نەوت سەری خواردین غازیش گیان و نیشتیمانمان دەخوات

334
0
هاوبەشی :

نوسینی :- عادل عوسمان

دوای گۆڕانکاریەکانی شەڕی کەنداوی یەکەم، ئەمریکا بۆ ئاسانکاری لەدەستێوەردانی لەناوچەکەدا. باشوری کوردستانی کردە ئەو سەنتێزو خاڵی لێدەرچونەی کە بتوانێت لەڕێگەیەوە ھەم دەستێوەردان بکات، ھەم بمێنێتەوە. بۆیە لە ڕێگەی دوو حیزبی کوردی ( یەنەکە و پەدەکە)ەوە ئەوھەلومەرجەی خوڵقاند. سەرەڕای ناڕەزایەتیەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و بەتایبەت تورکیا، بۆ ئەو دەور پێدانە بەو دوو حیزبە. لەدوای ماوەیەکی کەم ستاتۆیەکی بۆدروستکردن و ناوی لێنا حکومەتی ھەرێم و ڕێککەوتنێکی پێ کردن لەنێوان خۆی و دەوڵەتی تورک و حکومەتی ھەرێمدا.
ھەر ئەوڕۆژ دەبوایەت خەڵکی باشوری کوردستان بە دروست کردنی ئەو حکومەتە ڕازی نەبونایەت بەوشێوەیە. چونکە ھیچ بەرژەوەندیەکی خەڵک و گەلی کوردی تێدانەبوو. بەڵکو لێدانبوو لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، شکانەوەی ژێربینای ئابوری باشوری کوردستان، دزینی سەروەتی نیشتیمانی وزەی ھەرێم، وەکردنی ھەرێم بەبنکەی سیخوڕی و دەستێوەردانی ناوچەکە. لەبەرامبەر ئەوەدا، پیشەسازی و کەلوپەلی خراپ و بەسەرچوی تورکیا، ئێڕان و وڵاتانی تر لە ھەرێمی کوردستاندا ساغ بکرێتەوە. ھەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی بازرگانی و بردنەدەرەوەی سەرمایەکەی بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەت تورکیا. چونکە تورکیا دوو ئەرکی بۆ دیاری کرابوو. کە زیندوو کردنەوەی ئیخوانی سوونی و نیشاندانی وەک دیموکراسی نوێ لەناوچەکەدا، ئەویتر ئەرکی پاکتاوو لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد. لەو پێناوەشدا ئەوستاتیۆیە دەوری ھاوکاری کردنی ئەو سیاسەتەی پێ سپێردرا.
بەڵام کۆمەڵگەی کوردی بەھۆی ھەمیشە لێدراوی دورخستنەوەی لە بواری بەشداری سیاسی و فشارێکی زۆر لەسەری و بەھۆی ئەو ھەلومەرجەوە، نەفەس و ھەناسەیەکی بەبەردا ھاتبوەوە، گوێی بە سیاسەت و ئامانجەکانی نەدەداو متمانەی خۆی خستبوە دەست دوو حیزبی فەرمانڕەواوە. بۆیە ئەودۆخە لەو کاتەوە بەناو شەڕێکی گەرم و نەرمدا دەڕوات، لەنێوان لایەنە زلھێز، دەوڵەتە ناوچەییەکان، کوردان و ناخۆی کوردانیشدا. ئەودۆخی شەڕە بۆ کوردان زۆر ھەستیاربوو. بۆیە بەشاراوەیی بەناوی دیموکراسی، حکومەتی ھەرێم و ئاسودەیی خۆوە شەڕێکی ماڵوێرانکەری داگیرکاری بەڕێوەدەچوو.
بەھۆی نەبوونی ھێزێکی کاریگەری دیموکراس و کۆمەڵگەیەکی زیندوی سیاسی ڕێکخستنی و مانەوە لەناو خۆشخەیاڵی متمانە بەو ھێزە ڕاگەیەنراوەو حکومەتی ھەرێم، سیاسەت و نەخشەکانی داگیرکەران، لەڕێگەی شەڕەکانی ناوخۆی کوردی و ھێرشی یەکگرتوانەی حکومەتی ھەرێم بۆسەر ھێزەکانی تری بەشەکانی تری کوردستان و جێبەجێکردنی نەخشەکانی داگیرکەران دۆخەکەیان لەسەر خەڵک قورس کردو خەڵکیان ھەژارو نەدارو بێ سەرکرد. بۆیە باشوری کوردستان بوە گۆڕستانی لەگۆڕنانی خەونەکانی ئازادی و ڕزگاری و ئەوەی سودی لێبینی داگیرکەرانی کوردستان، حیزبە سیاسیەکان و کۆمەڵێک لەدەوروبەرانیان بوون. بەڵام بۆ کۆمەڵگە بوە سینی مەرگ و ئاوارەیی و دەربەدەری و خنکان لەدەریاکان و بڵاوبونەوە بە جیھاندا.
لێرەوە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک لەداگیرکردن و خستنەوە سەر نەخشەی عوسمانی نوێ لەچوارچێوەی میساقی میللی تورکاندا دەستی پێکرد. کوردستان بوە گۆڕەپانی چەند شەڕ:
