زانکۆو بۆمبی فرمێسک ڕێژ، مامۆستاو شەقی تێھەڵدراو

476
0
هاوبەشی :

 

نوسینی : عادل عوسمان

زانکۆو بۆمبی فرمێسک ڕێژ
مامۆستاو شەقی تێھەڵدراو

٢٢ \ ١١ \ ٢٠٢١
لەوەرزی نوێی
دەستپێکردنەوەی خوێندکاری ناڕەزایەتیەکی ڕۆژانە بەرۆکی بە زانکۆ، بەڕێوەبەری خوێندن و توێژونەوەی زانستی و خوێندنی باڵا گرتوە. ھۆکاری ئەو ناڕەزایەتیانە تێکدانی بواری خوێندنی گشتی و جێگۆڕکێیەتی بە خوێندنی تایبەت و بەپارە، لەڕێگەی زانکۆ ئاست نزمە بازرگانیەکانەوەو تێکدانی بواری پەروەردەو فێربوونی زانکۆیی.
فێرکردن و پەروەردە، کە دوو فاکتەری گرنگ و کاریگەری پایەکانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستن. لەم ھەرێمەدا خەریکە تێکدەدرێن و لێیان دەدرێت. کاتێک پەروەردەو فێربونێکی تەندروست ھەبوو، ئاستی گەشەو زانستیش بەرەو باڵا ھەڵدەکشێت. بەڵام پێچەوانەی ئەم ھەڵکشانە لەم ھەرێمەدا پەرەی پێدەدرێت. بەتایبەتی کردنی خوێندن و دەستێوەردان لەبوارە زانستیەکەی و ئاستی گوزەرانی خەڵک. وای کردوە قوتابیان، زانستخوازان و دەرچوانی قۆناغە پێش زانکۆییەکان، دەستیان بەبواری زانکۆو زانکۆی دڵخوازی خواستی فێربونەکانی خۆیان نەگات!.
ھۆکاری ئەوەش کۆمەڵێک بازرگان دەستیان بەسەر سەکتەرەکانی دەسەڵات و حکومەتداری و بڕیاردا گرتوە. کەھەر کارێک دەکەن لەچوارچێوەی بەرژەوەندی و دەسکەوتی پارەو داراییەوەیە. نەبونی نەخشەی دابەشکردنی تواناکانی خوێندنی زانکۆیی و ناردنی دەرچوان بۆ زانکۆ تایبەتەکان و نەبونی پارەو دارایی بۆ خوێندکارو زانستخوازان کێشەکانی قوڵ کردوەتەوە. دەسەڵاتدارانیش بەھۆی دەسکەوتی خۆیانەوە ئاگاداری دۆخی نەبونی و بێ پارەیی خوێندکار نین. سەرەڕای ئەوە کێشەکە مەسەلەی پارەو دابینکردنی دارایی نیە. بەڵکو مافی خوێندن و دەست ڕاگەیشتنی سروشتی ھەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیەیە بە پێداویستیەکانی ژیان و خوێندن.
دەسەڵات بەھۆی بەرژەوەندی تایبەت و کۆکردنەوەی ھێزێکی میلیشیایی چەکدار کەدور لەھەر ڕێساو یاسایەکە. لەکاتی ھەر خواست و ناڕەزایەتیەکدا، لەڕێگەی ئیشارەتێکی دەسەڵاتدارەکانیەوە دەکەوێتە وێزەی خەڵک و خۆپیشاندەر.
بزوتنەوەی ناڕەزایەتی پێویستە بزوتنەوەی خواست و داخوازی و سەپاندن بێت و دەسەڵات ناچاری خواستە ڕەواکانی بکات. پێویست ناکات بزوتنەوەی ناڕەزایەتی لەدەسەڵات بپاڕێتەوە مافی پێبدات. ماف بونێکی سروشتیە کەھیچ لایەک یان ھێزێک ناتوانێت بنپێی بکات. ئەگەر خواستێکی نەخوازراو ھەبوو ئەوا لەڕێگەی گفتوگۆو دیالۆگەوە، پێویستە چارەسەر بکرێت، نەک لەڕێگەی ھێزو توندوتیژیەوە. کاتێک لەبەرامبەر خواستێکی ڕەوادا دەست بۆچەک دەبرێت، پێویستە دادگا یاسا و ویژدانی کۆمەڵایەتی لێ ھانبدرێت و لێپرسینەوە لەبەرپرسیارانی توندو تیژی و فشارەکان بکرێت.
