پەیوەندی مەلا مستەفا بارزانی لە گەڵ بالوێزی ئەمەریکا لە بەغدا.
وەoرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە بۆ كوردی:- دلێر ئاكرەیی
پەیوەندی مەلا مستەفا بارزانی لە گەڵ بالوێزی ئەمەریکا لە بەغدا.
پەیوەندیەکە رۆژی ١٨ی مانگی ئەیلولی ١٩٦٢ کراوە. بە واتایەکی دیکە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و یەک هەفتە بەسەر دەستپێکردنی شۆرشی ئەیلولدا. وردەکاری پەیوەندیەکە لەم بروسکەدا بخوێنەوە.
٤٩. بروسکە لە باڵوێزخانەکە لە ئیراق بۆ وەزارەتی دەرەوە
بەغداد، نیوەڕۆی ٢٠ی ئەیلولی ١٩٦٢
سەرکردەیەکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، ناسراوە کە بەرپرسی رێكخستنەكانی پارتیە لە بەغدا، لە سەر رێنمایی مەلا مستەفا بارزانی، رۆژی ١٨ی ئەیلول بە شەخسی پەیوەندی بە باڵوێزەوە کرد. کوردەکان داخوازیەکی بە هێزیان کرد کە ئەمەریکا پاڵپشتی بزووتنەوە شۆرشگێرییەکەیان بکات. وتیشی بزووتنەوەکە ئێستا پێویستی بە پارەیە ولەوانەیە دواتریش پیویستی بە چەک هەبێت. بانگەشەی ئەوەشی کرد کە زۆربەی شیوعیەکانی ناو پارتی دیمۆکراتی کوردستان لابراون و بەم نزیکانەش ئەوانەی ماونەتەوە وەلا دەنرێن.
لە بەرامبەر پشتیوانیەکەشدا مەلا مستەفا بەڵێن دەدات : ١/ پاکتاوکردنی هەر کەسێک کە بەلامانەوە گومان لێکراو بێت.
٢/ هاوکاریکردنی عەرەبە عێراقیە کۆنەپارێزەکان و ئەگەر بمانەوێت عیراقیش دەیگەڕێنەوە بۆ ناو پەیمانی( پاکتی) بەغدا.
٣/ یەکسەرزانیاری تەواو لە سەر پەرەسەندەنە ناوخۆییە سیاسی و سەربازییەکانی کوردستان یان ئیراقی عەرەبی-مان دەداتێ. بەرپرسەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بانگەشەی کرد کە زانیاریە هەواڵگیریەکانی کوردی ورد و بەرفراوانن. وتیشی کوردانی سوریا و ئێران و هەروەها هی ئیراقیش بەم خستنەرووە( پێشنیازە) پابەند دەبن.
کوردەکە وتیشی کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان پەیوەندی نزیک و دۆستانە لە گەڵ ئێرانیەکان لە بەغدا و تاران دەپارێزێ. ئێرانیەکان قەبوڵیان کردووە کە دەست لە دەروازە سنووریەکان وەر نادەن یان کۆمەکی کوردە ئێرانیەکان بۆشۆرش رایناگرن. مەلا مستەفا بەوە خۆشحاڵ بوو، بەڵام پاڵپشتی کەرەستە و پێداویستیە مادییەکانیشی دەوێت. کاربەدەستەکەی پارتی گوتی مەلا مستەفا وا بڕوا دەکات کە پێشنیاری لکاندنی کوردستان بە ئێرانەوە وەکو کۆمارێکی خودموختاری بۆ شاهـ سەرنجڕاکێشە.
هەروەها کوردەکان پەیوەندیەکی رێک و پێکی بەردەوامیان لەگەڵ کۆماری عەرەبی یەکگرتوو هەیە ( مەبەست لەو یەکگرتووە کورتخایەنەی نێوان میسرو سوریایە کە دواتریش یەمەنی باکوریش چووە باڵیان. وەرگێڕ) کە پەیوەندیەکی “دۆستانەیە بەڵام بێسوودە”. هەروەها هەمان پەیوەندیان لە گەڵ باڵوێزخانەی یەکێتی سۆڤیەتیش لە بەغدا هەیە. ئەو وتی کوردەکان نایانەوێت “هەموو پردەکان لە گەڵ رووسیا برۆخێنن” مەگەر دڵنیایی ئەوەیان هەبێت کە حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکان پاڵپشتی بزووتنەوەکەیان دەکات. ئەو گوتی کە باڵوێزخانەی سۆڤیەت مانگانە (١٠٠٠هەزار دیناری ئیراقی) رادەست کردووە بۆ هەوادارە کۆمونیستەکانی ناو پارتی دیمۆکراتی کوردستان، بەڵام پارەکە دەچێتە قاسەی پارتیەوە. مەلا مستەفاش ئەم بڕە پارە کەمە وەکو هاوکاریەک بۆ بزووتنەوەکە داینانێت.
کوردەکان داوای یارمەتیان لە کوێتیش کردووە، بەڵام کوێت رەتی کردەوە. باڵوێزخانەی بریتانیا لە بەغدا ئەمەی پشتڕاست کردەوە. وتیشی بریتانیا ئامۆژگاری کوێتی کردووە کە هیچ بڕە پارەیەک بە یاخیبووەکان نەدات.
ئیسرائیل هاوکاری بۆ کوردەکانی خستووتە روو لە ئەورۆپا، بەڵام رەت کراوەتەوە-نەک لە بەر ئەوەی کوردەکان دژی ئیسرائیلن، بەڵکو لە بەر ئەوەیە کە کوردەکان ترسیان لەوەیە کە ئیسرائیل بەمەبست ئەم زانیارییە ئاشکرا بکات و ” بزووتنەوەکە” ش لە سەرانسەری وڵاتانی عەرەبی زیانی پێبگات.
بەرپرسەکەی پارتی وتی مەلا مستەفا دەزانێت کە دوای رووخانی قاسم کە پێی وایە نزیکە، یەکێتی سۆڤیەت بە تاسەوە بە پارە و چەک هاوکاریان دەکات. کوردەکە وتیشی مەلا مستەفا هاوکاری لە گەڵ رۆژاوای پێی باشترە لەوەی کە هاوکاری لە گەڵ یەکێتی شورەوی بکات ” کە متمانەی پێ ناکات”.
هەرچۆنێک بێت ” هەموو کورد ناسیۆنالیستن” و دەبێت ئێستا ئۆتۆنۆمی بەدەست بهێنن یان ئامادە بن بۆ قڕبوونی ڕەگەزی. پێش ئەوەی کوردەکان ڕێگە بەوە بدەن، یارمەتی لە یەکێتی سۆڤیەت یان لە “ئەهەریمەن ( شەیتان ) خۆی” وەردەگرن.
بەرپرسەکەی پارتی بەڕوونی وتووە کە سیاسەتی حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرامبەر بە یاخیبوونی کورد نەگۆڕاوە. ئەگەرگۆرانکاری بەسەردا هات دەبێ پەیوەندی پێوە بکەن و دەشی پەیامەکە دەستبەجێ بۆ مەلا مەستەفا بنێردرێت.
وەرگێڕ: دلێر ئاکرەیی
https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1961-63v18/d49