جانەوەرە بێ باوەنەكان

564
0
هاوبەشی :

 

نوسینی: ژیلوان

به‌مناڵی فێریان كردبووم نه‌نكم به‌ دایه‌خان بانگ بكه‌م.
دایه‌خان حیكایه‌تی زۆری لابوو، قه‌ت هه‌گبه‌كه‌ی خاڵی نه‌بوو له‌ باسی سه‌یروسه‌مه‌ره‌. هه‌ركه‌ ده‌ستی ئه‌كرد به‌ گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تێك ئه‌یوت ( هه‌سته‌ قه‌ڵه‌م و كاغه‌تێ بێنه‌ سه‌رگوزشته‌كه‌م بنووسه‌وه‌ با نه‌فه‌وتێ)
منیش چوارمشقی به‌رامبه‌ری دائه‌نیشتم به‌ڵام خوا ئاگاداره‌ له‌سه‌د كه‌لیمه‌ی دووانیانم نه‌ئه‌نووسی، وا ڕۆئه‌چومه‌ باسه‌كه‌وه‌ بیری كاغه‌زوقه‌ڵه‌مه‌كه‌م نه‌ئه‌ما.
جاكه‌زۆر قوڵ ئه‌بوومه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حیكایه‌ته‌كه‌یا، ده‌مم دائه‌چه‌قی و لیك قولانجێك ئه‌هاته‌ خواره‌وه‌ به‌ شه‌ویلاگما، دایه‌خانیش ئه‌یوت (ئا ده‌مت داخه‌، ده‌مت ئه‌ڵێی گاوه‌خانه‌) . منیش تۆزێك ئه‌هاتمه‌وه‌ هۆش خۆم و ئه‌وه‌ی به‌نسیب بوایه‌ له‌ لیكه‌ شۆڕه‌كه‌م به‌ لوشكه‌یه‌ك هه‌ڵمئه‌كێشایه‌وه‌.
جا سه‌رتان نه‌یه‌شێنم جارێكیان حیكایه‌تێكی بۆ گێڕامه‌وه‌، له‌جێگه‌ی خۆم خه‌ریكبوو خۆم پیس ئه‌كرد، باسی مه‌مله‌كه‌تێكی ئه‌كرد په‌نام به‌خوا له‌خه‌ویشدا بمبینیایه‌ كونگه‌یه‌ك میزم ئه‌كرده‌ ژێر خۆم.
وتی -ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ هه‌تا خوا حه‌زكات ئاو و به‌راوی زۆری هه‌بووه‌، مه‌ڕوماڵات و په‌له‌وه‌ریش له‌ خێری خوا به‌ده‌رنه‌بێت به‌شی حه‌وت پشتیانی كردووه‌. جا ئۆمه‌ته‌كانی ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ بۆ پاسی حاسڵات و حه‌ڵاڵیان چه‌ند گه‌ماڵ و دێڵه‌ سه‌گێكیان ڕاگرتبوو، هه‌ر كه‌مانگ له‌كه‌ل ئه‌هاته‌ده‌ر حه‌په‌یان ئه‌هات هه‌تا شه‌و نیوه‌ شه‌و، ئه‌مه‌یان گه‌ماڵه‌ پیر و ئه‌ویان گه‌ماڵه‌ بۆر و خرته‌ دێڵه‌ و له‌وسه‌ری مه‌مله‌كه‌تیشه‌وه‌ سه‌ره‌ سووره‌ و له‌خوارتریش شێره‌ و بزه‌ و … ئیتر چوزانم ، تۆ ناو بڵێ و ئه‌وه‌شیان هه‌بوو.
مه‌مله‌كه‌ت ساڵانێكی زۆر وه‌ها گوزه‌رانیان ئه‌كرد، ساڵ به‌ عه‌یامێك هاته‌ پێش ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ وه‌ختان گه‌له‌ كه‌متیارێك له‌ گه‌رمه‌سێره‌وه‌ به‌ره‌وژوور له‌ ئاوایی نزیك بوونه‌وه‌، وه‌ڕه‌ی سه‌گی ئاوایی گه‌له‌ كه‌متیار ئه‌خاته‌ دڵه‌ڕاوكێ، پاش تۆزێك سڵه‌مینه‌وه‌ ، باشه‌ چیبكه‌ن و چۆن بگه‌نه‌ ناو ئاوایی؟
دایه‌خان ڕاوه‌سته‌یه‌كی بۆكرد و تۆزێك ده‌مولچه‌كه‌ی بۆهێنا به‌یه‌كدا، له‌گه‌ڵ پڵته‌پڵتی ده‌موپله‌ بێدانه‌كه‌ی هه‌موو جارێك لووتی خه‌ریكبوو ئه‌یدا له‌ چه‌ناگه‌ی. وه‌مزانی پرسیار له‌من ئه‌كا گه‌له‌ كه‌متیار چیكردووه‌.