زانکۆ بوارێکی گرنگی فێرکردن، پەروەردەو بەرھەمھێنی دەیان جۆر فکر، زانست، زانیاری و پڕۆژەو ناوەندی بیرکردنەوەو بەڕێوەبردن و بەشداریە، چۆنەو ڕەوایەتی لەکوێوە دەھێنرێت وێران بکرێت و لەڕێگەی ھێزی بەڵتەجی و توندوتیژیەوە، وەڵامی خواستێکی ھەرە سەرەتایی فێرخواز بدرێتەوە کە چارەسەرەکەی بە چەند ملێۆن یان نزیک بە یەک ملیاردیناری ساڵانە دەکرێت!. ئەگەر لەبەرامبەر چارەسەری داراییدا بەوشێوە دەست بۆ توندوتیژی ببرێت! دەبێت لەبواری ھزر، زانست و فێرکردندا چ وێرانەیەک لە زانکۆکان و سەنتەری فێرکردنەکاندا ھەبێت!. دەسەڵاتێک کەھەرشت لەگیرفان و پارەوە سەیر بکات و بەھێزی ڕەش پارێزگاری لەپارەو سەروەتی کەسی بکات! دەبێت کۆمەڵگە چ وەڵامێکی بداتەوە!.
ئاخر کۆمەڵگەیەک کاتێک کۆچ دەکات ناشرینی بکەیت و ڕەشی بکەیت و کۆچەکەشی لەپێناوی شەڕی وڵاتانی تردا (بیلاڕوس – ئەوروپا) دا، بەکاربێنیت! خواست و ویستی لەبەرچاو نەگریت و بەھێزی ڕەش وەڵامی توندوتیژانەی بدەیتەوە، ئەوکات وەک ئەو خوێندکارە دێتە گۆو دەڵێت” بۆ ئاغاکەت من بۆمباران دەکەیت، ئەواسبەی سەری ئاغاکەت دەخەمە ژێرپێمەوە، ئەوکات دێمە سەرینی تۆش”. ئەو بۆمبە فرمێسکەی بەرامبەر فێرخوازی زانکۆی سلێمانی و ئەو شەقەی بەرامبەر مامۆستای پیری ھەولێری و ئەو زیندانەی کەسیخناخە بەدەنگە بوێرو ئازادەکان و ئەو یاساو دادگایەی کە بێکاریگەر کراوەو ھەموی خراوەتە خزمەتی حیزب و باڵا کاربەدەستانی پوڵی، ئەوا سبەی وانابێت و دونیا دەگۆڕێت.
کەشی ئاڵوگۆڕەکان جیھانی و ناوچەییەو پێویستی مانەوەی سیستەمێکی توندوتیژی پارەپەرست زەرفیەتی نەماوە. کێشە ناوخۆییەکانی خۆتان کەم نیە! ئەگەر پێتان چارەسەر ناکرێت قوڵتری مەکەنەوە. دەستی فریادڕەسێک بگرن! با لافاوی ڕق و توڕەیی نەتانبات. دونیا بەئینکارو ھێز بەڕێوەنابرێت، دەرفەتی ئاوارەبون و سەرھەڵگرتنیشتان لەخەڵک بڕی. ڕاپۆرتە جیھانیەکان دەرخەری ناوەرۆکی خراپ و پوڵەکی ئێوەن، بۆیە ئیتر کۆمەڵگە ناچاری تێکۆشانی دیموکراسی و ڕێکخراوە. بۆیە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی پێویستە بەخۆیدا بچێتەوەو خۆی لە بێ ئامانجی درێژ مەودا ڕزگار بکات، لەپارچەبوون ڕزگاربکات، لە ڕشتەیی بوون و یەک ڕشتەیی ڕزگار بکات. بزوتنەوەی ناڕەزایەتی پێویستە خۆی کۆبکاتەوە، ببێتە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و داخوازی کۆمەڵایەتی و چارەسەری پرسگریەکانی کۆمەڵگە بسەپێنێت.
