عادل عوسمان: ئەوان چی دەڵێن و ئێمە چی دەکەین؟ (هەموو بەشەكان)

465
0
هاوبەشی :

ئەوان چی دەڵێن و ئێمە چی دەکەین؟
بابەتێكی بەڕێز عادل عوسمانە، ئەم بابەتە لە فەیسبوكەكەی بەڕێزیەوە بڵاو كراوەتەوە بە شەش بەش ، دەرچە میدیا هەموو بەشەكانی هێناوە بە یەك بەش بۆخوێنەرانی دەرچەی بڵا دەكاتەوە بڵاوی دەكاتەوە

بەشی یەکەم

سیستەمی دەسەڵات کەبەدڕێژایی مێژوو ھاتوە، کۆمەڵێک شێوەو ڕوخساری بەخۆیداوە. سەردەمەجیاوازەکانی گەشەکردنی دەسەڵات بەپێی پێویستی سەردەمەکەی وەڵامی باڵادەستی، داگیرکاری، قۆرخکاری و خەڵەتاندنی داوەتەوە. لەگەشەی خۆیدا زۆرکات بەھوشیاریەوە و ھەندێ کاتیش بەنائاگاییەوە کەوتوەتە ڕەوشێک کەوەڵامی پێداویستی دابینکردنی پاراستنی سیستەمەکەی بداتەوە. بۆیە ئەوە بوەتە ئەزمونێکی کەڵەکەبووی بەردەوامیدان بەسیستەمەکەیان. ئەوسیستەمەی کەبەرھەمی ھەزاران ساڵ، لەباڵادەستی، کەوتن وھەستانەوە، گۆڕینی شێوەو ڕوخسار بوەتەوە، بوەتە خاوەن دەیان کۆڕو کۆمەڵ و ناوەندی ھێز، ڕاگەیاندن، لێکۆڵینەوە، بیرو ئافراندن. بۆیە لەھەر سەردەمێکدا بەڕێوەدەچێت بیر لەوە دەکاتەوە چۆن ڕێگریەکانی سەر ڕێگەی باڵادەستی بشکێنێت و درێژە بە تەمەنی سیستەمەکەی بدات.
ئەوسیستەمە لەسێ قۆناغی جیاوازی چینایەتیدا کەوتوەتە بەرپەلاماری کۆمەڵگەو بەرەو فەنابوون پاڵیان پێوەناوە و چەندین جاریتریش لەناو ھەر سەردەمێکی چینایەتیدا بەرپەلاماری چینە ناڕازیەکان و کۆمەڵگە بوەتەوە. بەڵام سیحری جادووی پاراستنی ئەم سیستەمە نەیھێشتوە ھۆکارەکانی مانەوەی بمرن و لەناوبچن. بۆیە بەگۆڕینی شکڵ و شێوەکەی پەرەی بەسیستەمە باڵادەست – دەسەڵاتەکەی داوەو توانیویەتی سیستەمەکەی لە لەناوچون و فەنابون ڕزگار بکات و بەھەرجۆرێک بێت درێژە بەژیانی دەسەڵات – قازانج بدات. ئەگەر لەسەر خوێن و ڕەنجی زۆربەی کۆمەڵگەش بێت. شەڕەکانی جیھانی و ناوچەیی و ناوخۆییەکان ڕاستینەی دڕندەیی، قێزەونی ئەم سیستەمە نیشان دەدەن.
لەکاتێکدا ئەم سیستەمە لەم سەردەمەدا لەناو گێژاوترین تەمەنەکانی خۆیدا دەژی و لەھەرکوێیەک دوچاری ناڕەزایەتی و بەرەنگاریە. بەڵام ناوەندەکانی ھێزو بیرکردنەوە لەڕێگەی ڕاگەیاندن و ئایدۆلۆژیاوە ئەم سیستەمە جوان و تامەو لامەدەدەن تابتوانێت تەمەنی درێژ بکاتەوە. سیستەمی دەسەڵات لەبەرامبەر کۆمەڵگەو پێکھاتە جیاوازەکان و چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکاندا ھێند قێزەون و نامۆبوە، کە گەیاندویەتیە لێوارەکانی مەرگی بەڵام نەتەسلیم دەبێت و نە بەخۆشیدا دەچێتەوە. بۆیە لەدۆخێکدایە بەرھەمھێنی توندوتیژی، فاشیزم، کوشتار و سڕینەوەیە. لەپاڵ ئایدۆلۆژیا خەڵەتێنەرو ترسێنەرەکانیدا، کوشندەترین ھێزی دڕندە، سەربازی و تەکنەلۆجی بەکاردێنێت بۆ پاراستنی خۆی. لەپاڵ ھەموو ئەوانەدا، کۆ لە زیندوو کردنەوەی کۆنەپەرسترین چەمک و ئایدۆلۆژیای ئاینی، فیرقەیی، خێڵەکی، بنەماڵەیی و تاکی شەڕانگێزو دڕندە ناکاتەوە. ئەوسیستەمە بۆ پاراستنی خۆی جۆرەھا تۆڕو دەستەوتاقمی دور لەمرۆڤبوونی خوڵقاندوەو بەڕێوەدەبات. ھەموی لەپێناوی پاراستنی سیستەمە قازانجپەرست، ھەژمونگەرا و دڕندەکەیدا.