وتم -چوزانم خۆمن كه‌متیارنیم، لیكنم ئا به‌ڵام خۆ هه‌موو لیكنێك كه‌متیار نییه‌.
وتی -دایه‌خان له‌ده‌وری سه‌رت گه‌ڕی ئه‌وه‌ش نه‌خشی خوایه‌ گوێشی مه‌یه‌رێ، جا بابۆت ته‌واوكه‌م چی ئه‌گوزه‌را. گه‌له‌ كه‌متیار ئه‌وه‌نه‌ به‌مه‌كر و حه‌لابوون شه‌وانه‌ حه‌یوانێكی ده‌شته‌كیان ئه‌كوشت و له‌سه‌ر ڕێگه بۆ گه‌له‌ سه‌گی ئاواییان جێئه‌هێڵا، تا له‌وسیان چه‌شه‌ بكه‌ن و بۆنه‌ خوێنیان فێركه‌ن، جا ئه‌وكات ورده‌ ورده‌ شه‌وانه‌ نزیك بكه‌ونه‌وه‌ و ئاودیوی مه‌مله‌كه‌تبن، ئه‌وكاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌گه‌لی ئاوایی بكه‌ونه‌ كوشتاری بێمنه‌ت. هه‌رواش كه‌وته‌وه‌، له‌ یاڵه‌كانی سه‌روی مه‌مله‌كه‌تیشه‌وه‌ گورگ و سه‌گه‌ كێوی به‌مه‌سه‌له‌ی كه‌متیاره‌كانیان زانی و ئه‌وانیش به‌كوشتارێكی شه‌وانه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌ره‌وخوار ده‌هاتن و به‌ره‌وخوارتر. نه‌خێر هه‌رچی ڕێوی و چه‌قه‌ڵی ئه‌و ده‌شت و ده‌رانه‌ی خۆرهه‌ڵاتیش بوو، هه‌مان شتیان ئه‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان له‌ مشك و جرجه‌ تۆپی و بۆق زیاتر ده‌ست و دیاریان نه‌بوو، به‌ڵام گه‌له‌ سه‌گی ئاوایی مه‌مله‌كه‌ت وه‌ها فێره‌ بۆگه‌ن خۆری هاتبوون هه‌رچیان بۆ دابنرایه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌، له‌هه‌رچوارلاوه‌ وه‌ك هه‌باشه‌ ئه‌یانپێچایه‌وه‌ و قوتیان ئه‌یا.
جا ڕوحی دایه‌خان به‌ساقه‌ی سه‌رتبێت، گه‌له‌سه‌گ هه‌رئه‌وه‌نده‌ فێره‌ گۆشت بوون و خوێنه‌ مه‌یویان بۆنكرد، هه‌رچی خه‌رسه‌كه‌ هه‌ویر و نانه‌ ڕه‌قه‌یه‌ كه‌ ئه‌هلی مه‌مله‌كه‌ت بۆیان دائه‌نان، ڕۆژانه‌ له‌ حه‌ساریاندا هه‌روه‌ك خۆی ئه‌مایه‌وه‌ و بگره‌ ته‌بیعه‌تیشیان تێك ئه‌چوو كه‌ سه‌یریان ئه‌كرد. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ی شه‌وانه‌ له‌ماڵێكی ئاواییه‌وه‌ هاواروزه‌نا به‌رز ئه‌بووه‌وه‌ بۆ په‌له‌وه‌ر یان ماڵات فڕاندن، حاڵ گه‌یشت به‌وه‌ی هه‌رگه‌ماڵه‌ی له‌ده‌روازه‌یه‌كی مه‌مله‌كه‌ته‌وه‌ شه‌وانه‌ پاسی ئه‌كرد، تا جه‌ماعه‌ت ئه‌هاتن و ئه‌كه‌وته‌ پێشیان بۆ نزیكترین گه‌وه‌ڕ، نه‌خێر واڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌متیار و گورگ و چه‌قه‌ڵ و ڕێوی و هه‌رچی توخمه‌ سه‌گ هه‌یه‌ له‌و مه‌مله‌كه‌تانه‌ی ده‌وروبه‌ر، كار گه‌یشته‌ لێپه‌ڕین و وه‌چه‌ خستنه‌وه‌، ئه‌مله‌و و ئه‌و له‌م، وایلێهات نه‌عوزوبیلا، نه‌سه‌گ له‌ سه‌گ ئه‌چوو نه‌ توخمه‌ سه‌گیش له‌ توخمی خۆی، مه‌مله‌كه‌ت پڕبوو له‌ تێكه‌ڵه‌ی كه‌متیار له‌سه‌گ و سه‌گ له‌ گورگ و … گۆڵمزێك قه‌ومابوو هیچیان له‌باوانی خۆیان نه‌ئه‌كرد.
