تۆڵە بە سەبرە ئەمان بە زەبرە
نوسینی: دلێر ئاكرەیی
ئەم پەندە کوردیە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا لە سنگی مەحەکە دەدرێت و خەڵکی باشوری کوردستان دەتوانن لە رۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیراقدا بەکردەیی راستی و دروستی ئەم پەندە بیسەلمێنن.
بژاردەی سیاسی ناسیاسی کە فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستان دەکات جوامێری و دڵسۆزی، تنوێتی بۆ ئازادی و فیداکاری، سادەیی و ساویلکەیی و مەینەتەکانی گەلی باشوری کوردستانی قۆزتەوە بۆ ئەوی کە گوایە حوکمێکی کوردی دادەمەزرێنێ کە لە سایەییدا گەلەکە بحەسێتەوە و خەریکی گەیشتن بێت بە کاروانی شارستانی.
ئەم بژاردەیە هەر لە سەرەتاوە دامەزراندن لە ئیش و کاری کەرتی گشتی بەپلەی یەکەم و کەرتی تایبەتی بە پلەی دوومدا کردی بە بوارێک بۆ پێکەوەنانی مێگەلێکی زۆرتر و بەحیزبیکردنی کۆمەڵگا و حکومەت. لە پاڵ ئەمەشدا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی کردووە بە گۆڕەپانی مەشق و کارگەی هەڵهێنانی فەرخە درۆزن و درۆزن و فریودەر و بێباکان. ئەمانەیان لە لایەکەوە بۆ خڵافاندنی خەڵکەکە بە شتی لابەلا و بێبایەخ سەرقاڵ بکەن و بیانگەمژێنن، لەلایەکی دیکەوە خۆڵ بکەنە چاوی هەژاراندا ، بەوەی کە خەونی گەورە، بژێوی دابینکراو، زستانی گەرم و هاوینی فێنکیان پێبفرۆشن.
ئیدی بەرلەمان لە بری ئەوەی ببێتە سەکۆی داکۆکیکردن لە مافی مافخۆراوان، هاوسەنگکردنەوەی نادادپەروەری و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و نیمچەخۆشگوزەران بۆ خەڵكی، بووە بە شوێنی پێگەیاندنی توێژێکی نوێی کۆمەڵایەتیی تێرخۆر، گیرفان پڕ، خاوەن مووچە و خانەنشینی بەرز، کۆشک و تەلاری رازێندراو، پاشەرۆژێکی مسۆگەر بۆ خۆی و منداڵەکانی.
فەرمانڕەوا دەستڕۆیشتەکانی هەرێم، پەرلەمانتارەکانیان کردووە بە داکۆکیکار و پارێزەرانی دزی و تاڵانکردن و شکەستە سیاسی و ئابووری ودیپلۆماسیەکانیان. ئەگەر پێویستیش کرا دەیانکەن بە قەلغان بۆ خۆپاراستن لە تۆڕەیی خەڵکی بەشخۆراو.
ئێستا کاندیدەکانی ئەم فەرمانڕەوایانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیراق هاوشێوەی سەرکردەکانیان بەڵێنی ساختە بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، بەردی بناغەی پرۆژەی وەهمی دادەنێن، هیوای نەزۆک بۆ دامەرزاندن بە خەڵکی دەبەخشن، بەڵام دوای بردنەوەی هەڵبژاردن دەبنە کارمەندانی رێنماییەکانی حیزبەکانیان، ژمێریارەکانی داهاتەکانیان و پاسەوانانی بەرژەوەندیەکانیان. بۆیە کاتی ئەوەیان نامێنێت بە دوای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە بکەون کە بە خەڵکی رەش و ڕووتیان داوە. ئەوان پشتراستن بەوە کە خەڵکەکەش گەلێک زوو شتیان لە بیر دەچێتەوە، بۆیە ئەوەندە سەری خۆیان بە خەڵكەوە سەرقاڵ ناکەن ، جگە لە راسپاردەی سەرەوەیان نەبێت. ئەویش چۆن مێشکی خەڵکەکە تێک بدەن و گەوجە و گێژ و وێژیان بکەن.
