کاتێک بێدەمووچاوەکانی کۆمەلگای تورکی ڕووخساری خۆیانمان پیشاندەدەن

357
0
هاوبەشی :

نووســینی: بەکر ئەحمـــــەد

“یادەوەری بێ کێشە نییە، چونکە ئینسان کاتێک یادەوەری بانگدەکاتەوە، ئەوا بۆ پێداویستییەکی هەنووکەییە. ڕابردوو لە ڕێگای هەلومەرجەکانی هەنووکەوە خۆیمان دەداتەدەست بۆ تێگەیشتن. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە یادەوەری دووبارە لە فۆرمدەرێتەوە. بۆیە مێژوو و یادەوەری هەمان شتمان پیشاننادەن. ” (1)
دەستپێکردنی من لێرەوە بۆ سەرنجدانە لەو مێژووە ڕەشانەی کە گروپێک برینێکی قوڵ لە جەستەی گروپێکی دیکەدا دروستدەکات و ئەم ڕووداوە دەبێتە یادەروریی و میژوویەک کە هەردوولا، تاوانبار و تاوانلێکراو لە دوو گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە سەرنجی دەدەنێ.
کورد چۆن لە ئەنفا ل دەڕوانێ ، هاوڵاتییەکی عەرەبزمان چۆن دەیبینێ. کورد چۆن لە یەزیدیەکان دەڕوانێ و ئەوان چۆن لە ئێمە، جووەکان و ئەڵمانییەکان. ئینسان دەکرێ لیستێکی درێژ بنووسێتەوە بۆ ئەم پەیوەندییەی ئەم گروپە جۆراوجۆرانەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە تایبەت لە کاتێکدا کە خوێن و فرمیسک لە نێواندایە.
کۆششی من لەم نووسینەدا ، سەرنجدانە لە پەیوەندی نێوان هاولاتی کورد و کەمایەتییەکانی دیکەی ناو تورکیا لە گەڵ هاولاتیانی تورکدا، ئەویش بە سەرنجدان لەو دراما تورکییانەی کە لە نێتفلێکس و پلاتفۆرمەکانی دیکەی پەخشکردنەوە دا دەبینرێن. نەک ئەو دراما تورکییانەی کە لە تەلەفیزیۆنە کوردییەکانەوە دۆبلاجکراون و پەخشدەکرێن.
بۆ سەرنجدان لەم درامایایە، ڕوونکردنەوەیەکی کورتم پێویستە سەبارەت بەو چوارچیوە تیۆرییانەی کە لەگەڵ ئەم پرسیارانەدا سەروکارییان هەیە، ئەویش چۆنێتی مامەلەکردنە بەم رووداوانە لەلایەن گروپە جۆراوجۆرەکانە . بە کورتییەکەی هەڵبژاردنی کامە ستراتیژی بەکاردەهێنرێت بۆ ئاوڕدانەوە لە کردەوەکانی گرووپی خۆ کاتێک مێژووی گرووپ خوێناوی و ئازارخوڵقێنەرە بۆ ئەندامانی گروپی بەرانبەر. کەمکردنەوەی ویژدانناڕەحەتی یان “ئازاری ویژدان” وبە نوستالژیاوەباسکردن لەو ڕووداوانەی کە ڕویانداوە، دوو ستراتیژی ناسراون بۆ مامەلەکردنی گرووپە دەستدرێژیکەرەکان بە مێژووی خوێناوی خۆیان. ئایا ئەوەی لەم درامایانەدا دەبینرێت، دەکرێ جۆرێک لە کۆششێکی هێزە زیندووەکانی ناو کۆمەلگای تورکیا بێت بە مێژووی خویناوی ئەم ولاتە کاتێک حەرامەکانی دوێنێ ناخرێنە ناو مەملەکەتی حەرامەکانەوە و بە دەنگ و رەنگی خۆیانەوە، ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە لە ڕۆژگارێکی تردا بۆیان نەبووە بیکەن. با سەرنجێکی خێرا لە هەردوو چەمکی نۆستالژییا و ویژدانناڕەحەتی بدەین و دواتر بگەڕێینەوە بۆ لای پرسیارەکانی سەرەوەمان.
ویژدانناڕەحەتی:
