هێرشی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان دەستیپێكرد

304
0
هاوبەشی :

نوسینی:- د. كامەران مەنتك

لە 15 ئەم مانگەوە توركیا هێرشی بۆ سەر لوتكەی كورەژارو لینك وگەلی رەشاڤەو ئاڤا مارك وبانی رینج وبراخە لەزنجیرە چیای مەتینا دەستپێكردووە، رۆژانە تۆپەكانی توركیا بە چڕی ئەو ناوچەیە بۆردەمان دەكەن ودرۆنەكانی ئەو وڵاتە بەئاستێكی ئێجگار نزم دەفڕن وناوچەكە كێوماڵ دەكەن وبەدوای سەنگەرەكانی گەریلاكانی پەكەكە دەگەڕێن، هێشتا هێرشی زەمینی دەستی پێ نەكردووە، هێزەكانی توركیا دەیانەوێت بە تەنیا هێرشەكە بكەن، بەگوێرەی زانیاریەكانی خەڵكی ناوچەكەش، دیارە تا ئێستا پارتی بەمە رازی نەبووەو دەڵێن دەبێت هێزەكانی زێرەڤانی شان بەشانی هێزەكانی توركیا لەو زنجیرە چیایانە دابنرێن، بۆیە رەنگ بێت یەكێك لە ئەگەرەكانی سەردانی شاندەكەی پارتی لەم چەند رۆژەی دوایی بۆ توركیاو كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆگان بۆ رێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە بوو بێت، توركیا بەناوی شەڕی پەكەكەوە دەیەوێت ئەو ناوچانە داگیر بكات وبنكەی سەربازی خۆی لێ دابنێت، وەك خەڵكی ناوچەكە دەڵێن پارتی داوای لە هێزەكانی پەكەكە كردووە ئەو ناوچانە بۆ ئەوان چۆل بكەن تاوەكو هێزەكانی زێرەڤانی لێ دابنێن، بەڵام گەریلاكانی پەكەكە بەمە رازی نین وبە پلانی توركیای تێدەگەن، هاوكات داوای لە خەڵكی ناوچەكە كردووە لە ناوچە سەربازیەكان نزیك نەبنەوە.
جێگەی داخە توركیا توانیویەتی یەكڕێزی كورد تێكبدات وهیچ متمانەیەك لەنێوان هێزە كوردیەكان نەهێڵێت. بەگوێرەی ئەو دەستپێكە دەبێت چاوەڕوان بین لەچەند رۆژی ئایندە هێرشی زەمینی توركیا بەشێوەیەكی فراوان وبەرنامە بۆ داڕێژراو بۆسەر باشووری كوردستان دەست پێبكات، شایەنی ئاماژە بۆ كردنە توركیا بەیانووی شەڕی پەكەكە دەیەوێت ناوچە ستراتیژی وگرنگەكانی باشووری كوردستان لەرووی سەربازیەوە داگیر بكات، تا ئێستاش لەرێگەی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە سەربازیانەی ساڵانە دەیكاتە سەرهەرێم، توانیویەتی چەندین ناوچەی ستراتیژی وگرنگ داگیر بكات، دوای هەر داگیركردنێكیش ئامێرەكانی سوپای توركیا دەكەونە كار بۆ راكێشانی جادەی سەربازی ودروستكردنی قەڵاو بنكەی سەربازی، توركیا لەو ناوچانەوە بەرەو دواخاڵی هەژموونی خۆی، كە دەكاتە زینی وەرتێ بەشێنەیی هەنگاو دەنێت، بۆئەوەی بە بیانووی دابڕینی هێزەكانی پەكەكە، ناوچەكانی خەتی برۆكسل، كە رێك دەكاتە سنوورەكانی نێوان توركیاو ئێراق، بە قووڵایی 32 كیلۆمەتر داگیر بكات، وەك بەشێك لە دامەزراندنی پڕۆژەی ناوچەیەكی ئارام، كە لەعەفرین وچیایی كرمانجان نزیك دەریای سپی ناوەڕاست دەستیپێكردووە دەیەوێت بیگەیەنێتە دواخاڵی سنوورەكانی خۆی و كۆتا پێگەی هەژموونی خۆی لەباشووری كوردستان، جێگەی داخە لەو دۆخە هەستیارەدا خەڵكی كوردستان بەململانێیە ناوخۆییەكان خەریك كراوە، میدیاو راگەیاندنەكانی كوردی لەجیاتی ئەوەی خەڵك لەو مەترسیانەی داگیركاری توركیا ئاگادار بكەنەوە، كەوتوونەتە فریودان وبەڵارێدانی بردنی خەڵك خەریك كردنی بەشتی لاوەكی وبێبایەخەوە!.

هاوبەشی :