ئیدی خەڵکینە! گوڵبژێری فەرمانڕەوایی هەرێمەکەتان ئەوها سەیرتان دەکەن!
ئێوە لای ئەوان تەنیا هێمایەکی ئەرێنین لەسەر کارتی دەنگدان و هیچیتر. تەنیا هەر چوار ساڵ جارێک پێویستیان بە دەنگی ئێوەیە و دواتر لە بیرتان دەکەن. بۆ گەیشتن بە ئامانجە گڵاوەکانیان هەوڵی لە خشتەبردنتان دەدەن، کە لەم بوارەدا وەستای بێ رکابەرن، ئەگەر بەم رێبازەیان بۆ بچێتە سەر هەر وەکو جارانی پێشوو کردوویانە، ئەوە هەرزانیان لە سەر دەکەوێت.
ئەگەر نا بە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ یان هەوڵی کڕینی دەنگەکانتان بە بڕە پارەیەکی کەم کە بە قێزەوترین رەفتار و کردەوە و سەوداومامەڵە لە قەڵەم دەدرێت هەم بۆ کڕیارەکە وهەمیش بۆ فرۆشیارەکە.
بۆیە دەبێ لە بیرتان نەچێت کە هەر ئەوانەن ئێوەیان برسی کردووە، بێڕیزیان بەرامبەر بە ئێوە کردووە، شکۆی ئێوەیان شکاندووە، ئیرادەیان لە ئێوە سەندووتەوە، بێئاو و کارەبا و نەوتیان کردوون. هەر ئەوانن دەوڵەمەنتر دەبن، ئێوەش هەژارتر، شوێنی حەوانەوەیان فراوانتر و خۆشترو دڵگیرتر دەبێت، کەچی هی ئێوە بچووکتر و تەسکتر و تاریکتر دەبێت، ئەوان شەوانی سووری کەیف و سەفا و بە هەڵدانی پێک و نۆش کات بەسەر دەبەن، ئێوەش لە نائارامی و دڵەڕاوکێدا بۆ پەیداکردنی نانی سبەی نوغرۆی دەریای غەم و خەمۆکی دەبن.
بەڵام بێهیوا مەبن، بێهیوابوون دەردێکی کوشندەیە و دەرفەتەکانتان لە دەست دەدات. وا پێدەچیت کە جارێکی دی بەخت رووی تێکردوون. ئەمجارە بەردی دامەکەتان سوارە، باش بەکاری بێنن، لێیان دەبەنەوە. بایەخی دەنگەکانتان بزانن و هەرزان فرۆش مەکەن، بیکەن بە چەکێک دژ بە ستەمکاران و لە جێگای گونجاودا بەکاریان بێنن. گوێ لە بەڵێنە نەزۆکەکانیان مەگرن، رۆژ رۆژی ئێوەیە و رێکەوتی ١٠ی مانگی ١٠ی ئەمساڵ شێلگیرانە و کاوە-ئاسا دەست و باسکی لێهەڵماڵن و تۆڵەی دەیان ساڵیان لێ بکەنەوە. وانەیەکیان پێبدەن کە تا ماون لە بیریان نەچێتەوە و ببێتە پەندێک بۆ هەموو ئەوانەی کە هێزو و بازووی خەڵكیان فرامۆش کردووە یان لە بیرخۆیان بردووتەوە.
ئەمەیە ئەو رۆژەی کە بە دەنگی خۆتان سزایان دەدەن و سەرکەوتنێکی گەورە و وەرچەرخانێکی مێژوویی تۆمار دەکەن.
بڕۆن بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆتان بەو نوێنەرانە بدەن کە باوەڕی بە راستگۆیی و بوێری و لێهاتووییان دەکەن.
دلێر ئاکرەیی