کورد و گەمەی زلهێزەکان لە ناوچەی خۆڕهەڵاتی ناوین لە بەڵگەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا
وەرگێڕانی بۆ كوردی : دلێر ئاكرەیی
بەڵگەی ٣٠٢
یاداشت لە بەرێوەبەری هەواڵگری ناوەندی ( هێڵمز) بۆ یاریدەدەری سەرۆکی کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی ( کیسینجەر)، وەزیری دەرەوە رۆجرز و وەزیری بەرگری لێرد.
واشنتۆن، ٢٩ی ئازاری ١٩٧٢
بابەت: هەوڵەکانی کورد بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی نێو دەوڵەتی بۆ هەڵوێستەکەیان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی پتەوتربوونی پەیوەندیەکانی سۆڤیەت و ئیراق و لێکەوتەی فشارەکانی سۆڤیەت لە سەر کوردان.
١. مانگی ئازاری ١٩٧٢ مەلا مستەفای بارزانی [؟]* وەک نێردەی تایبەتی خۆی نارد بۆ ئەوەی وتووێژ [؟]* لەگەڵ [؟]* نوێنەرانی [؟]* و حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بکات.
٢. لە میانەی دیدارەکانیدا لەگەڵ [؟]* پێشهاتەکانی ئەم دواییەی عێراقی ڕوون کردەوە، کە بریتیبوون لە: واژووکردنە چاوەڕوانکراوەکەی پەیمانی دۆستایەتی سۆڤیەت و عێراق کە کە لە بنەڕەتدا لە کاتی سەردانی جێگری سەرۆک کۆماری ئیراق سەدام حوسێن تکریتی لە مانگی شوباتی هەمان ساڵ بۆ مۆسکۆ لە سەری رێکەوتبوون، هەروەها فشاری سۆڤیەت بۆ سەر کوردەکان تا پەیماننامەی نیشتمانی لەگەڵ حیزبی بەعسی ئیراق و حیزبی شیوعی ئیراق واژوو بکەن؛ و لێکەوتەکانی ئەم هەموو پەرەسەندنانە لە سەر تەواوی ناوچەکە.
٣. [؟]* وتی ئەو گەشەسەندنانە کوردیان خستووتە گۆشەیەکەوە کە ئەگەر رازی بن لە گەڵ حیزبی شیوعی ئیراقی و بەعسدا بچنە ناو پەیماننامەکەوە، ئەوە لە داهاتوودا مەحاڵە لێی رزگاریان بێت، بە تایبەتی لە گەڵ ئەو ئاستە پشتیوانییەی کە ئێستا یەکێتی سۆڤیەت دەداتە حکومەتی بەعس لە بەغدا. ئەگەر کوردەکان بەشدارییەکە رەت بکەنەوە، دەبێت رووبەڕووی ئەگەری نوێبوونەوەی دۆژمنایەتی ببنەوە. لە کاتێکدا یەکێتی سۆڤیەت فشاری دەخستە سەر کوردان تا بەشداری پەیماننامەکە بکەن، هاوکات ئێرانیەکانیش هەموو هەوڵێکیان دەدا کە ئەم کارە نەکەن. ئێرانییەکان داوایان لە ئیدریس بارزانی کوڕی مەلا مستەفا کردووە کە لیستێکی پێداویستیە سەربازی و مادییەکانی ئێستایان بۆ بنێرن. لیستەکە لە بنەمادا لەلایەن ئێرانییەکانەوە پەسەند کرا. هەر چۆنێک بێت، کوردەکان، متمانە بە ئێرانییەکان ناکەن کە بەڵێنەکانی هاوکاریکردنیان جێبەجێ بکەن.
