یادی ساڵڕۆژی شەهید د.سیروان هەڤاڵەکانی بەرزو بەڕێز ڕادەگرین .
نوسینی:- یاسین عەلی
ڕۆژی ٤-١٠-٢٠٢١ بیست و پێنج ساڵ بەسەر شەهیدبوونی د.سیروان و چوار هەڤاڵی دا تێپەڕ دەبێت .
ڕۆژی ٤-١٠-١٩٩٦ دکتور سیروان و گروپێک لەهەڤاڵانی بۆ سەردانی پرسەیەک ڕوودەکەنە گوندی قەڵاچوغەی شێخ کەریم لە ناوچەی چەمی ڕێزان ، ئەو کات شەڕی نێوان هێزەکانی پ د ک و ڕژێمی سەدام پێکەوە دژ بە ی ن ک و هێزە دژ بەرەکانی ڕژێم لەوپەڕی سەختی دا بوو ، واتە پاش داگیرکردنی هەولێرو هاتن و گەڕانەوەی (ڕژێمی سەدام بۆ کوردستان بوو) .
پەلاماردانی ئەو گروپە کە ژمارەیان حەوت گەریلا بوو لەلایەن زیاتر لە دووسەد چەکداری پارتی یەوە کارێکی یەکجار نامەردانە بوو ، د.سیروان پێشتر بریندار بوو ، وە تا کاتی شەهید بوونیشی بەباشی نەیدەتوانی هەنگاو بنێ ، هێزەکانی پارتی ئەوە وەک هەل تەماشا دەکەن ، سەرەڕای ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەکەن ناخوازن شەڕ ڕووبدات و تەنها بەمەبەستی ئەوەی بزانن پێشمەرگەی ی ن ک یان گەریلان هاتوون ، وەکوتر لەکاتی گفتوگۆو نزیک بوونەوە بە چەکی قورس و سوک شەڕێکی گەورەو نابەرانبەریان بەسەردا دەسەپێنن ، هەر لە ناو ئاوایی قەڵاچوغە د.سیروان و چوار هەڤاڵی دیکە بەناوەکانی حاجی قامیشلو بابان سلێمانی و دیلان ماردینی و ئەگید کەلاری شەهید دەکەن .
ئەوە گەورەترین تاوان بوو بەرانبەر بزووتنەوەی ئازادی و ڕزگاری خەڵکی ستەمدیدەو بێ خاوەنی ئەم باشوری کوردستانە کرا ، ئێستا دوای بیست و پێنج ساڵ لە شەهیدبوونی د.سیروان و هەڤاڵەکانی مرۆڤ تێدەگات بۆچی هێزە خیانەتکارو وابەستەکانی داگیرکاران پەلاماری پێشەنگ و سەرکردەکانی تێکۆشانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی گەلەکەمان دەدەن .
بێگومان ڕووداوەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابروو و ئەو سی ساڵەی کە دەسەڵاتێک بەپشت ئەستووری داگیرکەران و لەسەر خواستی ئەوان دەستی بەسەر ئیرادەی سیاسی و ئابوری خەڵکی کوردستان دا گرتوە دەبێت چۆن و لە کوێوە سەرچاوەی گرتبێ ، بێشک لە شەهید کردنی پێشەنگان و ڕێگا نیشاندەری ڕاستەقینەی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریەوە دەستیان کراوەتەوە ، شەهیدبوونی د.سیروان زەربەیەکی گەورە بوو لە بزووتنەوەی ئازادی و بەدەستهێنانی مافە ڕاستەقینەکانی مرۆڤی بەشمەینەت و بێ مافی خەڵکی کوردو پێکهاتە بێبەشەکان ، زەربەیەکی کاریگەر بوو لە هەستانەوەی کەسایەتیە تێکشکاوەکەی سەدان ساڵەکەی مرۆڤی کورد ، تێکۆشانی د.سیروان بەپلەی یەکەم شەڕکردن بوو لە پێناو بنیاتنانی کەسایەتیەکی بەهێزو شارەزاو لێهاتوو ، ئەو دەستی بۆ ئەو کارانە دەبرد کە نەک هەر مرۆڤی کوردی ڕزگار دەکرد ، بەڵکو هەموو هێزو توانایەکی بەبەری ئەو مرۆڤانەدا دەکردەوە کە سەدان ساڵ بوو هیچ داگیرکەرو هێزێکی سەرکوت ئامادەنەبوون لەکۆیلایەتی زیاتر بۆ ئەم خەڵکە ڕەسەن و خاوەن ڕەوشتەی دابنێن .
بەرزو بەڕێز بێت یادی بیست و پێنج ساڵەی شەهید بوونی د.سیروان و هەڤاڵەکانی .
نەمری و سەربەرزی بۆ تێکڕای شەهیدانی ڕێگای ئازادی و بنیاتنانی مرۆڤێکی ئازاد و سەربەرزو بە کەرامەت .
مردن و سەرشۆڕی بۆ داگیرکەران و بەکرێگیراوانی داگیرکەران ……