بەڵگەی ٢٩٩ : لەم بەڵگەیەدا فشاری سۆڤیەت بۆ سەر بارزانی، داخوازی مەلا مستەفا بارزانی و دەزگای ساواک لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بخوێنەوە.
بەڵگەی ٢٩٩
یاداشت لە سەرۆکی بەشی رۆژهەڵاتی نزیک و باشوری ئاسیا لە ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ( وولەر) بۆ یاریدەدەری وزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک و باشوی ئاسیا ( سیسکۆ ).
واشنتۆن، ٩ی مانگی ئازاری ١٩٧٢
بابەت:
نیازی سەرکردەی کورد بارزانی بۆ پەیوەندیکردن لە گەڵ حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ بەدەسهێنانی کۆمەک؛ خواستی هەواڵگیری ئێران بۆ دەربڕینی مەیلی حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ لابردنی رژێمی بەعس لە ئیراق.
١. سەرەتای مانگی ئازاری ١٩٧٢ سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی ئاژانسەکە لە راپۆرتەکەیدا راگەیاند کە مەلا مستەفا بارزانی سەرکردەی کوردانی ئیراق، لە ژێر گوشاری بەرچاوی یەکێتی سۆڤیەت دایە بۆ نزیکبوونەوە لە گەڵ رژێمی بەعس لە بەغدا. لە گەڵ ئەم هەوڵەشدا، یەکێتی شورەوی فشاربۆ پارتی بەعسی ئیراق و پارتی شیوعی ئیراقیش دێنێت تا ناکۆکەکانیان چارەسەر بکەن و پێکەوە کار بۆ حکومەتێکی بەرەی نیشتمانی بکەن. لە ئەنجامی ئەم فشارەدا، بارزانی وا بڕوا دەکات کە بزووتنەوەی کوردی ئیراق و نەتەوەی ئیراقیش لە ژێرمەترسیدان، چونکە ئەگەر یارمەتی لە دەرەوەی ئیراق وەرنەگرێت، ناچارە ملکەچی گوشارەکە بێت. سەرئەنجام، بارزانی جارێکی دیکە پلان دەکات کە نێردراوێكی خۆی بنێرێت بۆ ڕازیکردنی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە نیگەرانیەکەی و سەردانێکیشی بۆ ئەمریکا رێک بخات، بۆ ئەوەی بە خۆی بەرگری لە مەسەلەکەی خۆی بکات. بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ حیزبی بەعسی عێراقدا واژوو ناکات تا ئەو کاتەی هەڵوێستی ئەمەریکا سەبارەت بە دۆزەکەی سەر لەنوێ هەڵنەسەنگێنێت. (دوایین کۆبوونەوەی نێوان حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و نێردراوێکی بارزانی سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 1971 لە بەیروت کرا و بە بروسکەی نهێنی باڵوێزخانەی بەیروت ژمارەی ٩٦٨٩ رۆژی ٣ی تشرینی دووەمی 1971دا راگەیەندرا).
٢. لە 6 ی ئازاری 1972 گەورە بەرپرسێکی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ساواک پەیوەندی کرد بە [کەمتر لە یەک دێڕ بە نهێنی هێڵراوەتەوە] کە ساواک پێی وایە تا دێت عێراق زیاتر دەکەوێتە ژێر باڵادەستی سۆڤیەتەوە. بەرپرسەکەی ساواک باسی لە فشارهێنانی سۆڤیەت بۆ سەر بارزانی و پەیماننامەی سۆڤیەت و عێراقیشی کرد کە وا خەریکە پێك دێت. ئەو بەرپرسەی ساواک ڕاشیگەیاند کە ئەم هۆکارانە وریاکەرەوەن سەبارەت بەوەی کە شورەوی زیاتر خۆی بخزێنێتە نێو ئیراق و چ جۆرە ئاستەنگیەک بۆ ئێران و کەنداوی فارسی ڵێدەکەوێتەوە.
بەرپرسەکەی ساواک لە کۆتاییدا داوای دوایین هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد سەبارەت بە پرسی هەوڵدان بۆ جێگرتنەوەی حکومەتی بەعسی عێراق. هەروەها هیواشی خواست کە بزانێت ئایا ئەمریکا ئامادەیە هاوکاری دارایی و سەربازی بۆ ئەم هەوڵە پێشکەش بکات و هەروەها لە کۆکردنەوەی ئیراقیەکانی تاراوگەشدا یارمەتیدەر دەبێت تا کرۆکی( ناووکی) حکومەتێکی جیاخواز پێک بێنن کە لە سەرەتادا بارزانی داڵدەیان بدات.
نوێنەرەکەمان وەڵامی دایەوە کە بارەگا سەرەکیەکەی لە پرسینەکانی ساواک ئاگادار دەکاتەوە.
جۆن ئێچ وولەر
وەرگێڕ: دلێر ئاکرەیی
سەرچاوە:
https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1969-76ve04/d299