کاتێک گروپێک دەستدرێژی دەکاتە سەر گروپێکی دیکە، هەمیشە ئامادەیی ویژدانناڕەحەتی، یان ئەوەی بە کوردی پێیدەوترێت “عەزابی ویژدان”، ئامادەییەکی گرنگی هەیە لەلای گروپی دەستدرێژیکەرەوە. ئینسان پێویستناکات خۆی بەشداریکەرێکی چالاکی ئەو کردەی دەستدرێژکردنە بیت. بێگوومان ئەمە بە مەرجێک کە گروپی دەستدرێژیکەر ئەوەی قبوڵکردبێت کە گروپەکەی خۆی کارێکی قێزەونی ئەنجام دابێت. ئەم هەستی ویژدانناڕەحەتییە لە داعشێکدا ناکرێ بوونی هەبێت کاتێک سەبایاکردنی کچانی یەزیدی بە ئەرکێکی ئاینی لە قەلەمدەدات، بەڵام بۆ زۆربەی خەڵکی ئەلمانی لەمڕۆدا، مێژووی هۆلۆکۆست و ئاوشوفیتس، ویژدانێکی ناڕەحەت لە ئاستیی گروپدا دروستدەکات، ئەوەی کە پێی دەوترێت ویژداننارەحەتی کۆلێکتیڤی.
“مایکڵ هۆڵ” و”نیللا برانکۆمبی” و “یاخیل کلار” پێیانوایە کە : هەستکردن بە نارەحەتی ویژدان، پێویستی بە 4 هەلومەرجی تایبەتی هەیە.
یەکەم: چەند تاک خۆی دەبەستێتەوە بە گروپی دەستدرێژیکەرەوە یاخود نا
دووم: چەند تاک پێیوایە گروپی دەستدرێژیکەر بەرپرسیاری ئەو ڕەفتارەیە کە مەبەست بووە زیان بە گروپی دووم بگەێنێ.
سێیەم: ئەوەی کە تاک پێیوابێ زیانی بەرکەوتووی تەرەفی ئەوبەر ناڕەواو نائەخلاقیی بووە
چوارەم: ئەوەی کە تاک درک بە قورسی و تێچووی ئەو زیانە دەکات بۆ ڕاستکردنەوەی هەلەیەک کە کراوە.
لای نووسەرانی سەرەوە، سێ شێوازی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی تێروانینی بەرپرسیارێتی گروپی خۆ کە زیانی بە گروپی بەرانبەر گەیاندووە، کەمترین هەستی ویژدانناڕەحەتی لای گروپی خۆ بەرهەمبێنێ.
بە کورتی هەستنەکردن بەوەی ئەوەی کە ڕوویداوە شتێکی گرنگ بووە.
یەکەم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە نیگای لەسەر زیانی لێکەوتووی گروپی بەرانبەرە لە جیاتی ئەوەی چاوی لەسەر هەلەکانی گروپی دەستدرێژیکەر بێ. بەمەش نیگای سەرنجلەخۆدان تا دێت بچووکدەبێتەوە.
دووم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە تاوانی ئەو زیانەی گروپی بەرانبەر دوەچاری بووە لە پێشداوەرییەکانی خۆیەوە سەرنجدەدا کە گروپی بەرانبەر چ تایبەتمەندییەکیان هەبووە یان نا.
سێیەم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە تاوانی ئەوەی ڕوویداوە دەخاتە سەر چەند دانەیەکی جیاوازی گروپی بەرانبەر کە گوایە بە هۆی ئەوانەوە ئەنجامدراوە.
لە ڕیی ئەم سێ دۆخەوە ، هەمیشە گروپی دەستدرێژیکەر بە شوێن ئەوەوەیە کە هەستی ویژدانناڕەحەتی خۆی کەمکاتەوە و چاو لە تاوانەکانی گروپی خۆی بنوقێنێ.
ئەوەشمان بیرنەچێت، داننان بە زیانی گروپی بەرانبەردا و قبوڵکردنی ئەوەی کە گروپی خۆ کردەوەیەکی نائینسانی ئەنجامداوە، ستراتیژییەکی ترە، دووبارە بۆ کەمکردنەوەی هەستی کۆلیکتیڤی ویژدانناڕەحەتی گروپی دەستدرێژیکەر وەک لە کەیسی دادگاییەکانی روواندا و ئەمڕۆی کۆمەلگای ئەڵمانیدا دەبینرێت.
نوستالژیا
