ئەمڕۆ لە بەغداد كۆنگرەی “بەرەو دیالۆگێکی عەرەبی-کوردیی سەرکەوتوو” دەستیپێکرد

379
0
هاوبەشی :

ڕاگەیاندنەكان لە بەغدادی پایتەختی عێراقەوە ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ شەممە ڕێكەوتی ١١ كانونی یەكەم ٢٠٢١،كۆنگرەی “بەرەو دیالۆگێکی عەرەبی-کوردیی سەرکەوتوو” دەستیپێکرد، لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی گەلان و کۆمەڵگەی دیموکراتیك.

ئەم كۆنگرەیە بەبەشداری زیاتر لە ١٠٠ كەسایەتی ئەکادیمیی، ڕۆشنبیر، نووسەر، کەسایەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، لە نەتەوەی کورد و عەرەب و سەرجەم  پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکانی عێراقەوە بەدەستپێشخەریی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسیی و هاوکاریی هەریەك لە کۆمەڵەی ئازادیی بۆ کوردانی فەیلی عێراق، دەزگای ستاندار، ڕێکخراوی مرۆیی ڕۆڵەکانی شەنگال و کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا دەستی پێكرد.

كۆنگرەكە بۆ یەك ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ئێوارەی ئەمڕۆ كۆنگرەكە كۆتایی دێت، ئەنجامنامەی كۆنگرەكە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێ.

ئەم كۆنگرەیە  یەکەم جارە لە سەر ئاستی عێراق بە شێوەیەكی بەرفراوان بەڕێوەدەچێت، کە زەمینەسازیی بۆ دیالۆگێکی دیموکراتی و پێکەوەیی و ئاشتییانە بکاتەوە لەنێوان هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و کۆمەڵگای دیموکراتیك.

 

 

هاوبەشی :