دیموکراتیزەبوون، ھەرەوەزی و سودمەندبوون لەسەروەت و دەوڵەمەندیەکانی کۆمەڵگە مافێکی سروشتی ئاسایی ھەر تاکێکە. کاتێک لەبەرامبەر ئەو مافەدا دەست بۆ توندوتیژی برا، ئەوە ناڕێکیەک ھەیە! کاتێک فشارێک لە کۆمەڵگە یان چین و توێژێک کرا، واتە ناڕێکیەک ھەیەو پێویستە چارەسەر بکرێت. ئەگەر بەچەمکی توندوتیژی، فشارو سەرکوت بوو، ئەوا ناواخنی ئەو فشارو سەرکوتانە کۆتایی ڕێگانیە. بەڵکو دەرھاویشتەکانی ترسێنەرو تۆقێنەر دەبن، بۆئەوانەی کە چاویان و بەرژەوەندیەکانیان حەقیقەتی خواستی ڕاستی کۆمەڵگە نابینێت.
بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان لە کۆمەڵگەی کوردی و عیراق و ناوچەکەدا بەبەرینی ھەیەو بەربڵاوە. بۆئەوەی ئەوبزوتنەوانە بە ئاکامی خواست و داواکاریەکانیان بگەن و ببنە ھۆکاری گەشانەوەی ھیوا بەسەرکەوتن و چارەسەری قەیرانەکان دەبێت چی بکرێت؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە دەبێت وەڵام بدرێتەوەو بەلاڕێدا نەبرێت، لەسەر دوو ئاست
یەکەمیان؛ لەسەرئاستی پاڵەوانی کارتۆنی و دروستکراوو.
دووەمیان؛ لەسەر ئاستی دەسەڵات و ھێزی چەکداری شاراوە، ڕەش و دەمامکدار.
لەوەڵامی پرسیاری دووەمیانەوە دەست پێدەکەین: حکومەتی ھەرێم و دامودەزگا دەستوریەکانی بەرھەمی تێکۆشان خوێن و ڕەنجی گەل و ئەندامەکانی ئەم کۆمەڵگەیەیە. باھیچ ھێزو حیزب و بنەماڵەیەک خۆی پێوە ڕانەدات و مافی ئازادی و خۆشگوزەرانی لە کۆمەڵگە نەسەنێتەوە. ھەر ئەو کۆمەڵگەی کە ئەو ڕەنجەی داوە مافی بەھرەمەندبوون لە خۆشی و ژیانێکی ئاسودەی لەو کۆمەڵگەو حکومەتەدا ھەیە. بۆیە کاتێک ناڕێکیەک دەستبەسەرداگرتنێک، قۆرخکاریەک و لەڕێلادانێک ڕوو دەدات، مافی لێپرسینەوەو چارەسەری دۆخی خراپ لەلایەن کۆمەڵگەوە ھەیە. دامودەزگا پاراستنی، یاسایی و دادوەریەکانیش پێویستە نەرم و تەریب لەگەڵ ئەو خواستە چارەسەریەدا بچنە پێشەوە! بەڵام ئەوەی لەم ھەرێمەدا دەگوزەرێت بەپێی پێوانەکانی ماف و جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ و ئەخلاقی پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیە، بەھرەمەندبوونی گشتی نیە!.
ئەگەر سەیرێکی کارنامەی ٣٠ی ساڵەی ئەم حکومەت و حیزبانەی دەسەڵاتدارەتی دەوڵەتگەرا بکەین، دەبینین پێچەوانەی خواست و ویستی ژیانێکی ئازادو ئارام ھەڵسوکەوتیان کردوە. ئەگەر حکومەتی ھەرێم حکومەتی خەڵک و گەلە، ئەوا گەلیش مافی لێپرسینەوەو بەرپرسیارەتی و تەنانەت سزادانی یاسایی تێکدەران و ھێرشکاران و قۆرخکارانیان ھەیە. حکومەتێک حیزب بەڕێوەی دەبات، حیزب ھێزی چەکداری گوماناوی ھەیە، کایەکانی ئابوری، زانستی، دارایی، خزمەتگوزاری، ئاسایشی و پۆلیسی قۆرخکردوەو خەڵکی ھەژارو بێ دەرەتان کردوە، ئیھانە دەکات و ئیرادە دەشکێنێت، جنیودەدات و دەستدرێژی دەکات! ناکرێت کۆمەڵگە مافی پاراستنی ڕەوای خۆی بەکاربێنێت. ھێزی ڕەش و لەسەرخواستی ڕەوا، دەستبردن بۆ پەلامارو لێدان و سوکایەتی پێکردن نەمافەو نە ڕەوایە.