لەوپێناوەدا ئەوەی بیەوێت( ئەگەر بۆی سەرچێت) و بتوانێت بیکات دەیکات. کۆکوژی، ناشرین کردن، شەڕی تایبەت، ڕەشکردن و دروستکردنی کەشی بێزراوکردنی بەرامبەر. ئەوەی ئەو دەیەوێت دەیکات، تەنیا لەپێناوی لێدان لە ھەبونە ئازادەکان و کۆمەڵگەی سروشتی و پێکەوەییدا. چەمک و تێگەیشتنی تایبەت بەخۆی دروست دەکات، تۆڕی بڵاوکردنەوەی بۆ دروست دەکات، سەرمایەو ھێزیان دەخاتەبەردەست، تابتوانن نەخشە دژە کۆمەڵگەییەکان بەڕێوەببەن. بۆیە ئەوەی ئەو دەیکات بۆخۆیەتی. ئەی ئێمە وەک کۆمەڵگە، چین و توێژە ناڕازیەکان، پێشەنگە شۆڕشگێڕەکان، پارت و لایەنە ئازادیخوازەکان چیمان کردوەو چی دەکەین؟ پرسیارە جەوھەریەکە ئەمەیەو پێویستی بەوەڵامی جدیی ھەیە.
ئەوان سیستەمی خۆیان ئاواکردوە، دنیایەک کێشەو قەیران و دروستکراوی دەرەوەی حەقیقەتیشیان دروستکردوەو کردویانەتە تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی کەئێمەی پێوە سەرگەرم و دەخەڵەتێنن و بەدوای خۆیشیاندا ڕامان دەکێشن. دەمانخەنە ناو داوەکانی داڕێژراوی خۆیانەوە بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین. کۆمەڵێک کەسی بێ بەھاو ڕێکخراوی دەستەمۆشیان دروستکردوە وەک ڕەخنەگرو قسەکەری ناڕازی! بەڵام ئەوەی لەدەوری دەخولێنەوە پاراستنی سیستەکەیە بەگوێرەی نەخشەی نوێ کردنەوەی تەمەنی سیستەمی دەسەڵات – دەوڵەت – قازانج.
ئەگەر بێینە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سەیری کێشەی کورد بکەین، ئەوا وێنەکەمان بەدروستی و ڕونی دێتە بەرچاو. چونکە سەرچاوەی چارەسەر نەکردنی زۆربەی ھەرە زۆری کێشەکان، نەناسین و ڕاوەستە نەکردنە لەسەر کێشەی کوردو پێشنەخستنی چارەسەری ئەو دۆزەیە. بۆئەوەی ئێمە وەک ئەوان نەکەین، پێویستە سیستەمی خۆمان ئاوابکەین و کاری لەسەر بکەین. سیستەمی چارەسەری دۆزی کوردو چواردەوڵەتی گەورەی داگیرکەری کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، چارەسەری دۆزی کوردە وەک ئەوەی کوردان خۆیان دەیانەوێت، کە ئەویش نەتەوەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی گەلانە. کەواتە نەتەوەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی گەلان چیەو ئەوەی کوردان دەیانەوێت چیە؟ و ئەوەی سیستەمی باڵادەست و دژە کورد دەیەوێت چیە؟.
وەڵامی ئەوانە بە ناسینی دەوڵەت نەتەوەدا تێپەڕدەبێت. دەوڵەت نەتەوە پێداویستی دروستکردنی بازاڕی بەدەستھێنانی قازانجی سەرمایەبوو، سەرمایەیەکی گەورە کەڵەکەبوبو، پیشەسازی و ماکینەی ھەڵم خەریکی گەشەکردن بوو، بەرھەمھێنان زیادی دەکردو کەڵەکە دەبوو بۆ ساغکردنەوەی کاڵای بەرھەمھاتوو بازاڕی ناوخۆ تێری نەدەکرد. واتە کاڵاکان لەبازاڕی ناوخۆدا سەرف نەدەبون و دەمانەوە. سەرمایەش قازانج پەرستەو دانانیشێت، بەھۆی ئەو چاوچنۆکیەی بۆ قازانج لێگەڕی ڕێبازەکانی دۆزینەوەی بازازو گەورەکردنی قەڵەمڕەوی فرۆش و ئاڵو وێربوو. بۆیە پێویستبوو، ئاستەنگەکانی سەر ڕێگەی بازاڕی گەورەتر بشکێنێت. کەخۆی لە دەسەڵاتە بچوکە خێڵەکی و شارچێتی و ناوچەیی بچوکدا دەبینیەوە.
ماویەتی

