شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە
“ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی” لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا، چوارشەممە، ڕایگەیاند: شاندی “ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی” و خۆبەڕێوەبەری بە سەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد، لە مۆسکۆ لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا بە سەرۆکایەتی میخائیل بۆگدانۆڤ، بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتنە مۆسکۆ و کۆبونەوەیان ئەنجامدا
ئیلهام ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو کە کۆبوونەوەکە پۆزەتیف بوو و جەختیشی لەسەر چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا کردەوە بەپێی بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێویستی بەشداریکردنی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی لەپڕۆسەی سیاسیدا و گفتوگۆی لەسەر بەردەوامی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە سەر سەروەری وڵاتی سوریا.
ڕیاز درار سەرۆکی هاوبەشی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات هەفتەی ڕابوردو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ XEBER24 دووپاتی کردەوە کە “ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی” بەنیازە دوو سەردان بۆ مۆسکۆ و واشنتن ئەنجام بدات، بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر قەیرانی سوریا و بەشداری ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی لە پرۆسەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا بە ئامانجی گەیشتن بە چارەەسەریەکی گونجاو بۆ قەیرانی وڵات بەپێی بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان
کۆبوونەوەکە هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی نێردەی پۆتین و بایدن لە جنێڤ بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی سوریا و دوای کۆبوونەوەی پۆتین لەگەڵ بەشار ئەسەد داواکردن لە بەشار بۆ کاراکردنەوەی دیالۆگ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سوریا.