سوپای عێراق هەریەك لە ناوەندی ئاسایشی سنوونێ و خانەسوری گەمارۆداوە و داوای خۆڕادەستکردن لە ئاسایشی ئێزیدخان دەکات

282
0
هاوبەشی :

ئەمڕۆ ١٩ نیسان ٢٠٢٢ ، سوپای عێراق هێزێكی گەورەی بەرەو شاری شەنگال ناردوە، هێزەكەی عێراق چەكی قورس و كەل و پەلی سەربازی زۆری لەگەڵدایە، ئەم هێز جوڵاندنەی سوپای عێراق لە كاتێكدایە توركیا و ماڵی بارزانی هێرشیان كردۆتە سەر باشوری كوردستان

دوای هێرشەکەی دوێنێ سوپای عێراق بۆ سەر بازگەی ئاسایشی ئێزیدخان لە کۆمەڵگەی دیگۆر، لە ئێستادا سوپای عێراق هەریەك لە ناوەندی ئاسایشی سنوونێ و خانەسوری گەمارۆداوە و داوای خۆڕادەستکردن لە ئاسایشی ئێزیدخان دەکات.

سوپای عێراق لە شەنگال بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەمارۆدان و دەستبەسەرداگرتنی بنکەکانی ئاسایشی ئێزیدخان، لە ئێستادا گەمارۆی چەند بنکەیەکی دیکەی ئاسایشی لە سنووری شەنگال داوە و داوا دەکات ئەو بنکانە چۆڵ بکرێن.

سوپای عێراق هێزێکی سەربازیی زۆری لە دەوروبەری ناوەندی ئاسایشی ئێزدخان لە شارەدێی سنوونێ و کۆمەڵگەی خانەسور بڵاوکردووەتەوە، هاوکات سەرجەم ڕێگە سەرەکییەکانی شەنگالیشی داخستووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێشنیوەڕۆ سوپای عێراق هەوڵیدا دەست بەسەر بازگەی ئاسایشی ئێزیدخان بگرێت لە کۆمەڵگەی دیگۆر، سەرباری هەوڵەکانیش بۆ چارەسەرکردنی هێرشەکە، بەڵام سوپای عێراق بە چەک هێرشیکردە سەر بازگەکە و بەهۆیەوە پێکدادان لە نێوان ئاسایشی ئێزیدخان و سوپای عێراق ڕوویدا و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەردەوام بوو.

ئەو هێرشەی سوپای عێراق بۆ سەر بنکەکانی ئاسایشی ئێزیدخان لە سنووری شەنگال، هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورك بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، هەپەگەش تا ئێستا سزادانی ٤٤ داگیرکەری تورکی ڕاگەیاندووە.

هاوبەشی :