بەشی دووەم

چینی بۆڕژوازی و پیشەسازی ئەو سەردەم کە ئەو ناکۆکیانەیان دەبینی چ ئاستەنگێکە لەسەر ڕێی گەشەی پیشەسازی و بەرھەمھێنان و بەبازاڕ کردن. بۆیە کەوتنە دنە دانی ھەستی نەتەوەیی و بەوپێیەش کەچینی پیشەسازو بازرگان و دەسەڵاتداران باڵادەستبن. دەوڵەت بەناوی نەتەوەوە دروستبکەن. بۆیە کەوتنە دانانی بناغەی دەوڵەتی نەتەوەیی و دروستکردنی چەمک و ئایدۆلۆژیا و دامودەزگاکانی بەسیستەم کردنی ئەم ئامانجە. بۆیە کەوتنە دروستکردنی دەوڵەت نەتەوەکان، لەسەربنچینەی زمان، جوگرافیا، مێژوو، ئایین،کلتوری ھاوبەش وبازاڕ و ئەوپێداویستیانەی کە ھەستی نەتەوەیی پەرەپێدەدات.
دیارە دروستکردنی ئەو دەوڵەت نەتەوانەش بێ خوێنڕشتن و ھێزو ھێزی ئایدۆلۆژیاو پاوانەکان بەدەست نەدەھاتن. بۆیە قۆناغێک لەشەڕوشۆڕ دەستی پێکرد، تائەو ئاستەنگیانەی پێکھێنان بشکێنن. کاتێک ئەو دەوڵەتانە دروستبوون کە لە ئەوروپاوە سەریان ھەڵدا لەسەر میڕاتی ئیمپراتۆریەت و پاشایەتیەکان دڕێژەیان بە داگیرکاری و دروستکردنی دەوڵەتە گرێدراوەکانی خۆیان کرد، لە جوگرافیا جیاوازەکاندا. بۆیە لەتەواوی جوگرافیاکانی زەویدا کەوتنە دروستکردنی دەوڵەت و دەوڵەتۆچکە گەورەو بچوکەکانی گرێدراو بەخۆیانەوە. کە ھەموو دەوڵەتەکان لەسەر ناکۆکی و سڕینەوەو یەکڕەنگ کردن دەمەزران و ناویان لێنان دەوڵەتی فڵان نەتەوەو فیسار ئەتنیک.
ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەلەژێر داگیرکاری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، سەفەوی و قەیسەری ڕووس و پاشایەتی ئینگلیزو فەرەنسیەکاندابوو، لەشەڕی جیھانی یەکەمدا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی شکابوون و ڕوسیاش بەھۆی شۆڕشی ئۆکتۆبەرو دەستێوەردانی ئینگلیزەکانەوە پاشەکشەی کردبوو. ھەلومەرج و دەرفەت بۆ ئینگلیزو فەرەنسیەکان دروستبوبو کە ئەوبۆشاییانەی دەسەڵات لەناوچەکەدا بە دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکە پڕ بکەنەوە. بۆیە لە عیراق، سوریا، ئوردون، فەلەستین و تابەرەو ئەفریقیا کۆمەڵێک دەوڵەت نەتەوەی نوێ دروستکران کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وسەفەویش گۆڕان بۆ کۆماری تورکیاو ئێران.
لە دروستکردنی ئەم دەوڵەت نەتەوانەوە کە لەسەر بنچینەی یەک نەتەوە دامەزران، کێشەو ئاڵۆزی، شەڕوکوشتار، سڕینەوەو پاکتاوکردن، بەرخۆدان و ڕاوەستانەوە بوە مێژووی ژیانی کۆمەڵگەکان. زیانمەندی گەورە نەتەوەی کوردو ھەرچەندە عەرەبەکان دەوڵەتیان بۆدڕوستکردن، بەڵام پارچەیان کردن و بچوکیان کردنەوە. ناوچەکە ڕۆژێک بێ شەڕو خوێنڕشتن و ئازار تێنەپەڕیۆە. بەوھۆیەی کە چینی دەسەڵاتداری نەتەوەی باڵادەست بەناوی نەتەوەی خۆیەوە ھەمیشە پەلاماری نەتەوە، ئایین و ئاینزاکانی تری ناو دەوڵەتەکەی داوە، ئارامی، ئاسایش و پێکەوەیی نەماوەو بوەتە خوێنڕشتن. چەند سەدەیە لەم ناوچەیەدا شەڕو خوێنڕشتنە و نەتوانراوە ئەو خوێنە ڕابگیرێت و چارەسەری کێشەکان بکرێت. بەو ھۆیەوە کەبێ چارەیی پەرەی سەندو سیاسەتی پاکتاو سڕینەوە بەردەوام بوو. بەرخۆدانی گەلانی جیاوازیش ھەبوو شەڕەکان قورسترو بەئازارتر دەبوون. گەلی کورد بەھۆی پێشەنگە سیاسیەکەیەوە، بیری لە پێشکەش کردنی چارەسەریەکی تر کردوە، لەدەرەوەی دەوڵەت و سیستەمی دەسەڵات. بەناوی نەتەوەی دیموکرات، خۆبەڕێوەبەری، پێکەوە ژیان و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک.
