بەڵگەنامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ژمارە ٢٦٧ دەربارەی سەردانی ئیدریس بارزانی بۆ تاران چەند ڕۆژێك پێش ڕێكەوتنی ١١ ئازاری ١٩٧٠
وەرگیڕانی لە ئینگلیزیەوە: دلێر ئاكرەیی
ئیدریس بارزانی هەفتەیەک پێش راگەیاندنی بەیاننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ لەلایەن سەرۆکی دەزگای ساڤاکی ئێرانیەوە بانگهێشتی تاران کرا و چاوی بە نوێنەرانی حکومەتی ئیسرائیلیش کەوت.
ئەم زانیاریانە لە بەڵگەنامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ژمارە ٢٦٧دا بخوێنەوە:
١. ئیدریس بارزانی کوڕی سەرکردەی کوردە یاخیبووەکان مەلا موستەفا بارزانی لە سەر داخوازی دەزگای ساڤاک بۆ تاوتوێکردنی ئاییندەی شۆرشی کوردی رۆژی ٤ی مانگی ئازار گەیشتە تاران. رۆژانی ٤ و ٥ی هەمان مانگ، بارزانی، سامی سنجاری و ئەنیر قاسمی لە گەڵ نوێنەرانی حکومەتی ئیسرائیل کۆبوونەوە.
ئیسرائیلەکان فشارێکی زۆریان هێنا بۆ دەستپێکردنەوەی دوشمنایەتی لە باکوری ئیراق و بەڵێنیان بە کوردەکان دا کە دژە فرۆکە و تۆپخانەی سووکیان بۆ دابین بکەن. ئیدریس بارزانیش داوای ماشینی زریپوشی و نەفەرهەڵگرە زریپۆشەکانی لێکردن. ئیسرائیلیەکان قەبوڵیان کرد کە ئەو جۆرە کەرەستانە بۆیان بنێرن. لە هەمان دانیشتندا ئیسرائیلیەکان داوایان کرد کە دەبێ مەلا مستەفا بارزانی هەوڵ بدات بەلانیکەم دەست بەسەر دوو تانکی ئیراقیدا بگرێت. لەبەرامبەریشدا بەڵێنیان دا کە وێرای کەرەستەکانیتر، ژمارەیەک تانک و تاقمی تانکەکانیشیان لە رێگای ئیرانەوە بۆیان بنێرن. ئیدریس بارزانی خواستی کە تاقمی تانکەکان کورد بن وراهێنانیان پێبکەن. ئیسرائیلیەکان دەستبەجێ ئەو داواکارییەیان پەسەند کرد.
٢. رۆژی ٦ی مانگی ئازار بارزانی چاوی بە جەنەڕال نەعمەتوللا ناسری بەرپرسی ساڤاک کەوت. ناسری باسی لە پلانەکانی ئێرانی کرد بۆ پێشکەشکردن کۆمەکی زیاتر بۆ مەلا موستەفا بارزانی. هەروەها نیگەرانی ئێرانیەکانیشی دەربڕی سەبارەت بە دانوسانی کوردان لە گەڵ رژێمی ئێراقدا. ناسری وتی: ئیران بە تەواوی پشتگیری لە پلانی ئیسرائیل دەکات سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە باکوری ئیراق و پێویستە ئیدریس بارزانیش بە دیقەت پێشنیارەکەی ئیسرائیلیەکان لەبەرچاو بگرێت.
وا بڕیار بوو ئیدریس بارزانی رۆژی ٧ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ جارێکی دیکە چاوی بە ناسری بکەوێتەوە تا گفتوگۆی زیاتر لە سەر پێشنیارەکەی ئیسرائیلیەکان بکەن.
٣.کۆمەکی دارایی ئیرانیەکان و ئیسرائیل بۆ بارزانی لە مانگی رابردوودا یەک ملیۆن و ٢٠٠هەزار دیناری ئیراقی بوو کە بەرامبەرە بە ( ٣ملیۆن و ٣٦٠هەزار دۆلاری ئەمەریکی) .
٤.دەقەکە بە نهێنی هێڵراوەتەوە….
وەرگێران لە ئینگلیزیەوە: دلێر ئاکرەیی
سەرچاوە:
https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1969-76ve04/d268%E2%80%8E