تێڕوانینی دوران کالکان بۆ دۆخی سنووری نێوان بیلارۆس و پۆلۆنیا

593
0
هاوبەشی :

پێویستە بەر لە هەموو شتێک ئەوە بڵێم کە ئەو کێشەیەی کە بە کێشەی پەنابەران ناوزەدی دەکەن و ئەو رووداوانەی کە ئێستا لە سنووری نێوان پۆلۆنیا و بیلارۆس دێنە ئاراوە، کارەساتی مرۆڤی نیین. کارەساتێکی کوردیش نیین. پێناسەکردنی ئەم رووداوانە وەکو کارەسات و تراژیدیا کارێکی هەڵەیە. چۆنکە پێناسەیەکی لەم شێوەیە دێتە واتای رەوایەتی دان بەو شتانەی کە روودەدەن. ئەمە نەک تەنیا هەڵەیە، بەڵکۆ زۆر مەترسیداریشە. چۆنکە ئەگەر تۆش پێناسەیەکی وەهای بۆ بکەی، تۆش دەبیتە هاوبەشی ئەو تاوانە. هەموو کەس پێویستە باش لەم بابەتەکە تێبگات. چۆنکە زۆر هێز و لایەن هەن کە ئاراستە دەدەن بە گفتوگۆ و شرۆڤەکانی ئەم بابەتە و زۆر کەس بە بێ ئەوەی کە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ بکەن دەکەونە نێو ئەم باسانەوە. بەتایبەت شێوازی بیرکردنەوە و تێڕوانینی ئەوروپا هزر و بیری زۆرێک لە لایەنەکان ئاراستە دەکات و هەوڵ دەدات کە کاریگەری لە سەر ئێمەش دانێت. پێویستە هەموو کەس لە بەرامبەر ئەمەدا هۆشیار بێت.

ئەوەی کە لە سنووری نێوان بیلارۆس و پۆلۆنیا روودەدات، دەرەنجامێکە. پێویستە هەر کەس وا لێی تێبگات. واتە، ئەو رووداوانە هۆکار نیین، بەڵکۆ دەرەنجامن. ئەمە بە شێوەێکی کۆنکرێت لە بەرچاوی هەموو کەسێکە. نابێت تەنیا شرۆڤە لە سەر دەرەنجامەکان بکەین. ئەگەر وابکەین ئەوا بۆچوونێکی زۆر روواڵەتیانە دەبێت. کەوابوو ئەبێ چی بکەین؟ ئەبێ سەرنج بخەینە سەر هۆکارەکان. دۆخێکی وەها بۆ هاتە ئاراوە؟ مرۆڤەکان بۆ لە سنووری نێوان بیلارۆس و پۆلۆنیا دا، بە لەبەرچاوگرتنی مەرگ، لەو بەفر و سەهۆڵبەندانەدا، دەیانەوێ بپەڕنەوە بۆ ئەو بەر؟ مرۆڤەکان تەنیا خۆیان لەم سنوورە نادەن، بەڵکۆ خۆیان لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست دەدەن. هەموو رۆژیک بە دەیان مرۆڤ، لە جوان و لە پیر، لە ژن و لە منداڵ، لە سەر ئەو تاێر و لاستیکانەوە هەڵدەدێرنە ناو زەریا و دەخنکێن، لە ناو دەچن. ئەمانە هەموو دەرنجامن و پێویستە وای ببینین. چیین هۆکارەکانی ئەم دەرەنجامە؟ مەگەر ئەم دەرەنجامە هەروا لە خۆیەوە روویداوە کە پێ بڵێن کارەسات و تراژیدی؟! ئەمانە هەروا لەخۆیانەوە روونادەن، لە هەندێک هۆکارەوە سەرچاوە دەگرن. کەوابوو، ئەو هۆکارانە لە هاتنەئاراوەی ئەم دەرەنجامانە بەرپرسیارن. پێویستە هۆکارەکان بدۆزینەوە، بەرپرسیارێتی بخەینە سەر شانیان و حەسابیان لێ بپرسین. پێویستە بەم شێوەیە بیر بکەینەوە و شرۆڤە بۆ رووداوەکان بکەین.