١-نەتەوەی دیموکرات
نەتەوەی دیموکرات، لەسەر بنچینەی ھەبونی مێژووی بونی نەتەوەیی دامەزراوە، کە ھەبویەکی ڕاستەقینەو ژیانی کۆمەڵگەکانە. لەئەنجامی گەشەی کۆمەڵگەبوونی مرۆڤەوە دەستی پێکردوە. شێوەی گەشەکردنی ڕێکخستنی لە کڵانەوەبۆ خێزان، بنەماڵە عەشیرەت، قەوم و دوا قۆناغی نەتەوەی بوونە. چەمکی نەتەوەبوونیش دوو شێوەی ھەیە کە ھەرکامیان پێناس و ناسنامەی خۆی ھەیە:
یەکەمیان، پێناسەی دەسەڵات – دەوڵەتە کە دامەزراوە لەسەر جوگرافیا، مێژووی ھاوبەش، زمانی وەک یەک، ئاینی یەک ڕەنگ، ئاڵا، سنورو دەوڵەتی یەکڕەنگ. ھەمووی لەسەر یەک ڕەنگی دامەزراوە. بۆیە ئەم پێناسە بەدرێژایی مێژوویەکی دورودرێژ بوە سەرچاوەی شەڕێکی خوێناوی ناوخۆیی کە پایەکانی دەوڵەتەکەی لەرزۆک و کۆمەڵگەکەشی پڕ لەئازارو سەرچاوە مرۆییەکانیشی بەھەدەر داندا. ئەم چەمکی پێناسەیە کەلەسەر ئایدۆلۆژیای بەرژەوەندی، قازانج، دەسکەوت و سڕینەوە دامەزراوە، ھەرگێز نەبوە سەرچاوەی ئارامی و ئاسایش. بۆ وڵاتانی زلھێزیش بوە گەمەیەکی زۆرباش بۆ باڵادەستی و دەستێوەردانی بەردەوام. تابتوانن دەسەڵاتدارەتی خۆیان بەسەرناوچەکەدا بھێڵنەوە.
دووەم؛ پێناسەی نەتەوەی دیموکراتیکە بۆ نەتەوە، لەنەتەوەی دیموکراتیکدا ئایین، جوگرافیا، سنور و دەوڵەت و یەکڕەنگی بە بناغە ناگیرێت، ئەوەی ھەیە ئەو ھەست و بەرپرسیارەتیەیە کە مرۆڤێک لەبەردەم خۆیدا دایدەنێت بەرامبەر بەبوونی ئەو نەتەوەی کەخۆی بەبەشێک لەو دەزانێت. بۆیە ئەگەر سیاسەتی پاکتاوو ئاسمیلەو وەک خۆ لێکردن بگرینە بەرچاو. ئەم پێناسەیە نزیکترە لە ڕاستیەوە، وەک لە پێناسە یەکڕەنگیەکان. بۆنمونە ئەو نەتەوانەی کە کەوتونەتە بەردەم ھێرشی سڕینەوەو پاکتاوکردن، وەک ئەرمەنەکان، ئاشوریەکان، ئەمازیخیەکان و کوردەکان. ئەگەر سەیریان بکەین جگە لەکورد کەبوونی نەتەوەیی خۆی پاراستوەو بەرخۆدانێکی بەئازار دەکات، ئەوانیتر ناتوانن باسی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن و بەزمانی زکماکی بدوێن. لەژێر گوشارو فشاردا زمانەکەیان پێ گۆڕدراوەو بوەتە زمانی دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەست، بەڵام کاتێک دەرفەتێکیان بۆ دەڕەخسێت، یان ترس و گوشاریان لەسەر نامێنێت دەڵێن، ئەرمەن، ئاشوری، ئەمازیخ یان کوردین. ئەم دۆخە بۆکوردان ھەرچی زیاتر قابیلی تێگەیشتنە. بۆیە کاتێک سەیری کوردێکی ئاسمیلەی زمان بەتورکی کراوی ئەستەمبوڵ دەکەیت، یان کوردێکی خۆراسانی، یان لوڕ و کەلھوڕێک، یان کوردێکی بەعەرەبکراو دەکەیت و خۆی بەکورد دەزانێت. ھەرچی زیاتر ڕاستینەی بوونی ھەستی نەتەوەیی سەلمێنەری بوونی نەتەوەییە، نەک شتگەلێکی تر. لەپاڵ ئەو ھەستەدا بونی یەکیەتی نەتەوەیی، زمانی تێگەیشتن، سەرزەمینی لەسەر ژیاو پێویستین، بەڵام بەھۆی ئەو تێکەڵبوون ھێرش و شەڕو گۆڕینی دیمۆگرافی و کۆچبەری و ئاوارەییەوە نابنە ھۆکاری پێداگری، شەڕو دژبەری یەکتر بەڵکو لەڕێگەی چارەسەری کێشەکانەوە دەتوانرێت لە دەوڵەمەندیەکان و پێکەوەییەکان سوود ببینرێت.بۆیە لێرەوە دەچینە سەر خۆبەڕێوەبەری.
ماویەتی