دایه‌ خان ئه‌وه‌نه‌ وشه‌ی توخمه‌سه‌گی دووباره‌ كرده‌وه‌، خه‌ریكبوو ده‌هری ئه‌بووم، خۆم پێنه‌گیرا هه‌روا حه‌پۆل و گێژ دابنیشم.
وتم -دایه‌خان توخمه‌سه‌گ یه‌عنی چی؟
وتی -نازانم ئه‌م گه‌لحۆییه‌ت چۆته‌وه‌ سه‌ركێ؟ هه‌روه‌ك چۆن تۆ ئاوا دایم و ده‌رهه‌م وڕوكاسیت و له‌ داپیره‌ت ناچی، هه‌ر ئاواش توخمه‌سه‌گ له‌ سه‌گی باوانی ناچێت.
له‌ خه‌یاڵی خۆمدا وتم (ئاخۆ دایه‌خان خۆی به‌چی بێته‌ به‌رچاو! له‌وانه‌یه‌ وابزانێ ڤالانتینا تریشكۆڤایه‌) به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌نده‌م بۆ هه‌ڵكڕێنرا له‌ قسه‌كه‌ی، كه‌وه‌چه‌ له‌باوان نه‌چێت و ئه‌و وشه‌ی توخمه‌ش تێكه‌ڵه‌یه‌كی قاچاغ بێت، خوا پێمنه‌گرێ.
دایه‌خان پڕمه‌یه‌كی كرد به‌ناو له‌چكه‌كه‌ی به‌لاكه‌زییه‌كانیا هاتبوونه‌ خواره‌وه‌، یه‌كسه‌ر هه‌ستم كرد كه‌به‌ریدایه‌وه‌ به‌سه‌رشانیا، قورستربوو له‌وه‌ی هه‌ر له‌چكه‌ وشك و برینگه‌كه‌ی تۆزێك له‌مه‌وپێش بێت.
جا وتی- توخمه‌ سه‌گی واسه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی تیاهه‌ڵكه‌وتبوو مه‌مله‌كه‌ت، سه‌رت له‌كاری خوا ئه‌سوڕما، یه‌كیان به‌سه‌ر و گوێته‌ڵاكی ئه‌ووت كیسه‌ڵه‌ و له‌شولاریشی توخمه‌سه‌گ بوو، تیایاندا هه‌بوو هه‌رده‌م به‌دوای ئه‌وه‌ی پێش خۆیه‌وه‌بوو، به‌زمان پاشه‌ڵی بۆ ئه‌لێسایه‌وه‌ و كه‌یفیشی پێئه‌هات، یه‌كێكیان تیاهه‌ڵكه‌وتبوو ڕیشه‌كه‌ی ئه‌توت سابرێنه‌ كه‌چی سه‌گ كوڕی سه‌گ بوو، خۆ ئه‌وه‌ له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ یه‌كێكیان به‌گژ پیسایی خۆشیا ئه‌چوه‌وه‌، هه‌ر هیچی ده‌ستنه‌كه‌وتایه‌ بیگه‌زێ، قه‌پی له‌ كلكی خۆی ئه‌یا. جا ڕۆڵه‌ چیت بۆ باسبكه‌م! ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ وێرانه‌یه‌كی لێبه‌سه‌رهات، نه‌ك هه‌رماڵات و په‌له‌وه‌ر، گژوگیا و زه‌رعاتیشیان ئه‌ڕنی و وێرانیان ئه‌كرد، ئاڵۆشێكیش كه‌وتبووه‌ گیانیان، هه‌ریه‌كه‌یان له‌ جێگه‌یه‌كی له‌شیانی دابوو، یه‌كیان له‌عه‌وره‌تو بنهه‌نگڵ، ئه‌ویتریان له‌ پاشه‌ڵوكه‌فه‌ڵی دابوو… به‌و ڕۆژگاره‌ كه‌وتبوونه‌ گیانی یه‌كتر و یه‌كتریان ئه‌خوران، جارهه‌بوو ئه‌وه‌نده‌ به‌تامه‌زرۆ یه‌كیان ئه‌ڕنی تاخوێنیان له‌جه‌سته‌ی یه‌كتر ئه‌هێنا، ئه‌وجا به‌ده‌سته‌ و به‌تاك یان به‌كۆمه‌ڵ ئه‌یاندابه‌یه‌كدا، ئه‌بووه‌ هه‌رایه‌ك توخمه‌ سه‌گێك نه‌بوو ساحێبی خۆی بناسێته‌وه‌.