کۆمەڵگە و تاک پێویستە بەرامبەر بەو پێشێل کاریانە ھەستیارو بوێربێت. لێپرسینەوە لە ھێرشبەران بکات و بیانخاتەوە سەرجێگەی خۆیان. ئەو پرسیارە بکات بە چ ماف و یاسایەک لەبەرامبەر خواست و داخوازی ڕەوای کۆمەڵگەو خوێندکاراندا ھێرش دەکات! کێ ئەو مافەی داویتێ و بەرپرسیاری ئەو بڕیارە کێیەو چیە؟ ئەو ھێرشکارەی لەگۆڕەپانی مانگرتن خۆپیشانداندا ڕوبەڕوی خەڵک دەبێتەوە ئەو مافەی لەکوێوە ھێناوە؟ چۆن ئەخلاقی ڕێگەی پێدەدات جنێوو ئیھانەی ژن و گەنجی ووڵات بکات؟ چ یاسایەک لەپشت ئەو ھێرشەوەیەو چ ھێزو دادگایەک دەیپارێزێت؟ ئەوانە کۆمەڵێک پرسیارن پێویستیان بەوەڵام و ڕێکخستنی کۆمەڵگەو دامودەزگاکانی حکومەت و حیزب ھەیە. پێویستە تاک کۆمەڵگە بەرپرسیارەتی ڕێکخستنی کۆمەڵگەیەکی ئاشتەواو دیموکراس لە ئەستۆ بگرن و ڕێگە بەبکەری خراپ و بەرژەوەندپەرست نەدرێت دۆخ بەلاڕێدا ببات، کاتێک دۆخی تێکدا لەڕێگەی یاسای نەرم، دادگای بەرپرسیارو کردەی مەیدانیەوە ڕێگەی لێبگیرێت و لێپرسینەوەی لێبکرێت. مافی ھیچ ھێزێکی چەکدارو ڕەش و گورگ و چنگ بەخوین نیە پەلاماری خواست و ویستی ڕەوا بدات. پێویستە مانگرتن و داخوازیەکان چ لەئاستی داوا، چ لەئاستی پاراستن و چ لە ئاستی ڕێکخستنیدا سازو ڕێک بکرێت و ڕێگە لەدەستێوەردانی دەرەکی بگیرێت.
لێرەوە دەچمە سەر وەڵامی پرسیاری دووەم، کاتێک بزوتنەوەی داخوازی ڕێک و ئامانجداربوو، مافی ڕەوابوو وەڵام بوو بەدۆخی خراپ، ھەمیشە خراپکاران دەیانەوێت دەستێوەردانی تێدا بکەن و ڕەوایەتی ھێرشکاری خۆیان ئامادەو دابین بکەن.
بۆیە قارەمانی کارتۆنی، کەلەسەر چەمکی توندو تیژی نابەرپرسیارانە دامەزراوە دروست دەکەن و دەیانخەنە ناو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانەوە. بۆئەوەی دۆخی ڕەوا تێکبدەن پەلامارو ناڕێکی و ناڕێکخستنی پەرە پێدەدەن. بۆیە گرنگە بزوتنەوە داخوازیەکان لەڕێگەی بەرپرسیارەتی و مافی پاراستنی ڕەواوە کارەکانیان ڕێکبخەن و ڕێگە نەدەن دەستێوەردانی تێکدەرانە جێگەبگرێت. بۆئەوەی ڕێگە لە ئیھانەو ھێرشی ئەخلاقی بگیرێت دەبێت تاک و کۆمەڵگە بەرپرسیاری دۆخی دیموکراتیزەکردن و پاراستنی دۆخی ئارام ببێت. بۆئەوە یاسا نەرمەکان پێویستە کارا بکرێت کە ڕێگە لەھێزی چەکدارو دەمامکدار و گوماناوی بگیرێت بۆ ھێرشکردن و پەلاماردان و بەلاڕێدابردن.
بزوتنەوەی داخوازی پەلاماردەرو توندوتیژنیە، بەڵکو بزوتنەوەی خواست چارەسەریە. ئەوەی توندوتیژە، دەسەڵات و بەرژەوەند پەرستانن. ئەوانەن کە نایانەوێت وەڵامی خواست و داخوازی چارەسەری کێشەکان و خەڵکی بەمەیدان ھاتوو بدەنەوە، بۆیە ھەردەم ھەلومەرجی ئامادەکردنی توندوتیژی دەکەن. ئەگەر بەرژەوەندی قۆرخکاری و دارایی نەبێت بۆچی وەڵامی خواستی ڕەوای خەڵک نادرێتەوە! ئەگەر خواست ناڕەوایە، خۆ ئەقڵ، ھۆشمەندی، بیرکردنەوەو گفتوگۆ غائیب نیە!. بۆچارەسەری ھەرکێشەیەک دونیایەک ڕێگەو ڕێبازی نەرمی چارەسەری ھەیە.