بەشی سێھەم

خۆبەڕێوەبەری چیە؟
بەھۆی ھەبوونی پێکھاتەو کلتورە جیاوازەکان و پێکداچوونە ئەتنێکیەکانەوەو بۆ ڕێگرتن لەسیاسەتی پاکتاوو سڕینەوەو ناسینی ناسنامە جیاوازەکان. ئەوە بەبنەما گیراوە ھەرناسنامەیەکی جیاواز لەدەرەوەی فشارو کاریگەری نەرێنی لەسەر پێکھاتەکانی تر دەتوانێت، ممارەسەی شێوەی ژیان و بەڕێوەبەری خۆی بکات. بەبێ ئەوەی زیان بەوانی تر بگەیەنێت و لەھەمان کاتتدا لەگەڵ ئەوانی تریشدا پێکەوەو لەیەکیەتیەکی دڵخوازدا پێکەوەبژین. ئەم سیستەمە بۆخۆی چارەسەری پرسی سڕینەوەو پێکدادن و شەڕو خوێنڕشتن و ھەرکەس بۆخۆیەتی. سیستەمی باڵادەست ھەمیشە جیاوازی و ناکۆکیەکانی بۆ شەڕو پێکدادان و بەرھەمھێنانی توندوتیژی و خۆسەپاندن بەکارھێناوەو ئاراستە کردوە. بەوھۆیەوە لایەنە جیاوازەکان و ناکۆکەکانیش بەشوێن خۆ بەھێزکردنەوەبوون. کاتێک ھێزی خۆیان تێری ئەو بەھێزبوونە نەکات، ئەوا دەگەڕێن بەدوای ھێزی ھاوکاریدا. ھێزی ھاوکاریش بە مەرجی باڵادەستی خۆیی و سودی ئابوری، سیاسی و جیۆپۆلەتیکی دێتە ناو کایەکەوە، وە ھێزێکی دەستێوەردەری دەرەکیە کەنامۆیە بە کۆمەڵگەی دەستێوەردراو. ئەو پێکھاتە جیاوازانەش لەبری ئەوەی چارەسەری کێشەکان بکەن، دەرگای دۆزەخ و کوشتار لەسەرخۆیان و خاک و نیشتێمان و شوێنی ژیانەکەیان دەکەنەوە. ئەم کایەو گەمەیە بەدرێژایی مێژوویەکی درودرێژ بەردەوامە.
بۆیە ڕەخنەگرانی ئەو دۆزە بۆچارەسەری ئەودۆخە، خۆبەڕێوەبەری و ناسینی پێکھاتەجیاوازەکان و ڕێکخستنی ناکۆکیەکانیشی لەبەرچاوگرتوەو چەمک و سیستەمێکی لەو شێوەیەی پێشکەش کردوەو کاری بۆدەکات. بێزیانترین ڕێگەچارەی ئاشتیانەی پرسی ناکۆکی و جیاوازیەکانە. بەبێ ئەوەی کەس و لایەن و بنەماڵە چوارچێوە بە کۆمەڵگەو پێکھاتەکان بدەن. ڕێگە بۆخودی پێکھاتە جیاوازەکان ئاواڵایە کەبەپێی کلتوری لەمێژینەیان ژیان و سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆیان ئاوابکەن و بەڕێوەببەن. جیاوازیەکان دەوڵەمەندی سروشتی و کۆمەڵایەتی ھەبونەکانە، کەدەتوانرێت بەشێوەیەکی ھەرە شیاوو گونجاو بەڕێکخستن بکرێت و ببێتە سەرچاوەی ئارامی و ئاشتەوایی. بانمونە گەلێک وەرگرین چ وەک عیراق، چ وەک ناوچە پڕھەبونە جیاوازەکان.
عیراق کاتێک دروستکرا، گەلانی عەرەب، کورد، کلدۆئاشور و تورکمان تێیدا لەسیستەمێکی نەخوازراودا بەیەکەوە بەستران و لەناویشیاندا ئایین و ئاینزای جیاوازی تێدابوو کە سوننەی ئیسلامی کرایە سیستەمی باڵادەست و دەوڵەت درایە دەست ئەو. ھەروەھا ناوەندەکانی ھەندێ لەشارەکان بەپێکھاتەی جیاواز دەناسڕان، وەک موسڵ، کەرکوک، بەغداد، بەسرە،نەجەف و ھەروەھا. ئەم عیراقە لەوڕۆژەوەی دروستکراوەو ناوەندی ئەوشارانەی کە پێکھاتەی جیاوازی تێدایە ئارامی و ئاشتەوایی بەخۆیانەوە نەدیوە. لەبەرئەوەی ھەمیشە ھێزە دەسەڵاتدارەکان دنەی خراپی جیاوازیەکانیان لەسەربنچینەی تەقاندنەوەی ناکۆکی داوەو بەرھەمھێنەری توندوتیژی بوون.
خۆبەڕێوەبەری وەڵامی ئەو ناکۆکی و جیاوازیانەی دایەوە، بۆئەوەی ھەموو ھەبونەکان وەک بونێکی گەردونی سروشتی کۆمەڵایەتی لەکایەی ژیاندا بەشدارو پێکەوەبووبن و لەدەوڵەمەندیەکانی سروشت، کۆمەڵگە و ئابوری بەشدارو سودمەندبن. بۆیە لەسەر ئەوبنچینەیەش، کۆمەڵگەی دیموکراتیک، و ئابوری ھەرەوەزی پێشکەش کردوە.
ئابوری ھەرەوەزی
تائێستە سیستەمی سەرمایە بەھۆی لەڕێلادراویەکەیەوە دەستێوەردانی چەمک و پێناسەکانیشی کردوە، مارکسیستەکانیش بونەتە ھاوبەشی ئەو لەڕێلادانە. بەوەی کە ئابوری بە پیشەسازی و بەرھەمھێنانی کاڵا ناسێنراوەو بەوە سەرخان و ژێرخانیان بۆ داڕشتوە.
بەڵام خودی ئابوری پیشەسازی نیە، بەڵکو پیشەسازی خودی ئامرازەکانی ھاوکاری و کۆمەکی ئابوری ڕاستەقینەن. کە ئابوری واتە دانەوێڵە خواڕدن و پێداویستیەکانی گەرمکردنەوەو درێژەدان بەژیان. ئەو خۆراک و خوردەی کەدرێژە بەژیان دەدات ئابوریە. باقی شتەکانیتر ھاوکارو یارمەتی دەری بەرھەمھێنانی ئەو پێداویستیانەن. چۆن؟
ماویەتی


