ئەدی کوانێ گۆڕی پێشمەرگەی وون؟

687
0
هاوبەشی :

 

نوسینی:- دلێر ئاکرەیی

نازانم بۆ کام پێشمەرگە شیعر و پەخشان بنووسم، یان سروود و حەیران بۆی بچڕم، لە سەر چ تابلۆیەک وێنەکەی بنەخشێنم، چ دیوارێکی پێ بڕازێنم، یان پەیکەر و گۆڕی سەربازی وون بۆی دروست بکەم.

بۆ ئەو پێشمەرگەیەی کە شاعیری ناوداری کورد عەبدوللا پەشێو لە پارچە شیعرەکەیدا بە ناوی سەربازی ون باسی لێوە دەکات کاتێ وەفدێک بێتە کوردستان و پێی دەڵێ :

لەسەر هەر بستە زەمینێ

لـەژێر هەر گـەزە ئاسمانێ

مەترسە کەمێک سەر داخە و تاجە گوڵینەکەت دانێ

یان بۆ ئەو پێشمەرگەیەی کە بەناو پێشمەرگەیە و تەخت و عەرشی  دەسەڵاتدارە چەوسێنەرەکان دەپارێزێ، پاسەوانی  کۆشک و تەلارەکانی ستەمکارانە ، یان زێرەڤانی  باغ و باخچەی بەرپرسە گەندەڵ و داوێن پیسەکانە، یاخود ئەوەی کە ئەمڕۆ جەندرمەکانی تورک و پاسدارانی ئێرانی دەپارێزێ و چاوساغیان بۆ دەکات، یان ئەوەی

ئازادیخوازان قوڵبەست دەکات ودەیانخاتە کونجی زیندانەوە و  تێکۆشەران تیرۆر و شەهیدیان دەکات، یان بۆ پێشمەرگەیەک کە بووەتە کۆیلەی مووچەیەکی شڕو وڕ و بێسەروبەر و ئاواتی پیرۆزی ئەو پێشمەرگەیەشی لەبار بردووە  کە بەدەیان ساڵ و بە بێ بەرامبەر ئامادە بووە گیانی خۆی لە پێناو بیروبڕواییەکەیدا بەخت بکات .

چ جۆرە سەردەمێکە کە بە سەر ئێمەدا تێدەپەڕێ! چ نەفرەتێکە بەسەرماندا دەبارێت! چ چارەڕەشییەکە بەرۆکی پێگرتووین ! چ بەدبەختیێکە کە سیمبۆڵی دوێنێمان ببێتە مۆتەکەی ئەمڕۆمان! رزگارکەری رابردوومان ببێتە چەوسێنەر و ستەمکار و کەوای سووری پێش لەشکری دوژمن!.

میللەتان بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی رەمزەکانیان یاد و یادەوەرییان بە شێوەی جیاجیا لە  بەرهەمە هۆنەری و ئەدەبیەکاندا دەپارێزن، لە کتێبە مێژووییەکاندا باس و خاسیان دەگێڕنەوە و لە فێرگەکانیاندا نەوە نوێیەکان پێ جۆش و هان دەدەن، وانەیان لێر فێر دەبن و پەندیان لێوەردەگرن و پەسنیان دەدەن..

بریا دەسەڵاتدارانی کورد تام و چێژ و مێلۆدی و وشە جوان و کارتێکەرەکانی هۆنراوەی عەبدوللا پەشێوی شاعیریان نەشێواند بوایە!

بەڵام دەزانم لەبەرچی تابلۆوە قەشەنگ و رەنگین و دڵگر و واتادارەی پەشێویان تێک و پێک داوە، چونکە کەسانی لاواز و چاوچنۆک ئامادەن لە پێناو سەروەت و سامان و دەسەڵاتدا هەموو شتە جوانەکان بشوێنن.

هاوبەشی :