یەکێك لەو نیگایانەی تر کە ئینسان سەرنجی ڕووداوە مێژووییەکانی دیکەی پێدەدا، نوستالژیایە. لای “سڤێتلانا بۆیین” ” ئارەزوو و تاسە بۆ ماڵێک کە لە ئێستادا بوونی نییە و یاخود قەت بوونی نەبووە، بەشێک لە جومگە ناوەکییەکانی هەموو نوستالژیایەکە. نوستالژیا تاکە شێوازێک نییە کە تاک سەرنجێکی سۆبژێکتیڤی لە ڕابردوو پێدەدەدات، بەڵکو ئەم نیگایە بەوە دەناسرێتەوە کە هەمیشە بە جومگەی پۆزەتیڤی ژیان ڕازێنراوەتەوە و وێنەیەکی کەم پۆزەتیڤ تر لە ئێستا دەنەخشێنێ. ”
تیۆری نوستالژیاش، بە جۆرێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ پرسیاری کەمکردنەوەی ویژدانناڕەحەتی دەستەجەمعی دەکات و لە دۆخی دەرپەڕاندن و ناچاربەکۆچکردنی کەمایەتییە جۆراوجۆرەکاندا سەرنجی پرسیاری پێدراوە.
ئەم ڕوونکردنەوە درێژەی من لێرەدا سەبارەت بە چەمکی ویژدانناڕەحەتی و نوستالژیا بۆ سەرنجدانێکی تارادەیەک خێرای چەند دانەیەک لەو زنجیرە تورکیانەی سەر بە پلاتفۆرمەکانی پەخشکردنی (نیتفلێکس)ە کە لە ئاستێکی نێونەتەوایەتیدا وەک کارە سەرکەوتووەکانی دراما تورکییەکان سەرنجی دراوەتێ . لە ڕێی ئەم درامایانەشەوە ، سینەما و درامای تورکی لە ئاستێکی بەرینی نێونەتەوایەتیدا بەرزڕادەگیرێت.
سەرنجدانی من لە م زنجیرانە ، لە گشتییەتی ڕووداوەکانی ناو دراماکاندا نین، بەلکو نیگایە لە دەمووچاوە حەرامەکانی ناو کۆمەلگای تورکی کە تا زەمەنێکی درێژ لە ناو ئەرشیفە کڵۆمدراوەکانی دەوڵەتدا تووندکرا بوون و وقسەکردن لەسەر هەر یەکێکییان، بە زیندانیکردنی خاوەنی قسەکەر تەواو دەبوو.
ئەو گروپانەیشی کە جیگایەکی تایبەت لەم زنجیرانەدا داگیردەکەن، کورد و گرێکی و جووەکانی تورکیان.
ئایا بێدەنگکردنی کورد و قەدەغەکردنی زمانەکەیان و ناوبردنی ئەوان بە تورکی چیا لە زەمەنێکی دوورەوە، چ ئاڵوگۆڕێکی لە زەینی ئینسانی تورکدا دروستکردووە و دەرکەوتنی گۆرانی کوردی و چیرۆکی کوردی لە زنجیرە دراما تورکییەکاندا، چەندێک دەچێتە خانەی ویژدانپاککردنەوەیەکی گروپێکی دەستدرێژیکەرەوە لەبەرانبەر گروپێکی دەستدێژیلێکراودا؟
جوولەکەکانی ئیستانبوڵ چۆن دەرکران، شەوی شەش لەسەر حەوتی ١٩٥٥ چییان لە یۆنانییەکانی ئەستەنبوڵکرد، ئەمانە بەشێک لەو دەستدرێژییە خوێناویانەن کە کۆمەلگای تورکی و ئیلیتی کولتوری تورکی لە مەملەکەتی”قەدەغەکان”ی تورکیادا دووبارە دەنگ و ڕەنگییان پێداداتەوە و دەیانخاتەوە بەر نیگا . نەک هەر نیگای گرووپی خۆ، بەلکو لە ئاستێکی فراوانی نێونەتەوایەتیدا بە جیهان دەڵێ: ئاوامانکردووە.

درامای Ethos یان : Bir Başkadır

“ئێتۆس” کە ناوهێنانی دراماکەیە لە نیتفلێکسی سویددا، یەکێک لە دراما هەرە جوانەکانی ئەم پلاتفۆرمەیە. لە تورکیادا و لە کاتی نیشاندانی ئەم زنجیرەیەدا، کۆمەلگای تورکی بە ئاستێکی سەرنجڕاکێش بەخۆیەوە جەزبدەکات.
چیرۆکی دراماکە ، نیشاندانی کۆمەڵێک دەمووچاوی ئەمڕۆکەی کۆمەلگای تورکییە بە خەون و پرسیارە سادە ئینسانییەکانی خۆیانەوە. یەکێک لەو روخسارە ئامادانەی ناو دراماکە کچێکی کوردی دەرونناسە کە خوشکێکی مەزهەبی هەیە و لە دوو گۆشەن

هاوبەشی :