دایه‌خان ده‌ستێكی هێنا به‌ لالغاوه‌یا، كه‌فی په‌نماوی لا لێوی به‌دامێنی كراسه‌كه‌یاسوو. خوا ڕه‌حمی كرد زوو سه‌رم داخست و خۆم به‌ ده‌فته‌ره‌كه‌وه‌ خه‌ریككرد، ئه‌گینا خه‌ریكبوو به‌ قوڵپێك ڕشانه‌وه‌ سه‌رتاپای سواغبه‌م.
وتی جا نوری چاوم چیت بۆ باسكه‌م!
هه‌ر كه‌ گوێم له‌ وشه‌ی نوری چاوانه‌كه‌ی دایه‌خان بوو، مێشكم جامبوو، به‌خۆم وت (باشه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ڵێی بزنه‌كه‌ی هه‌یاسی خاسی له‌به‌رده‌ستایه‌! ده‌مێك به‌قوربان و به‌ساقه‌م ئه‌بێت و ده‌مێكیش هه‌رچی ناووناتۆره‌یه‌ به‌سه‌رمیا ئه‌هێنێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ كه‌ی مه‌وزوعه‌ سه‌ری خۆمی پێوه‌ بیه‌شێنم؟ با بچمه‌وه‌ ناوباسه‌كه‌)
گوێم بۆ ڕاگرته‌وه وتی -هه‌مووی له‌لایه‌ك و ده‌نگیشیان له‌لایه‌ك، نه‌ وه‌ڕینبوو نه‌ لووره‌، نه‌ قورسكه‌بوو نه‌ حه‌په‌…. ئه‌وه‌نه‌ ناساز بوو ده‌نگیان سه‌ر نه‌بوو كاسی نه‌كه‌ن، خۆشیان له‌ ده‌نگی یه‌كتر وه‌ڕس ده‌بوون و به‌گژ یه‌كدا ئه‌چوونه‌وه‌، مه‌مله‌كه‌ت وا وێرانبوو به‌سه‌ریه‌كدا، نه‌ماڵات مایه‌وه‌ نه‌ حاسڵات، ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه‌ی ئاویشیان پڕكردبوو له‌ گه‌نه‌ و گه‌ڕی، ئه‌ونده‌ خۆیان له‌سه‌رچاوه‌كان وه‌ردابوو له‌ سه‌ره‌ مێكوته‌ و زه‌روو زیاتر، ڕوح له‌به‌رێك له‌ ئاوه‌كانیاندا نه‌مابۆوه‌، هه‌رچی په‌له‌وه‌ر و باڵنده‌كانیش كه‌ له‌ به‌ڵایان به‌دوور مابوونه‌وه‌، ڕۆژانه‌ ئه‌یاندایه‌ شه‌قه‌ی باڵ و پۆل پۆل مه‌مله‌كه‌تیان جێئه‌هێشت، ئه‌و خوایه‌ش تا كێو نه‌بینێ به‌فری لێنابارێنێ، مه‌مله‌كه‌ت بوو به‌ ده‌شتی كاكی به‌ كاكی، هه‌وره‌كانیشی لێی تۆران، بارانێكی ڕه‌حمه‌تیش نه‌ئه‌باری تیایدا، تا شتێك له‌ گڵاوی توخمه‌ سه‌گه‌كان بشواته‌وه‌، ئنجا هه‌ر ئاوا منیش به‌ده‌ستی به‌تاڵ هاتمه‌وه‌ و هیچیشیان نه‌یامێ.
واقموڕمابوو… وتم -بۆ دایه‌خان تۆ خه‌ڵكی ئه‌وێ بوویت پێش ئه‌وه‌ی شووبكه‌یت؟
دایه‌خان ده‌ستێكی گێڕا به‌پشت خۆیا، یه‌كێك له‌ سه‌نده‌ڵه‌كانی هات به‌ده‌سته‌وه‌. هه‌تا خوا هه‌ره‌كه‌تی یابوویه‌ له‌قه‌په‌رغه‌می سره‌وان. وتی -لاچۆ له‌به‌رچاوم كه‌للله‌ سه‌گ، بڕۆ به‌لای ده‌رس و ده‌وره‌كه‌ته‌وه‌ له‌وه‌لاترچیت.
منیش هه‌روامكرد… هه‌ڵسام و نه‌ك له‌وه‌لاتره‌، هه‌زار ئه‌وه‌نده‌ له‌وه‌لاترچووم.

ژیلوان له‌نده‌ن ١٩-٠٨-٢٠٢١

هاوبەشی :