لینین و ئەتاتورك لە هاوپەیمانێتی سەربازیدا بۆ داگیركردنی كوردستان و و ئەرمینیا و كازاخستان

344
0
هاوبەشی :

نوسینی: ئەنوەر نەجمەدین

دوای دامرکاندنەوەی ئاگری جەنگی جیهانی یەکەم، لە هیچ شوێنێک تەقە نەما بوو لە ئیمپراتۆریەتەکانی لینین و ئەتاتورکدا نەبێت. ئەوان دوای ڕێکەوتننامەکانیان لەگەڵ ئەوروپادا و دوورخستنەوەی جەنگەکان لە خۆیان بە مەبەستی خۆکۆکردنەوە و خۆئامادە کردن بۆ داگیرکاریەکانیان، بە هاوپەیمانێتی دەستدەکەن بە جەنگ و هێرش لە ئۆکرانیا و یۆنانەوە هەتا ئەرمێنیا: لە ١٠ / ٨ / ١٩٢٠ دا، تورکیا لە ڕێکەوتننامەکانی سیڤەردا داندەنێت بە سەربەخۆیی ئەرمێنیادا. ئەو ڕێکەوتنانە شکسێکی گەورەی ئیمپراتۆریەتە ٦٠٠ ساڵیەکەی عوسمانیەکان بوو. بەڵام زۆر درێژە ناکێشێت. هاوپەیمانێتی لینین و ئەتاتورک، بەخێرایی تورکیا دەهێنێتەوە سەرپێ. لینین کە ئەتاتورک بە ڕزگاریخواز ناودەبات، داوای هاوپەیمانێتی دەکات لەگەڵیدا، ئەمە دوای ڕێکەوتننامەی سێ قۆڵی لینین و ئەتاتورک و ئەڵمان لە سوڵحی برێستدا. ئەتاتورکیش لە نامەکەیدا بۆ لینین لە ٢٦ / ٤ / ١٩٢٠ دا، پەیمان دەداتە لینین کە هاوپەیمانی بەلشەفیستەکان بێت لە هەر جەنگێکی ئایندەدا. وە ئیتر لە ١٩٢٠ هەتا ١٩٢٢ لینین چەندان تەن لیرەی ئاڵتونی و ٣٩٠٠٠ پارچە چەک و ٣٢٧ ڕەشاش و ١٤٧٠٠٠ قازیفە و چەندان جۆری تری چەک دەداتە ئەتاتورک، لەژێر سەرپەرشتیی پسپۆرە سۆڤێتیەکانیشدا دوو پیشەسازیی باروت لە تورکیادا دادەمەزرێنرێت. سۆڤیەت مەشقی سوپای تورکییش دەکات. وە تەنانەت لە جەنگی تورکیادا دژی یۆنان، میخائیل فرۆنزی و چەند سەرکردەیەکی تری سەربازیی سۆڤێتی، سەرکردایەتی هێرشەکان دەکەن بۆ سەر یۆنان. وە ئیتر هەر بەوجۆرە لینین و ئەتاتورک، ستراتیژیەتێکی هاوبەش دادەڕیژن بۆ پاراستی بەرژەوەندیە نیشتمانیەکانی ڕوس و تورک. سۆڤیەت لە ٢٩ / ١١ / ١٩٢٠ دا، بەشێکی ئەرمێنیا داگیر دەکات و کۆماری ئەرمێنیا هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆماری ئەرمێنیای سۆڤێتی دەخاتە جێگای. بەر لەویش لینین لە ٤ / ١٩٢٠ دا ئازربایجانی داگیر کردبوو. لە مانگی ٩ / ١٩٢٠ دا، تورکیایش بە کۆمەکە سەربازیەکانی لینینەوە، بە سەرکردایەتی کازم قەرەبەکر، بە ١٥ فەیلەقەوە، هەڵدەکەوێتە سەر ئەرمێنیا و سێ لەسەر چواری خاکی ئەرمێنیا داگیر دەکاتەوە و لە کۆمەڵکوژیەکی تریشدا ٢٠٠ هەزار کەسی تر دەخاتە ڕیزی کۆمەڵکوژیە ملیۆنیەکەی ١٩١٥. ئەمە لەکاتێکا ئەرمێنیا دوای جەنگ، لە ١٩١٨ وەک نەتەوەکانی تری ژێردەستی قەیسەر و عوسمانیەکان، دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆی خۆیی ڕاگەیاند بوو. وە ئیتر لینین و ئەتاتورک لە جیۆرجیا و ناوچەی کارس و کازاخستان و ئەرمێنیادا دەستدەکەن بە دابەشکردنی خاکی نەتەوەکانی ئەو ناوچانە لەنێوان خۆیاندا. لینین لە ڕێکەوتنە جیهانیەکاندا دان بەوەیشدا دەنێت کە دەبێت کوردستانی تورکیا بەشێک بێت لە تورکیا. وە ئیتر هەر بەو چەشنە ئەو نەتەوانە دەکەونە ژێر چەپۆکی لینین و ئەتاتورک و خوێناوێک دەڕژێنرێت لە نێوانیاندا کە ببێتە بنچینەی ناکۆکی و ڕق و کینەی نەتەوەیی نێوان ئەو نەتەوانە هەتا سەرمایەداریی مابێت.

تێبینی: ئەوانەی بە سەرچاوەکانی ئێمە ڕازی نین، دەتوانن سەرچاوەی ترمان نیشان بدەن. لە ئایندەیشدا نامەکانی لینین و ئەتاتورک بڵاودەکەینەوە

سەرچاوەکان:
TURKEY’S RELATIONS WITH THE BOLSHEVIKS، (1919-1922).
Proposal of Ataturk to Soviet Russia on Joint Military Operations Against Armenia.

٦ / ٣ / ٢٠٢٢

هاوبەشی :