كۆمسێۆنی لیدزی كەجەدەكە، كۆمەڵكوژی شاری هەڵەبجە و كوردستان شەرمەزار دەكات، سۆز دەدا تێكۆشان بەردەوام بكات
ئەمڕۆ ١٦ ئاداری ساڵی ٢٠٢٢، ساڵیادی یەكێك لەو كۆمەڵكوژیە ترسناكانانەی كە داگیركەرانی كوردستان و دوژمنانی ئازادی لە بەرامبەر بە گەلە ئازادیخوازەكەماندا ئەنجامیان داوە
٣٤ ساڵ لەمەو پێش، دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی عێراق بە هاوكاری سیستەمی دەسەڵاتداری بەرژەوەندی خواز لە جیهان ( ئەمریكا، ڕوسیا، وڵاتانی ئەوروپا ودەوڵەتانی كۆنەپەرست لە ناوچەكە) لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقدا، بە تایبەت لە كۆتایی شەڕەكەدا هێرشێكی دڕندانەی كردە سەر كوردستان لەو شەڕەدا تەوای چەكە قەدەغەكراوەكانی بۆ سەركوت و وێرانكردن و قڕكردنی خەڵكی كوردستان بەكارهێنا
ڕژێمی بەعسی تاوانبار لە ڕۆژی ١٦ ئاداری ١٩٨٨ بەفڕۆكەی جەنگی بە سود وەرگرتن لە چەكی كیمیایی هێرشێكی هۆڤانەی كردە سەر خەڵكی هەڵەبجە ئاشتیخواز كە بووە هۆكاری شەهیدبوونی زیاتر لە پێنج هەزار كەس و دەیان هەزار بریندار، وێران كردن و تێكدانی ژینگەی ناوچەكە، چۆڵكردنی شاری هەڵەبجە و تەواوی شارۆچكە و گوندەكانی ئەو شارە لە دانیشتوانەكەی
ئەم هێرشە بە بیانوی ئەوەی دەوڵەتی ئێرانی ستەمكار بە هاوكاری ئەحزابی كلاسیكی باشوری كوردستان، شاری هەڵەبجە و ناوچەكانی دەوروبەری داگیر كرد بوو، كە بووە هۆكاری ئەو كۆمەڵكوژیە قێزەونەی كە لە مێژوودا كەم وێنەیە. دواتر دەوڵەتی بەعسی سەدامی بەوەشەوە نەوەستا هێرشە بەدناوەكانی ئەنفالی دەست پێكرد بۆسەر تەواوی باشوری كوردستان كە بووە هۆكاری ئەنفال و شەهید كردنی سەدان هەزار كەس كە زوربەیان ژن و پیر و منداڵ بوون، ئەمە جگە لە وێران كردنی ژینگەی كوردستان و تێكدانی چەندین شار و شارۆچكە و ٤٥٠٠ گوند
ئەم ستەمە دڕندانە و كۆمەڵ كوژیانە لە مێژووی گەلی كوردماندا چەندبارە بۆتەوە، بە تایبەتی ڕژێمی فاشستی تورك لە دامەزراندنی كۆماری توركیاوە لەسەرەتای سەدەی ڕابوردوەوە كەڵكێكی زۆری وەرگرتوە لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بۆ سەركوت كردنی ڕاپەڕینەكان كورد لە باكوری كوردستان بە تایبەتی لە ڕاپەرینی كوردانی ناوچەی دەرسیم چەكی كیمیای بەكارهێناوە، كە بوەتە هۆكاری كۆمەڵكوژ كردنی زیاتر لە ٧٠٠٠٠ حەفتا هەزار كورد
ئەو ڕژێمە فاشستە تاكوو ڕۆژی ئەمڕۆمان دەست ناپارێزێت لە بەكارهێنانی چەكی كیمیای دژی ڕاپەڕینی گەلی كورد لە باكوور، هێرشەكانی ئەم دواییەی سوپای توركی داگیركەر بۆ سەر باشور و ڕۆژئاوای كوردستان ئەوە دەسەلمێنن كە داگیركەری تورك ئەو چەكە كوشندەیە بەردەوام بەكاردەهێنێت، بە تایبەتی لە هەرێمەكانی پاراستنی میدیا لە زاپ، هەفتانین، مەتینا، ئاڤاشین و خواكورك و چەند ناوچەیەكی تری كوردستان
ئەم هێرشانە دڕندانانەی دەولەتی ڕەگەزپەرستی تورك، بە بەرچاوی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بێدەنگی دەوڵەتانی سەرمایەداری جیهانی بێشەرمانە ئەنجام دەدرێت
ئێمە لێرەوە بانگەوازی تەواوی ڕێكخراوە دیموكرات، سوسیالیست، فێمنیست، ژینگە پارێز، مرۆڤ دۆست، نەتەوە یەكگرتوەكان و تەواوی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەكەین كە دەنگی خۆیان بڵند بكەن و كۆمەڵكوژی شاری هەڵەبجە بە جینۆساید بناسێنن و قەرەبووی مادی و مەعنەوی خەڵكی بەشەرەفی هەڵەبجە و كوردستان بكەنەوە
لە هەمان كاتدا ڕێگری بكرێت لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە جیهان و بەتایبەتی دەولەتی داگیركەری تورك بدرێتە دادگای نێونەتەوەیی، لەسەر بەكارهێنانی بەردەوامی ئەو چەكە قەدەغە كراوە دژی گەلی كورد و تەڤگەرە ئازادی خوازەكەی
كۆمسێۆنی لیدزی سەر بە ڕێكخستنەكانی باشور
كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی كورد لە ئەوروپا
KCDK /E Başur
یان ئازادی یان ئازادی یان ئازادی
١٦ ئاداری ٢٠٢٢