بەشی چوارەم

مرۆڤەکان لەسەردەمی سەرەتادا لەسەر کۆکردنەوەی بەروبومی دارو درەخت و گژوگیا دەژیان، لەپاشدا فێری ڕاووشکارو چاندن بوون. بەھۆی ئەو پێداویستیانەی کەبۆ ئەوکارانە دەویستران، بیرکردنەوەلە پێداویستیەکان ھاتە پێشەوە. بۆبەروبووم پێویست بە کۆکەرەوەبوو، بۆ ڕاوو شکار پێویست بە داوو تەڵەو ھەڵکەندن و ئامێری بڕەربوو، بۆ چاندن و کشتوکاڵ پێویست بەئامێری ھەڵکەندن بوو. بۆیە لێرەوە ئامێرە سەرەتاییەکانی وەک تورەکە، سەبەتە، بڕەر، ھەڵکەنەر پەیدابوون. بە دروستکردنیان لەداروبەردو پێستەی ئاژەڵە ڕاوکراوەکان. بەردەکان ودارەکانیان تیژدەکردو کارەکانیان خۆیان پێ بەڕێوەدەبرد. یەکەمین بناغەکانی پیشەسازی بوون لەو پێداویستیە سەرەتاییانەوەدروستبوو کەبۆ دابینکردنی زیاتری پێداویستیەکانی خوردو خۆراک بوو. ئیتر بۆ پیشەسازی ئابوریە!.
بەھۆی تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان و دۆزینەوەی کشتوکاڵ و ماڵی کردنەوە نیشتەجێبوون ھاتە کایەوە. بەوە مرۆڤایەتی لەڕێکخستنە سەرەتاییەکانی کڵانەوە گەشەی کرد بۆ خێزان و بنەماڵە. بۆیە بۆ بەردەوامیدانی زیاتر بە ژیان و دابینکردنی پێداویستیەکانی کەوتنە بیرکردنەوە لە چۆنیەتی گۆڕین و باشترکردنی پێداویستیەکانی کێڵان، ڕاوکردن و ماڵی کردن. بەدۆزینەوەی برۆنز پێشکەوتنێکی جۆری دروستبوو کەبوە ھۆکاری بەرھەمھێنانی زیاتر.
ژیانی گشتی بەشێوەی ھەرەوەزی و پێکەوەیی و دابەشکاری بەڕێوەدەچوو. ژن خاوەنی بەڕێوەبەری و دابەشکردنی ھەموو شتەکان بوو. بۆیە کۆمەڵگەیەک بەشێوەی سروشتی خۆی بەڕێکخستن کردبوو ھەستە سۆزداریەکان بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی کڵان بوو. ھیچ کەس و لایەک بیری لە خاوەنداری بەشی زۆرو زەوەند بۆخۆی نەدەکردەوە. ھەموو کاریان دەکرد( ھەرچەندە کارەکان سەرەتاییش بوون) ھەمویان سودیان لێ وەردەگرت. بۆیە کۆمەڵگەیەکی ئارام و ئاسودە دەژیان. گەشەی پیشەسازی سەرەتایی بوە ھۆی بەرھەمھێنانی زیاد، لەسەر ئەوبەرھەمھێنانە زیادە بیرکردنەوە دەستی پێکرد. ئیتر لەپاڵ ھەستی سۆزداریدا، بیرکردنەوەش کەوتە گۆڕەپانەکە.
لەسەردەمی پێشیندا سروشت بەدایکی پێدراوەکان دەناسرا، بۆیە ڕێزێکی گەورە لە بەرھەمەکانی سروشت و سەرخاک دەگیراو پیرۆز سەیری دەکرا. مرۆڤی سەرەتا سروشتی نەدەڕەتاند، بەڵکو ھێندی پێویستی بەردەوامی ژیان پێداویستی لێ وەردەگرت و بەھێندی ئەوەش خزمەتی دەکرد. بۆیە مرۆڤ وەک ھەربونەوەرێکیتر، خۆی بەبەشێک لە بونەوەر، زیندەوەرو کوچک و کەڵەکەکان دەزانی دەست درێژی نەدەکردە سەر بونەکانی ترو زیاتڕی لێ نەدەخواستن. کاتێک ھوشیاری ئانالیتیک ( شیکەرەوە) گەشەی کرد مرۆڤ بوە ئەو دڕندەیەی کەدەست درێژی بکاتە سەر سروشت و زیادەڕەوی لەبەرھەمھێنانی زیادو کەڵەکەی بەرھەمدابکات و بەوە پرسی ئاڵووێرو گۆڕینەوەو لەکۆتایشدا فرۆشتن و قازانج دەست پێبکات.
ڕێزدارییەک کەلە بەتەمەنەکان گیرا بوە ھۆی دروستکردنی ئیرەی و کۆکردنەوەی بیرکردنەوەی کەنارخستن. لێرەوە کۆمەڵگە بەھۆی ئیرەیی و ھێزو بازوەوە لەڕێی خۆی لایداو سیستەمگەلی جیاواز دەستی بە بنیاتنان و دەرکەوتن کرد. بۆیە سیستەمی من تۆ دروستبوو. منەکان بەتۆتۆیی یەکیانگرت و بیریان لەباڵادەستی کردەوەو بەو گوێرەیە ھەموانیان بەجێھێشت و منێکیان بۆخۆیان دروستکرد. بەوە کۆمەڵگەیان پارچەکردو جیاوازیان تێدا دروستکردو ڕەوشی بیرکردنەوەو ھەستەکانیان دابەشی بەشێک لەسروشت و بەشێک لەبەرژەوەندی تایبەت کرد. لەوێوە دەست درێژی بۆسەر ھەبونی سروشتی کراو زیاد لەپێویستی خواست پێشکەش کرا.
گەڕان بەدوای پاوان و دەستبەسەرداگرتن، ھەر لەژنەوە بۆ دارودرەخت، خاک و مۆڵگەی کشتوکاڵ دەستی پێکرد. لەئەنجامی ئەم گەشەکردنەوەوە شارەکان دروستبوو. شارەکان دەبوایەت بەڕێوەببرانایەت، لەو بەڕێوەبەریەوە بەدەزگابوون چ لەئاستی ھزر، چ لەئاستی مرۆڤ و ھەموو ئاستەکانی تردا پێشکەوت. بەدەزگابوون دەبوایەت ببواێەتە سیستەم. ھەموو ئەوانە لەئەنجامی گەشەی بەرھەمھێنانی زیادو پاوانەوە دروستبوو گەشەی کرد. چینایەتی و جیاوازیە کۆمەڵایەتێەکان گەشەیان کرد. پاراستنی ئەو چینایەتی و باڵادەستیە پێویستی بەھێزی مەعنەوی مرۆیی بوو. بۆیە خوداوەندەکان، بەڕێوەبەرەکان سوپاکان و زانستوانەکانی بۆ ئافرێنرا. میللەت، قەوم و نەتەوە گەشەی کرد. قەڵەمڕەوی گەورەتر، دەسەڵات، پاشایەتی، ئیمپاتۆرو دەوڵەتەکان دروستبوو.
لەئەنجامی ھەموو ئەوانەدا گەردون – سروشت -مرۆڤ کەوتە ناوبەرداشی ناکۆکی تاڵان – خۆپاراستن، چینی باڵا- چینی ژێرین، دەسەڵات دەوڵەت – پاراستن بەرخۆدان. مێژووی چەندھەزارساڵە لەناو شەڕوو ناکۆکی ھێرشی دڕندانەو دور لەئەخلاقی سیستەمی سەرمایەو دابەشکاری چینایەتی دامەزراو لەسەر دزینی ڕەنجی کۆمەڵگە بەڕێوەدەچێت و مرۆڤایەتی بۆ ئاراستەیەکی خراپ دەبات. ئەم سیستەمی قازانج – باڵادەستیە ھەرچی دەکات لەپێناوی خۆیدا. بۆیە دەست درێژیەکانی بۆسەر گەردون سروشت زۆر بێ ماناو دور لە ئەخلاق و پێوەرو بەھا جوانەکانە. بەو دەست درێژیەی دۆخێکی خوڵقاندوە مەرگبار. سروشت بەدەوری خۆی تۆڵەی خۆی لەو دەستدرێژیانە دەکاتەوەو کۆمەڵگەش بەدرێژایی مێژوو لە بەرەنگاری و وەستانەوەدابوە بەرامبەر بەو دەست درێژیە تەماعکاریانەی چینی باڵادەست. بەڵام نەیتوانیوە کۆتایی یان لانی کەم سنورێک بۆ دەستدێژی و بێ ئەخلاقیەکانی ئەو سیستەمە دابنێت. ئەویش بەھۆکاری ئەوەی سیستەمی قازانج – دەسەڵاتی جوان شڕۆڤەنەکردوەو ئەڵتەرناتیڤەکەشی بەپێی ئەو وەڵام و تێگەیشتنە پێشکەش کردوە کەلەوسەرەوە بەرھەمھێنانەوەی سیستەمی دەسەڵات – دەولەت – قازانج بێت.
ماویەتی