ئەگەر ھێزێک نەیەوێت چارەسەر بکات، ئەوە شتێک لەپشت ئەو ڕێگەوە ھەیە، کە بەرژەوەندی پوڵی و داراییەو تێڕوانینە لەچوارچێوەی چەمکی بازرگانی و تێچوو کورتھێنان و کەم بونەوەی باڵای پارەو پوڵەکان. لێرەشدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، خۆ دەوڵەمەندیەکانی کۆمەڵگە موڵکی کۆمەڵێک، حیزبێک، یان چەند حیزب و بنەماڵەیەک نیە.بۆیە پێویستە بەچەمکی ھەموان و پێکەوە سودمەندبوون لە دەوڵەمەندیەکانی کۆمەڵگەو خاک نزیک بینەوەو بەوە گرفتەکان چارەسەر دەکرێت و توندوتیژی جێگەی نابێتەوەو کۆمەڵگەیەکی نەرم و پێکەوەیی دەئافرێنرێت. کەمرۆڤ نەک بەجێی ناھێڵێت بەڵکو خاوەنداری لێدەکات. بۆیە پێویستە تاکی کۆمەڵگەی ئێمە بەو چەمکەوە ژیان بکات کەدەڵێت” ئەگەر خاک ڕانەکات، ئەوا ئێنە بۆچی و لەبەرچی ڕابکەین”. ئەوە چەمکێکی پڕ واتا خاوەندارانەیەو وەک ڕەگی ئەودارە وایە کەبەدڵی خاکی نیشتیماندا ڕۆچوە کەھەم خۆی دەپارێزێت و دەژیەنێت، ھەم خاک لە ڕاماڵین و داماڵین دەپارێزێت.
بەپێی ئاڵوگۆڕەکانی ئەم ناڕەزایەتیانەو دۆخی گۆڕاو، پێویستە داخوازیەکانی خوێندکاران و توێژەکانی پشتیوانیان بەرنامەڕێژ و ڕیز بکرێت و ببێتە داخوازی جێبەجێکردن و بەدواداچوون بەم شێوەی خوارەوە:
١-پێویستە لایەنی سیاسی و بڕیاربەدەست و جیبەجێکار بێنە پێشەوە.
٢-ھێزە چەکدارو ھێرشبەرەکان دوربخرێنەوەو بەسزا بگەیەنرێن. لەڕێگەی دادگاو دادوەری بەبڕیارو کۆمەڵێک پارێزەری سەربەخۆو بوێرو ڕێکخراوە زانکۆیی و خوێندکاریە سەربەخۆکان،یان لە پێکھێنەرانی لیژنە مەیدانی و ھێرشبۆکراوەکانی گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان.
٣- پەلکێشکردنی بەشداری وەزارەتی خوێندنی باڵاو ئابوری بۆ جێبەجێکردنی ڕاستەوحۆی خواستە ئابوریەکان.
٤- دیاریکردنی بڕی پارە لەسەر بنچینەی جیاوازی نرخی پێشوو ئێستای ھێزی کڕین، واتە بەرزکردنەوەی بڕی پارەی دەرماڵە بۆئاستی پێویستی ویستی کڕینی خوێندکار.
٥-دامەزراندنی لیژنەی جێبەجێکاری ڕاستەوخۆی حکومەتی جێبەجێکارو خوێندکاران بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکان. کەبەشێوەی ڕاستەوخۆ بەبێ ھیچ فلتەڕێک بەڕێوەبچێت.
٦-ھەڵوەشاندنەوە ڕاگرتنی زانکۆ تایبەتەکان، مەگەر ئەوەی خوێنکارێک بەخواستی خۆی بیەوێت لە زانکۆیەکی تایبەتدا بخوێنێت و ھەڵوەشاندنەوەی بۆندەکانیان و زانستی کردنیان. چونکە ھەموو زانکۆ تایبەتەکان زانستی نین.
٧- ڕێگری لەدروستبوونی لیژنەی ساختەو بێ بەڵێن.

هاوبەشی :