پەكەكە بۆ وادەكەی؟

467
0
هاوبەشی :

نوسینی: ڕەوەند هەولێری

تۆ هۆکاری هەموو نەهامەتیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی، ئەی ئەوە نییە خەڵك بە لێشاو لە ژێر دەسەڵاتە عاجباتییەكەت ڕێگەی مان و نەمان دەگرنەبەر، ئاخر سامانی سەر زەوی و ژێر زەویمان بۆ تاڵان دەکەی، تۆ “دێگەڵە”ت خستە ڕیزی چاڵدێران و سایکس بیکۆ و لۆزان،
شەنگالیەکانت فرۆشت و کەرکوکیشت لە قومارێکی شەرمهێن دۆڕاند.
ئێ بۆ وادەکەی، پەكەكە؟
جارێک نییە و دوان و سێش نییە، بە کەوای سوور دەکەویە پێش لەشکری داگیرکەران و خاک و گەل و سامانەکەی هەڕاج دەکەی.
کۆمەڵگەی کوردستانت کردووە بە دوو چین، چینی كەمینەی گەندەڵی مشەخۆری ملیاردێری خۆفرۆش و چینی زۆرینەی خێر لەخۆنەدیوی بە قوربانیکراو و ماندوی لەیەکهەڵوەشاو.
ئەی پەکەکە..
تۆ هۆکاری ڤالاکردنی هەرێمی کوردستانی لە خەڵک، هەموو ئەو دەنگە ناڕازی و بێزارانە بە هۆی تۆوە ڕێگەی کۆچیان بەرەو هەندەران گرتۆتەبەر، ئاخر بۆ وادەکەی!.
پەرلەمانی هەرێمت کردووە بە گاڵتەجار و کۆسپ دەخەیتە بەردەم (چاکشازی)یەکەی حکومەتە دەستپاک و خەمخۆرەکەی هەژاران.
ئەی ئەوە تۆ نییت چەمک و کولتوری نادادیی پەیڕەودەكەیت، بە كەڵەگایەتی حزب و کورسی دەسەلاتەکەت، شەقت لە یاسا و ماف و ویژدان هەڵداوە.
ئایا دەزانی ئەگەر وا بەردەوامبیت ماوەیەكی دیكە خەڵك پەنا بۆ سۆمال و موزەمبیق-یش دەبات.

ئەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەرێ ئێوە لە هەڵوێستی بایكۆتكەی هەڵبژاردن تێنەگەیشتون یان باكتان پێنییە، ئەوا سەرەتای كۆچێكی گشتیش كەوتە خەیاڵی خەڵكەوە، دڵنیابن ئەو حوكمە ناداد و گەندەڵەتان تا سەر نابێ، زۆری تێپەڕیوە و كەمەكەی ماوە.

هاوبەشی :