٤. [؟]* لە درێژەی قسەکانیدا وتی کوردەکان چیتر تەنیا بیر لە تەواوی مەرجەکانی خۆیان ناکەنەوە، بەڵکو پەرەسەندە هەنوکەییەکان وەکو کێشەیەکی نیشتمانی لە ئیراق باسیان لێوە کردووە. سەرباری ئەمەش واژووکردنە چاوەڕوانکراوەکەی پەیمانی سۆڤیەت و ئیراق، لێکەوتەی ستراتیژی بۆ تەواوی ناوچەکە لێدەکەوێتە. کوردەکان لەهەوڵێکیاندا بۆ بەرخوردکردن لەگەڵ ئەو کێشەیە لەچوارچێوە نیشتمانەکەیدا، پەیوەندیان بە گروپە عەرەبەکانی تاراوگە کردووە کە لەقاهیرە نیشتەجێن، بەڵام متمانەیان پێ نەبووە. [؟]* پێشنیاری کرد [؟]* و لەو بڕوایە دایە کە ساتی گونجاو هاتووە، بۆیە دەبێ خۆی بە شەخسی بەشداری لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی عەرەبی – کوردیدا بکات کە بارەگاکەی لە کوردستان بێت و دروشمی شۆڕشی ئیراق لە باکوور بەرز بکاتەوە. پێویستە لیژنەکە پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەکان لە سەرانسەری جیهان دابمەزرێنێت و دوای ئامادەکردنی بنەمای دەستوری بۆ رژێمێکی نوێ، حکومەتێک لە باکور پێک بهێنێت کە دواتر هەوڵی بەدەستهێنانی هاوکاری ئەرتەشی ئیراق بدات و حیزبی بەعس لە بەغدا وەدەرنێت. هەروەها پێویستە کۆمیتەی عەرەبی – کوردی بۆ ئێران ڕوون بکاتەوە کە یارمەتییە سەربازیی و ماددییەکانی دیکەیان پێ قەبوڵە، بەڵام پێشوازی لە کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆ یان دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا ناکەن. ئەزموونی دریژخایەنی کارکردنی کوردان لە گەڵ ئێراندا هیچ گومانێکی نەهێشتووتەوە کە سیاسەتی ئێران بۆ ئەوە بووە حکومەتێکی لاواز لە بەغدا دامەزرێنێت بە سەرپەرشتی سەرکردە ناشایستەکانی وەکوعبدالغەنی ئەلراوی.
٥. [؟]* وتی ئەگەر هەر شتێک بکرێت، دەبێت لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا دەست پێبکرێت. نیردەکەی بارزانی پێشنیاری کرد سەردانی [؟]* بکات کە پێشتر بەڵێنی داوە نێوەندگیری لای شای ئێران بکات بۆ دابینکردنی یارمەتی سەربازی پێویست، بەبێ پێداگریکردن لەسەر دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران و کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکان. سەرباری ئەوەش ، [؟]* وتی هیواخوازە وتووێژ لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان بکات لە [؟]* واشنتۆن بۆ ئەوەی لێکەوتە ستراتیژییەکانی جموجووڵی ئەم دواییەی سۆڤیەت لە ئیراق روون بکاتەوە و داوای چەند رێوشوێنێکی سادە و ساکار دەکات بۆ یارمەتیدانی کوردان بە شێوەیەکی زۆر نهێنی.
٦. لە کاتێکدا درک بەوە کراوە کە سیاسەتی نەریتی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە کورد بریتی بووە لە دەستێوەرنەدان، [؟]* وتی کوردەکان ناتوانن باوەڕی بەوە بکەن کە هێزە رۆژاواییەکان دوای وریاکردنەوەیان سەبارەت بەوەی کە لە ئیراق روودەدات، ئەوەندە بێباک بن. لە میانەی وتووێژەکانی نێردەی بارزانیدا لە وڵاتانی رۆژاوا، هیوای خواست کە وەڵامێکی گونجاو بۆ هەندێک یان گشت ئەم مەرجانەی خوارەوە وەربگرێتەوە:
ئا. گفتوگۆی سیاسی بە شێوەیەکی بەردەوام؛
ب.دابینکردنی یارمەتی دارایی؛
ج.دابینکردنی وێستگەیەکی بەهێزی رادیۆ و ڕاهێنان بە کارپێکەرەکەی بکرێت؛
د.هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی کوردی کە لە ژێر بەرپرسیارێتی مەسعود بارزانی دایە؛ و
ر. رێ بە چەند خوێندکارێکی کورد بدرێت تا لە زانکۆکانی وڵاتانی رۆژاوادا بخوێنن.
ریچارد هێڵمز
تێبینی: [؟]* دەقی نێوان هەر دوو کوانەکە بە نهێنی هێڵراوەتەوە.
وەرگێڕ: دلێر ئاکرەیی
سەرچاوە:
https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1969-76ve04/d302