل ھەتاسەر دەمێنێت! بۆیە بەڵێ بۆ چارەسەری کێشەکان بەھێزوھھۆشمەندی ناوخۆو گوێدان بە ھەستی ئەقڵ و ویژدان!. گەلێکی جینۆساید کراو دەستبردن بۆی پڕ مەترسی و دور لە ئەخلاق و ویژدانەو قبوڵکراو نیە! گەلێک کەتامی ئازادی کردبێت، بەئاسانی لەدەستی نادات. مێژووی گەلی کورد و گەلانی ئازاد ئەوەی نیشانداوە
هاوبەشی :