لوتكەی بەغداد و و ناكۆكی لە ناوچەكە

378
0
هاوبەشی :

 

نوسینی عادل عوسمان
ئەمڕۆ بڕیاربوو کاتژمێر ١٢ بەکاتی بەغداد کۆنگرەی لوتکەی ووڵاتانی دراوسێ و پەیوەنددار بە عێراق و ناوچەکەوە بەڕێوەبچێت. بەڵام تائێستا دواکەوتوە، کەئەویش پاساوی خۆی ھەیە. بەڵام لوتکەکە لەکاتێکدا دەبەسترێت کەباس لە کێشەکانی عێراق و ناوچەکەو پرسی تیرۆرو ئاوو ئابوری باسی لێوە دەکرێت. کەبۆخۆی جێگەی تێڕامان و سەرنجە، کە کۆمەڵێک ووڵات و لایەنی ناکۆک لەو کۆنگرەیەدا بەشدارن کە جگە لەتێکدانی دۆخی عێراق ھیچ ئەرکێکی تریان لەسەر شان نیە.
لایەکی تری غیابی بوونی پێکھاتە ئەسڵیەکانی گەلانی عیراقە لەو کۆنگرەی لوتکەیەدا. ئەوەی قسەی لێدەکرێت چارەنوسی عێراق و پێکھاتەکانی ناویەتی بەڵام خۆیان بەشداریان تێیدانیە! کەواتە لوتکە بەمردوویی دەبەسترێت!. لایەکی تر، ئەو دەوڵەتانەی بەشدارن لەو کۆنگرەیەدا لەدژی عێراق و بوونی ستاتیۆی سەربەخۆی عیراق لەگەمەیەکی قێزەوندان، کە سەرۆک وەزیرانەکەی عیراقیش نوێنەرایەتی دەستە تێکدەرەکانی دەرەوەی عێراق دەکات. سەرۆک وەزیران ھاوکارو پشتیوانی نائارامی عێراقە. بۆیە گەلانی عێراق پێویست بوو بەنوێنەرە فەرمیەکانی خۆیانەوە بەشداربوونایەت لەو کۆنگرەیەدا.
تێکشکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ھاتنە سەر حوکمی تاڵیبان ( کە پێکھاتەی بنچینەیی ئەفغانستانن، سەرەڕای تێڕوانینی جیاوازمان) ھاوکێشەی سیاسی و ھاوبەندیەکانی گۆڕی و ئەمجار سیستەمە دەوڵەتی و نێودەوڵەتیەکان، دەیانەوێت بۆ دەست بەسەرداگرتنی دۆخەکە فریای سیستەمەکەیان بکەون و لە گێژاوی ئاڵوگۆڕی ناوچەکەدا، تێکۆشانی شۆڕشگێڕی و دیموکراتیک پێش نەکەوێت. بۆیە ئەوەشی بەشداری کۆنگرەکە دەکات ھەریەکی لە ئاشی خەیاڵی خۆیدایەو ئامانجەکانیان جیاوازە.
ئەوەی گرنگە پێویستە ئەو چەمکە شۆڤێنیستە – فاشستیە پان عەرەبی، تورکی، ئێرانیە کاریگەری لە ڕەوتی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی ناوچەکە نەکات و گەلانی ناوچەکە لەڕێگەی تێکۆشانی دیموکراتیک سیاسیەوە ڕێگری لەنەخشە دەستێوەردەرە دەرەکیەکانەوە بگرێت.
سیستەمی مۆدێڕنیتە بۆخۆی لەگێژاوێکدایە کەدەرچوون لێی ئاسان نیەو ناتوانێت چارەسەری کێشەکانی ناوسیستەمەکەی بکات. ئەوەی ئەوسیستەمە دەتوانێت بیکات دروستکردنی کێشەو نانەوەی شەڕە لەنێوان دەوڵەتەکان، دەوڵەتەکان و گەلانی ناوی، پێکھاتەکانی ناودەوڵەتەکان و ھاوکاری کردنی باندە ھێزدارو ناکۆکەکانی ناوپرۆسەی شەڕو پێکدادان.
بۆیە بۆ گەلان پێویستە لەبەرەی ھێڵی تێکۆشانی دیموکراتیکداخۆیان بەڕێکخستن بکەن و ببنە ھێزی وەڵام بەسیستەمی داگیرکاری – باڵادەست و دەست تێوەردەر. زامنی ئاشتی و ڕێگری لە شەرو پێکدادان، دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە، پێکھاتەکان، گەلان و ھێزە سیاسیەکانە. لەدەرەوەی دیموکراتیزەکردن دەوڵەتەکان جگەلە کوشتارو شەڕ ھیچی تریان پێنیە. پێکەوە کارکردنی دەوڵەتەکان مانای درێژەدان بەکۆشتار، پێکدادان و ھەژاری.  ھێزی کۆمەڵگە بەشی ئەوە دەکات توندووتیژی دەوڵەتەکان ڕاگرێت  ئەزمونی شەنگاڵ، ڕۆژئاوا نیشانی داوین کە؛ ئەگەر گەلان خاوەنی ڕێکخستن و ھێزی پاراستنی خۆیان بن، دەتوانن گەورەترین زلھێز بێ کاریگەر بکەن