١-شەڕی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، لەدژی داگیرکەرانی و ھێڵی خیانەت.
٢-شەڕی داگیرکەرانی کوردستان، بۆ سڕینەوەی گەلی کورد، بەستاتیۆی ھەرێمیشەوەو بردنی بەشی باشور، بۆتورکیا بەپێی نەخشەکانی میساقی میللی و ئەگەریش بەپێی ئەونەخشەیە بەڕێوە نەچوو. ئەوا دابەشکردنی لەنێوان تورکیا، ئێران و عیراقدا.
٣-شەڕی نێوان داگیرکەرەکانی کوردستان، لەنێوان خۆیاندا ئەویش لەسەر گۆڕەپانی ھەرێمی کوردستان و عیراق.
٤-شەڕی ووڵاتانی زلھێزو دەوڵەت – نەتەوەکانی ناوچەکە. بۆگۆڕینی نەخشەی نوێی جیھان.
یەکێک لەو پڕۆژانە بردن و تەسلیم کردنی نەوتی ھەرێم بوو بەتورکیاو بێ مایەکردنی حکومەت بوو لە دەسکەوت و داھاتی نەوت و بودجەی عیراق. لێرەوە تەواوی ئاسانکاریەک بۆ ئەوپڕۆژەیە کراو ڕێککەوتنی پەنجا ساڵە بەرھەمەکەی بوو. کە بوەھۆی ماڵوێرانی ھەژاری بۆ خەڵک و بڕیاربەدەستی دەوڵەتی تورکیا بە سەر نەوت و پرسەکەیەوە. بەوە شەڕێکی گەورەو دابڕانێکی کوشندەی لەنێوان کورد – عەرەبدا دروستکردو بونە ھاوکاری خراپکردنی دۆخی دەستوری نوسراوی عیراق و فیدراڵیەتەکەی.
ئێستەش کەشەڕی جیھانی سێھەم گەشەی کردوەو ڕوسیاو ئەمریکاو ناتۆو وڵاتانی زلھێز لەڕێگەی شەڕی ئۆکرانیاوە کەوتونەتە ناو شەڕەکە. پرسی گەمارۆکانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا بۆسەر ڕوسیا ڕوی لەزیادی و لەسەر وزە کاریگەری کردوە. ئەوا پێگەی باشوری کوردستان یان ھەرێمی کوردستان، کەوتوەتەوە ڕۆژەڤی گەرم و وادیارە لەپرسی نەوت خراپتر کاریگەری لەسەر گەلی کورد دەکات و ئەمجارە سەری حکومەتی ھەرێمیشی پێوە تێدا دەچێت. ئەو دانیشتنانەی ڕایەدارانی پەدەکە، بارزانی و وێنە پرۆتۆکۆڵیەکانیان نیشانمان دەدات” وەک چۆن تورکەکان خۆیان دەڵێن” کەنەک وەک ستاتۆیەک، بەڵکو وەک کارمەندێکی جێبەجێکار دەیانبینن و پەیامی جیبەجێکردنی نەحشەکانیان پێ دەدەن و دەڵێن.
ئەوە ئەگەر پەیوەستی بکەینەوە بەشەڕەکانی ئۆکرانیاو ئامادەکاریەکانی دەوڵەتی تورک بۆ ھێرشی سەر باشوری کوردستان وپێویستی ئەوروپا بەغاز و خۆئامادەکردنی بەشێک لە حکومەتی عیراق بۆ شەڕکردن لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵ و دروستکردنی دیوارلە زۆربەی سەر سنورەکان، شیمانەو گریمانەی خراپمان پێ دەڵێن و پێویست دەکات، کوردان ھەرچی زیاتر بەھەستیاریەوە نزیک ببنەوەو دەستە تێکدەرو داگیرکاریەکان بناسن و تەسلیمیان نەبن بەناوی ڕزگاری لەم دۆخە مەرگاوەرو ھەژاریە. بەڵکو ئاوێزانی ھێڵی تێکۆشانی ئازادی کوردان و گەلانی ئازادی ناوچەکە ببن و یەکیەتی سیاسی ھێزەسیاسیەکان و بەش و پارچەکانی کوردستان پێک بێنین و دۆخی ھەبوو وەرچەرخێنینە سەر یەکیەتی کوردان و ئاواکردنی خۆسەری و ڕزگاری و ئازادی و بۆ پاراستنی عیراقیش پێویست دەکات پرسی پاراستنی عیراقی فیدراڵ و داگیرکردنی بەشێک لەخاکەکەی کە پڕ دەوڵەمەندی و ژیانیە بھێنرێتە بەر باس و بەوە تێکۆشانی دیموکراتیک، دەستوڕی و یاسایی بخرێتە سەر ڕێگەو بەڕێوەببرێت.
وەک چۆن نەوت بەڵایەک بوەو بەدڕێژایی مێژوو کورد سودی لێ نەبینوە، ئەوا غازیش خەریکە دەبێتە ئەو بەڵایەی کە سەرمان بخوات. بۆیە پێویستە ھەرتاک و پێکھاتەو حیزب و ھێزێک ئەرک و بەرپرسیارەتی خۆی لەوپەیوەندەدا بەکار بێنێت.

هاوبەشی :