بەشی پێنجەم

بۆیە ئەڵتەرناتیڤی ئەمجار لەبواری ئابوریەوە، خوێندنەوەی ڕاست بۆ ئابوری، سنوردانان بۆ پیشەسازی و پێدانەوەی جێگەی گونجاوو شیاوە بۆ ئەو بوارەو بەرھەمھێنان و دابەشکاری ئابوری بەپێی پێداویستێەکانی ژیان. نەک بەرھەمھێنانی زیاد. لێرەوە دەچینە سەر ئابوری ھەرەوەزی و پێکەوەیی و سنوردانان بۆ ئابوری سەرمایەداری و ڕاستکردنەوەی بەکارھێھانە ھەڵەکانی ئابوری و بەشداری ڕاستەوخۆی مرۆڤەکان لەبەرھەمھێنان، دابەشکردن و دەست ڕاگەیشتنی ئازادانە بە پێداویستیەکانی ژیان دور لەفشارو دەستێوەردان و ناچارکردن. ئابوری ھەرەوەزی ئەوەیە کەسنور بۆ دەستدرێژی، تەماعکاری و قۆرخکاری دادەنێت و ڕێگە لەدزینی ڕەنجی کۆمەڵایەتی دەگرێت.لێرەوە دەچینە سەر ئەو سیستەمەی کە دەتوانێت کۆتایی بەستەمە چینایەتی، نەتەوەیی، ڕەگەزی و ژینگەییەکان بێنێت. کەواتە ئەوسیستەمەی کەدەتوانێت وەڵامدەرەوەی بەڕێکخستن کردنی ئەم پەیوەندیە گەردونی – سروشتی – کۆمەڵەیەتیەبێت، چییە؟
کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک
کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بەرجەستەبوون و بەسیستەم بوونی دەزگا، بیرکردنەوە، پێکەوەبوون و ھەبونە جیاواز، ژینگەیی و گەردونیەکانە. ژیان بەبێ ناسینی ھەبونەکانی، جیاوازیەکانی و ئەزمونەکانی مانایەکی نیەو لەدەرەوەی بەڕێکخستن بوونی بێ ماناتر دەبێت و ڕێگە لەسەر پشێوی نائارامی، باڵادەستی، قۆرخکاڕی و ستەم دەکاتەوە. تەواوی سیستەمە چینایەتی باڵادەستەکان، لەسەر ئینکار، لەناوبردن و قۆرخکاری دامەزراون. ئازارەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ژینگەو سروشتەکەی کەم نین، کەمرۆڤ نەتوانێت بیریان لێ نەکاتەوەو چارەسەریان نەکات. بۆیە کێشمەکێشەکانی کۆمەڵگەو سیستەمی دەسەڵاتدارەتی بە ئەزمونێکی تاڵ و بیرلێکردنەوەدا ڕۆیشتوەو ھەر ڕۆژگارە ئەزمومێکی زیاتری بەھۆشمەندی مرۆڤ گەیاندوەو زیاد کردوە.
بۆیە ھۆشمەندی تێگەیشتن و ڕێکخستنەوەی ناسینی دیاردەو ژیانکردنی حەقیقەتی بونی ڕاستینەی ئەو ژیان کردنەیە. ھەڵە یان ڕاست، ھۆشمەندی ئەوە دەست نیشان دەکات و لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی دەستنیشان دەکات و لەڕێگەی ئەقڵ و پراکتیکەوە کارتێکەری لەسەر دەکات کە بەئاراستە باشەکەدا بڕوات. ھۆشمەندیش بەرھەمی ئەزمونی پراکتیکی تێگەیشتنە لە گەردون و چۆنیەتی ژیانکردنی پێکھاتەکانی ناوی. لەگەردوندا ھەر پێکھاتەیەک بەپێی سوڕی ژیانی بەشدارە لە بەڕێوەبردنی بون و ئەرکەکەیدا. بۆیە ھیچ ھەبویەک باڵاترو پێکھێنەرتر نیە لەوی تر ھەر لەبچوکەوە ھەتا گەورەترینیان. ھەبوونەکان لەناو پەیوەندیەکی پێکەوەیی و تەواوکەردا سوڕی ژیان تەواو دەکەن و یەک یەک تەواو دەکات. بۆیە کاتێک سەیری گەردون – سروشت – کۆمەڵگ دەکەین لەدەرەوەی سیستەمی چینایەتی باڵادەست، ھەموان پێکەوە لەدەورانێکی سروشتی پێکەوەییدا دەژین و یەکتر تێردەکەن.
سیستەمی چینایەتی لەپێناوی باڵادەستیدا، ئەم ھاوکێشە پێکەوەییەی تێکداو خراپی کرد. مرۆڤی کردە بونەوەری باڵاو بەپێی ئەوە سیستەمێکی بیرکردنەوە، دەزگای سیاسی، سیستەمی ئابوری و قوتابخانەو پۆلیس و بەڕێوەبەری بۆ ئافراند. ھۆکارەکەشی ئەو باڵادەستیە ئابوری و قۆرخکاریە بوو کە ھەرشتی پاوان دەکرد. مرۆڤی کردە بەڵایەکی شێرپەنجەیی و دەستێوەردانی سروشت و پێکھاتەکانی کرد. لەناو مرۆڤیشدا بەشی باڵادەست و چینێکی دروستکرد کە بڕیاردەری دیاریکردنی شێوەی ژیان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی بێت. لەئەنجامی ناکۆکی ئەم شێوە ژیانە سەپاوەدا، کاردانەوە، ڕاپەڕین و وەستانەوە لەدژی ئەم شێوە ژیانە ھاتۆتە ئاراوە.
ئاڵوگۆڕی سیستەمەکان و شێوەکانی سیستەمە چینایەتیەکان بەرگری خۆگۆڕینی ئەو سیستەمە باڵادەستە چینایەتیانەبوو کەلەپێناوی قازانجدا شێوەکانی خۆیان دەگۆڕی( کۆیلەتی، دەرەبەگی، سەرمایەداری) ئەو ئاڵوگۆڕانەن کە نەبونە ھۆکاری چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە. بۆیە مرۆڤایەتی ھەر لە لێگەڕی ڕێگەو ڕێبازی ڕاستکردنەوەی ئەو دەستێوەردانە نەشیاوەدابوو. توڕەبونە گەردونی، سروشتیەکانیش بۆخۆی دەوری کاریگەری ھەبوو لەسەر بیرکردنەوەو ئافراندنی ھزرگەلێک کە ویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەیە. ئایینەکان، خوداوەندەکان بۆخۆیان پەیام و لێگەڕی مرۆڤەکانن بۆ وەستانەوە لەدژی ئەولەڕێ لادانانەو چارەسەرکردنی کێشەکان.
بەڵام توانای مرۆڤایەتی تێری تێگەیشتنی حەقیقەتی ڕوداوەکانی نەکردوە، تابتوانێت بەشیوەیەکی دروست وەڵامی چارەسەری کێشەکان بداتەوە. بۆیە شەڕو کێشمەکێشەکان بەردەوام بوەو گەیشتوەتە ئاستی شەڕە لەناوبەرە جیھانیەکان کە گۆی زەویشی دوچاری مەترسی کردوە. نەخۆشی و پەتاکان بۆخۆی کاردانەوەی سروشتە بەرامبەر بە دەستێوەردانەکانی چینە باڵادەستەکان و مرۆڤەکان. ئەوشێرپەنجەی کە لەجەستەی مرۆڤ و ھزری ئەودا دروستبوە، چونکە بەرھەمی ناوخۆی خودی مرۆڤە تێگەیشتن لێی و چارەسەرکردنی ھەندێ بەسەختی بەڕێوەدەچێت. بۆیە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ئەو شێوە ژیانەی کەلەسەر حەقیقەت و ڕاستینەی ژیانی پێکەوەیی و ھاوکاری داڕێژرابیێت بەگرفت و تێکوشینێکی خۆنەویستانەو پڕ ئازاردا تێدەپەڕێت.
سیستەمی چینایەتی کەلەدوا پێناسەی بەسیستەمبوونی خۆیدا دەژی و ناوی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریە. بەدواقۆناغەکانی ژیانی خۆیدا تێدەپەڕێت. چونکە ئەم سیستەمە چینایەتیە ئەوەندە بەئازارەو مێژویەکی ئەوەندە خراپی بەڕێوەبردوە کە جگە لەخوێنڕشتن، پاکتاوو سڕینەوە و بەکارھێنانی ھێزی کوشندە ھیچی تری لەھەگبەدانیە.
ماویەتی