هۆکارەکان زۆر رۆن و ئاشکران. بەرپرسیاری یەکەم سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری یە، سیستەمی گلۆباڵە. ئەو سیستەمەیە کە ئەم دۆخەی خوڵقاندووە. ئەمەریکای لاتین، ئەفریقیا، ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوینیان تاڵان کرد و هەموویان رووتاندەوە. هەموویان دزی و بە درێژایی سەدان ساڵ بردیان بۆ ئەوروپا. هەموو دەوڵەمەندی ژێر ئەرد و سەر ئەردیان دزی و بردیان بۆ ئەوروپا. بە پشت بەستن بەم تاڵان و دزییە ئەوروپایان ئاوەدان کردەوە، وەک بەهەشتیان لێ کرد. مرۆڤەکانی دیش کە سەرنج لە ئەم دۆخە دەدەن دەڵێن: “ئێمەش دەمانەوێت بڕۆین بۆ بەهەشت”!. ئەوەیە کە ئێدی بەرەو بەهەشت هەڵدێن، خۆیان لە زەریا دەدەن، لە رووبار و دەریا دەدەن، لە سنووری ئەم وڵات و ئەو وڵات دەدەن، لە بەفر و سەهۆڵبەندان دەدەن.

گەیشتن بە بەهەشت خولیا و حەسرەتی مرۆڤایەتییە. ئەگەر تۆ بێیت بەشێکی ئەم دونیایە بکەیتە بەهەشت و بەشێکی دیکەشی بکەی بە دۆژەخ، کەس نایەوێت لە دۆژەخدا بمێنێتەوە، هەرکەس دەیەوێت بەرەو بەهەشت را بکات. دوای ئەمەش تۆ ناتوانی بە کەس بڵێی: “بۆ بەرەو بەهەشت رادەکەی؟” نابێت بەچاوێکی سۆکەوە سەیری ئەو مرۆڤانە بکەی کە بەرەو بەهەشت رادەکەن.

پێویستە چی بکەین؟ پێویستە کۆتایی بەم نایەکسانی و ناهاوسەنگییە بهێنرێت. پێویستە ئەم سیستەمە بەشێوەیەکی تێروتەسەڵ لێپرسینەوەی لێ بکرێت. ئەم سیستەمەیە کە زیهنییەتێکی وەهای لە مرۆڤەکاندا دروست کردووە کە لە خاک و زێدی خۆیان دادەبڕێن، مەرگی خۆیان دەدەنە بەرچاو و هەوڵ دەدەن خۆیان بگەیەننە ئەوروپا. سیستەمی گلۆبالی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئەم زیهنییەتەی دروست کردووە. سیاسەت و ستراتیژ و تاکتیکی تاڵانکاری و دزی و چەتەیی و بەرژەوەندی پەرستی سەدان ساڵەی ئەم سیستەمەیە کە بۆتە هۆکاری هاتنە ئاراوەی ئەم زیهنیەتە. ئێستاش پاڵیان لێداوەتەوە و خۆشگوزەرانی دەکەن. بەرپرسیار و تاوانباری سەرەکی ئەمانەن. ئەمانەن کە پێویستە حەساب بدەن.

ئەڵبەتە ئەم سیستەمە خاوەنی خۆی هەیە، پێشەنگی خۆی هەیە. هەر ئەوانەی کە ئەم بەهەشتەیان دروست کردووە، ئەم بەهەشتە سەختەیەیان دروستکردووە و تیایدا پاڵیان داوەتەوە، خاوەنی ئەم سیستەمەن. پێویستە لەمانە حەساب بپرسین. مرۆڤەکان هەروا لە خۆیانەوە ناڕۆن. مەرگ دەدەنە بەرچاو و بەرەو بەهەشت هەڵدێن. کەوابوو، ئەم بەهەشتە چییە، لە کوێیە، چۆنیان دروست کرد؟ ئەم هەموو نایەکسانیە چۆن هاتە ئاراوە؟ ئەو ژیانەی کە ئەمڕۆ لە ئەوروپا هەیە، ئایا بە راستی بە پشتبەستن بە ئیمکانییاتی خودی ئەورپا دروست بووە یان بە کۆکردنەوەی ئیمکانیات و سەرچاوەکانی دونیا دروست بووە؟ بژاردەی دووەم راستە، تاڵانکردنی هەموو سەرچاوەکانی دونیایە کە ئەو بەهەشتە ساختەیەی ئەوروپای خولقاندووە. کەوابوو ئەو زیهنییەت و سیاسەتەی کە دونیای رووتاندۆتەوە و تاڵانی کردووە بەرپرسیاری یەکەمی ئەم دۆخەیە. پێویستە ئەم بەرپرسیارانە باش بناسین.

هاوبەشی :