ئەوەی دەوڵەتە دراوسێکانی عێراق لەشکستی ئەمریکا چاوەڕوانینی و دەیانەوێت بیکەن! لێدانە لە نەتەوەی کوردو تێکۆشانە ئازادەکەی. بۆیە گرنگە گەلانی دەوڵەتانی سەردەستی کوردستان دیموکراتیزەببن و لەدەوری چارەسەری کێشەکان لەسەر بنچینەی پێکەوەژیان کۆببنەوە. ڕێگری بەو پێکەوەبونەی گەلانی دیموکراتیک سەردەکەوێت. فەرەنسیەکان لەگەمەی ناوچەکەدا مێژوویەکی خراپیان ھەیە بۆئەوەی وەڵامی ئەرێنی ئەو مێژووە خراپە بدەنەوە، پێوستە دان بەسیستەمی خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵدا بنێت.
عێراق خاوەنی پێگەیەکی گرنگە لە سەرچاوە سروشتیەکانی نەوت و غازدا، بۆیە ئەوروپاوھفەرەنسیەکان بەپێگەی گرنگی ووزەی عێراقی دەزانن و نایانەوێت، ئەوسەرچاوەیە بەتایبەت غاز، بکەوێتە دەستی تورکەکان و لەوێشەوە بۆ ڕوسەکان و بەوە ببێتە چەکێکی کاریگەر بۆ گەمارۆ دانی ئەوروپا لەلایەن رووسەکان و تورکەکانەوە. بۆیە ھاوکێشەی ناوچەکە لەناکۆکیەکی گەورەدا بەڕێوەدەچێت و کاریگەری لەسەر ھێزە کوردیەکانی باشوری کوردستانیش ھەیە!.
میری قەتەر ( کە خۆی گەورەترین ھاوکاری تیرۆریستەکانە) باس لە سەروەری عیراق بوونی چەک دەکات لەدەستی دەوڵەتتدا. بەڵام ئایا لە عێراقدا دەوڵەتێک ھەیە؟ تا خاوەنی سوپایەک کە سەروەری نیشتیمانی! عێراق بپارێژێت بەرامبەر دەستێوەردەران. دەست تێوەردەران کێن؟ قەتەرن، تورکیان، ئێرانن، فەرەنسیەکانن، دەوڵەتانی دراوسێ و زلھێزەکانن. کاتێک عێراق توانی عێراقی بێت، ئەوکات دەتوانێت حکومەت، ووڵات و نیشتیمانێکی دیموکراتیک بێت و خاوەنی ھێزی پاراستنی خۆو سوپای نیشتیمانی بێت، کە سەروەری نیشتیمانەکەی و ھاوڵاتیەکانی بەرامبەر داگیرکەرو دەستێوەردەران بپارێزێت.
ترس لە چەک لەدەستی خەڵک و کۆمەڵگە ڕێکخستوەکاندا، ترسە لەسەرنەگرتنی نەخشە و پڕۆژە تێکدەرو کوژەرەکان بۆسەر پێکھاتە ناوخۆیی و ئاینییە جیاوازەکانی ناوچەکە. وەک کورد و لەشەڕی داعشیشدا بینیمان چۆن ق کوشتاری ئێزدیەکان و گەلانی ناوچەکەو کوشتاری سپایکەر کرا.
بۆیە ھێزی پاراستنی خۆجێی و جەوھەری زامنی پاراستنی کۆمەڵگەو پێکھاتەکان و نەرم کردن و ڕێکخستنی سوپای نیشتیمانیشە.
تورکیا کە لەھەر کۆنگرەو شوێنێکدا بەشوێن ئامانجی لەناوبردنی کوردان و ژیانەوەی عوسمانیەتی نوێوەیە و ترس و دوژمنایەتی خۆی لەکوردان ناشارێتەوە. بۆیە دەیەوێت عێراق وەک گۆڕەپانێک بۆ لێدانی کوردان بەکاربێنێت. عێراق کاتێک بەپێگە مێژووییە کاریلەرەکەی دەگاتەوە کە کێشەکانی ناوخۆی لەڕێگەی چارەسەری کێشەکانیەوە لەگەڵ گەلانی ناو چوارچێۆەی عێراقێکی دیموکراتیکدا بەڕێوەببات. عیراق دەبێت دور لەدەستێوەردانی دەرەکی دان بەکوردان، تورکمان، ھەرێمی کوردستان، خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵ، سوننەو شیعەو کاکەیی و فەیلی و سابیئەدا بنێت و بیانناسێت. عێراقێکی بەھێز کە بتوانێت لە سیاسەتی ناوچەیی و جیھانیدا پێگەی ھەبێت، بەعیڕاقێکی دیموکرات و خاوەن پێکەوەیی ڕەزامەند دەبێت و بەوە دەبێتە ھێزی چارەسەری کێشەکانی ناوچەکەو پێشەنگی خۆیشی بەدەست دێنێتەوەو دەستێوەردانی تورکێاو بونی بەگۆڕەپانی شەڕی تورگان بەرامبەر بەکوردان ڕادەگرێت و دەتوانێت ببێتە لایەنێکی دەستپێشخەرێش بۆ چارەسەری کێشەی کورد لەتورکیاو ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان تێدا دەست بەسەرو داگیرکڕاوە.
هاوبەشی :