بەشی کۆتایی

سیستەمی چینایەتی کەلەدوا پێناسەی بەسیستەمبوونی خۆیدا دەژی و ناوی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریە. بەدواقۆناغەکانی ژیانی خۆیدا تێدەپەڕێت. چونکە ئەم سیستەمە چینایەتیە ئەوەندە بەئازارەو مێژویەکی ئەوەندە خراپی بەڕێوەبردوە کە جگە لەخوێنڕشتن، پاکتاوو سڕینەوە و بەکارھێنانی ھێزی کوشندە ھیچی تری لەھەگبەدانیە. زانست، تەکنەلۆجیا، پزیشکی و تەواوی ھێزەکانی پیشەسازی، ھزرو بیرکردنەوەی گرێدراوی خۆی کردوەو ھەمویشی لەپێناوی ڕاگرتنی باڵادەستی سیستەمەکەیدا بەکاردێنێت. بۆئەوەش مرۆڤایەتی گەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە بیرکردنەوەی بباتە ئەو شوێنەی کە شرۆڤەی ھەموو ئەو پراکتیکە بەرگریکارانەو بیرکردنەوانە بکات کە بەئامانجی ژیانێکی ئازاد نەگەیشتوون. بۆیە ڕەخنەگریەکان و شرۆڤەکان بەئاستێک گەیشتن کە مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک ئەو ڕێگاو چارەسەریەیە کەلەگۆڕەپانی ئەزمونی ژیانیدا پێویستە بەڕێوەببرێت و بەپراکتیک بکرێت.
بۆیە دەڵێین ئەزمونی، لەبەرئەوەی ئەم سیستەمە لەبواری پراکتیک کردنی ژیان و پەیوەندیەکاندا دیاری دەدات چۆن و بەچ شێوەیەک دەبێت بژیەنرێت. ھەر کەموکوڕی و چارەسەریەکی پەیوەندی بەخودی لێکۆڵینەوەو ڕێگری کردنە لەخراپیەکان. کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک سیستەمی ژیانکردنی ھەبونە جیاوازەکان، بەردەوامی پەیوەندی سروشت گەردون و زیندەوارەنە. لەبەرئەوە ھەرگێز لەسەر بنچینەی سڕینەوەو لەناوبردن دانەمەزراوە. ناکۆکیش ھەرچەند ھەبێت کراوە نیە بۆ پێکدادان. بەڵکو لەسەر شێوەی ژیانکردنی ناکۆکی پەیوەندی بەڕێوەدەبرێت و مافی ھەبوویی خۆی دەپارێزرێت. چارەسەری ناکۆکی لەڕێگەی ھێزو سەپاندن و لەناوبردنەوە ناکرێت، بەڵکو کات، شوێن و ئەزمون دەبنە یارمەتی دەری چارەسەرکردنی ناکۆکی.
جیاوازی ناکۆکی نیە، بەڵکو دەوڵەمەندی و فرەییە. بۆیە ناسینی جیاوازیەکان واتە ڕێکخستن کردنی لەسەر بنچینەی دەوڵەمەدندی و پێکەوەییە. لەکاتێکدا سیستەمی چینایەتی لەپێناوی قازانجدا دەستێوەردانی ھەرشتی کردوەو تێکی داوە، ئەوا مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک، ئەو دەستتێوەردانانە ڕادەگرێت و ڕێکی دەخاتەوەو چارەسەری دەکات. بۆئەوەش مرۆڤ دەگێڕێتەوە سەر جێگەی خۆی و وەک دانەیەکی پێکھاتووی ئیکۆسیستەمی ژیان کەوەک ئەوانی تر پێگەو جێگەیەکی ھەیە دەیناسێنێتەوەو دەیخاتەوە ناو سوڕی بەردەوامی ژیانی ئازاد.
لێرەوە ئەگەر شۆڕبینەوە بۆ دۆخی کوردان، دەبینین بەچ دۆخێکی سەخت و دەستێوەردراودا دەگوزەرێنێت و چ سیاسەتێکی پاکتاوو لەناوبەری لەدژ پەیڕەو دەکرێت. بۆیە ئەم نەتەوەیە لەئەنجامی تێکۆشان و ناکام مانەوەدا کەوتە شرۆڤەی دۆخەکەی و بەئاکامی ئەوەگەیشت. ناسنامەی کوردان، کلتوری کۆمەلگەبوونی چەندھەزارساڵەی لەخۆیدا حەشارداوەو وەک کۆمەڵگەیەکی سروشتی ژینگەیی درێژە بەتەمەنی خۆی دەدات . بۆیە بۆ سیستەمی سەرمایە و ئەو مێژوە ھەڵگەڕاوەو دروستکراوەی ڕۆژھەڵاتناسی ترسناکەو پێویستە دەستتێوەردانی تێدابکرێت و خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو مێژوو ئافراندنە لەسە ڕێگەی ئەو مێژوە ساختەیە پاکتاوبکرێت. بۆیە پێشەنگانی بیرکردنەوەی ئەم نەتەوەیە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە بڵێن” مێژوو لەکوێ ونبوبو ھەرلەوێ بۆی بگەڕێ و بیدۆزەوە” بۆیە لێگەڕینەکان گەیشتنە ئەو ئاستەی، نەتەوەی دیموکرات کە بەرجەستەبوونی ڕۆحیەکەی خۆبەڕێوەبەریەو سیستەمەکەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە وەک سەر ڕاستکردنەوەی ئەو لەڕێلادان و دەستێوەردانە کوژەرانە پێشکەش بکات و بەسەرسەختیەوە لەپێناویدا گیانبازی و تێکۆشان بکات.ئەم تێکۆشانە پشت بەستەیە بە تێکۆشانی ئاڵوگۆڕی زھنی و ئایدۆلۆژی نەرم و بەردەوام.

هاوبەشی :