دەسەڵاتدارانی کورد هەرگیز داواتان لێناکەم لێمخۆش بن، چونکە من لێتان خۆش نابم.

606
0
هاوبەشی :

هەرگیز داوای لێبوردنتان لێناکەم؟

دەسەڵاتدارانی کورد هەرگیز داواتان لێناکەم لێمخۆش بن، چونکە من لێتان خۆش نابم.

هەرگیز داوای لێبوردنتان لێناکەم، چونکە لێتان ناپاڕێمەوە.

هەرگیز داوای پاداشتان لێناکەم، چونکە نامەوێ پارەی دزراو بچێتە ناخمەوە.

چاوەڕوانی لێبووردەیی لە ئێوە ناکەم، چونکە دەزانم دڵڕەق و چاوچڵێس و نامەردن.

لێیخۆڕن! ئەی کە نازانن مەودای لێخۆڕینی ستەمکاران ئەوەندەی زەبری زەند و بازووی هەژاران بڕ ناکات.

لێیخۆڕن! تا بێهۆش و سەرخۆشن، بێفکر و هۆش و مەستن.

لێیخۆڕن! تا ئەو کاتەی چەوساوەکان رادەپەڕن نەک هەڵدەپەڕن.

لێیخۆڕن! تا نۆرەی دادگای گەل دێت کە بەر لە رۆژی مەحشەر دادگایی و سزاتان دەدات.

هەرگیز وەکو بەعسیەکان پێتان ناڵێم بگەڕێنەوە باوەشی نیشتمان، چونکە دەزانم نیشتمانەکەم رۆڵەی زۆڵ لە باوەش ناگرێت.

بەزەیی بە کەس مەکەن، چونکە  دەزانم لێتان ناوەشێتەوە میهرەبان و جوامێر و پەخشندە بن.

هەرگیز داوای پەشیمانەوەتان لێناکەم، چونکە دەزانم بازارتان گەرمە، زەمینەکانتان جمەی دێت لە پارە، هیچتان لێ کەم نیە لە سەفەر وبەزم و رەزم و کەیف و سەفا، تا ئەو ساتەی بەر گوێتان دەکەوێت زایەڵەی راپەڕیوان.

تا پێتان دەکرێت هەژاران برسیتر بکەن، منداڵەکان بێ باوک و ژنانیش بێوەژن بکەن، بەڵام لە بیرتان نەچێت کە تۆڵە بەسەبرە ئەمان بە زەبرە...

دلێر ئاکرەیی

هاوبەشی :